نوچه‌نێت- ئاژانسی به‌راسا
به‌ختیار شاوه‌یس، په‌رله‌مانتاری یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان له په‌رله‌مانی عێراق، رۆژی چوارشه‌ممه جه‌ختی كرده‌وه، ئه‌نجامدانی گشتپرسی له هه‌رێمی كوردستان پێویستی به كارا كردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان هه‌یه، گوتیشی هه‌رێم باجی ئه‌م هه‌نگاوه ده‌دات به ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ره‌كی و هه‌وڵدان بۆ كۆسپ خستنه به‌رده‌م گشتپرسی، جا له‌لایه‌ن توركیاوه بێت یان ئێران، دووپاتیشی كرده‌وه، كه ئه‌وه‌ی به‌لای كورده‌وه گرنگه هه‌ڵوێستی به‌غدایه و هه‌ڵوێستی ده‌وڵه‌تانی ئیقلیمی گرنگ نییه.
شاوێس له لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا گوتی “هه‌ڵوێستی یه‌كێتی نیشتیمانی له به‌رامبه‌ر گشتپرسی روون و راشكاوانه‌یه”. روونیشی كرده‌وه “ئه‌نجامدانی گشتپرسی سه‌ره‌تا پێویستی به كارا كردنه‌وه‌ی په‌رله‌مانه، بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ینه چاره‌سه‌ری گونجاو له نێوان هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌كانی هه‌رێم و پێدانی ره‌هه‌ندی یاسایی به پرۆسه‌ی گشتپرسی”.
شاوێس گوتیشی “ته‌حه‌دی زۆر هه‌ن، كه رووبه‌ڕووی گشتپرسی ده‌بنه‌وه، له‌وانه ناوخۆیی و ده‌ره‌كی، به‌ڵام پێمان وایه ده‌بێت كێشه‌كانمان له‌ناو ماڵی كوردیدا چاره‌سه‌ر بكرێن و پاشان له‌گه‌ڵ به‌غدا لێكتێگه‌یشتنمان هه‌بێت، ئه‌مه گرنگه به‌لای ئێمه‌وه، ئه‌گه‌رنا ته‌حه‌دیه ده‌ره‌كییه‌كان كاریگه‌رییان كه‌متره”.
شاوێس ئاماژه‌شی به‌وه كرد، كه “گشتپرسی مافی ره‌وا و یاسایی و ده‌ستووریه، هیچ كه‌س ناتوانێت رێگەی لێبگرێت، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی، كه بڕوامان وایه باجی ئه‌م هه‌نگاوه ده‌ده‌ین، به ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ره‌كی و كۆسپ خستنه به‌رده‌م پرۆسه‌كه، جا له‌لایه‌ن توركیاوه بێت یان ئێران یان هه‌ر لایه‌نێكی دیكه، به هه‌رشێوازێك بێت له كاری دیبلۆماسی و ئابووری، یان بگاته رادده‌ی پچڕاندنی په‌یوه‌ندییه‌كان، هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كان رێ‌یان تێده‌چێت”. جه‌ختیشی كرده‌وه “ئه‌وه‌ی گرنگه هه‌ڵوێستی به‌غدایه سه‌باره‌ت به گشتپرسی، هه‌ڵوێستی ده‌وڵه‌تانی دراوسێی كوردستان گرنگ نییه”.
پێشتر هوشیار زێباری، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی سه‌رپه‌رشتی كردنی گشتپرسی له هه‌رێمی كوردستان گوتی، ده‌وڵه‌تانی جیهان ئێستا ده‌زانن، كه سه‌ركردایه‌تی كورد جددیه له ئه‌نجامدانی گشتپرسی له‌مساڵدا. ئاماژه‌شی به‌وه كرد، كه ده‌وڵه‌ته دیموكراتییه‌كان له دژی ئه‌م گشتپرسییه ناوه‌ستنه‌وه.