تایبه‌ت: نوچه‌نیت
په‌رله‌مانتارێكی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له په‌رله‌مانی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، پێشنیاره‌كانی یه‌كێتی بۆ گۆڕانكاری له سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان پێشنیاری ساڵانی رابردووی پارتییه. ده‌شڵێت “یه‌كێتی له دابه‌زینی ده‌نگه‌كانی ده‌ترسێت”.
یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له دواین كۆبوونه‌وه‌ی خۆی له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، چه‌ند پێشنیارێكی بۆ بزووتنه‌وه‌كه كردووه بۆ كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان، له نێوانیاندا گۆڕینی سه‌رۆكی په‌رله‌مان، یان سه‌رۆكایه‌تیكردنی په‌رله‌مان له‌لایه‌ن به‌ته‌مه‌نترین په‌رله‌مانتاره‌وه و چه‌ند پێشنیارێكی تر، به پێی زانیارییه رۆژنامه‌وانییه‌كان گۆڕان پێشنیاره‌كانی یه‌كێتی ره‌تكردووه‌ته‌وه.
له لێدوانێكی تایبه‌ت به نوچه‌نێت، قاره‌مان قادر، په‌رله‌مانتاری بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له په‌رله‌مانی كوردستان، سه‌باره‌ت به پێشنیاره‌كانی یه‌كێتی بۆ گۆڕانكاری له سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند: به داخه‌وه یه‌كێتی به فه‌رمی داوای گۆڕانكاری له سه‌رۆكی په‌رله‌مانی له گۆڕان كردووه، كه ئه‌مه دژی ناوه‌ڕۆكی رێككه‌وتنه سیاسییه‌كه‌ی نێوانمانه، چونكه به پێی رێككه‌وتنه سیاسییه‌كه، یه‌كێك له خاڵه‌كانی كاراكردنه‌وه‌ی بێ مه‌رجی په‌رله‌مانه، به‌ڵام ئێستا یه‌كێتی مه‌رجی گۆڕینی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی بۆ زیادكردووه.
سه‌باره‌ت به ئه‌گه‌ری كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان به زۆرینه به‌بێ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ناوبراو ده‌ڵێت، ئه‌گه‌ر زۆرینه په‌یدابكه‌ن ده‌توانن ئه‌وه بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌مه رێگه‌یه‌كی نایاساییه، چونكه سه‌رۆكی په‌رله‌مان ماوه و ده‌ستی له‌كارنه‌كیشاوه‌ته‌وه.
به‌بڕوای ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی گۆڕان، ئه‌گه‌ر یه‌كێتی له‌گه‌ڵ پارتی بچیته ژیر باری كاراكردنه‌وه‌ی زۆینه‌ی په‌رله‌مان بێ لایه‌نه‌كانی تر، ئه‌وا یه‌كێتی داوای گەرەنتی دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كات بۆ چوار سال، چونكه یه‌كێتی له دابه‌زینی ئاستی جه‌ماوه‌ری خۆی ده‌ترسێت به‌و پێشنیاره، به‌م شێوه‌یه ناچێته ناو هه‌ڵبژاردنه‌وه.
قاره‌مان قادر ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات، ئه‌گه‌ر په‌رله‌مانی كوردستان به‌م سه‌رۆكایه‌تییه‌ی ئیستاشیه‌وه كارابكرێته‌وه، ناتوانێ یاسا ده‌ربكات، چونكه سه‌رۆكی هه‌رێم ویلایه‌ته‌كه‌ی به كۆتا هاتووه، كه یاسایه‌كی ده‌ركرد بۆ كێی بنێرێ بۆ واژوو كردنی، بۆیه پێویسته سه‌ره‌تا سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم چاره‌سه‌ر بكرێت.