نوچەنێت
سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، پەکەکە رێکخراوێکی عێراقی نییە، بۆیە رێگەی پێنادرێت چالاکی لەو شێوەیە ئەنجامبدات. دەشڵێت “ئێمە نامانەوێت بکەوینە ململانێ لەگەڵ پەکەکە”.
حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی دوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران لە شەوی سێشەممە 9-5-2017 رایگەیاند: بەدڵنیاییەوە هەڵکردنی ئاڵای پەکەکە لە کەرکوک رەتدەکەینەوە، وادیارە ململانێی هەڵکردنی ئاڵا لە کەرکوک سەریهەڵداوە. پەکەکە رێکخراوێکی عێراقی نییە، بۆیە رێگەی پێنادرێت چالاکی لەو شێوەیە ئەنجامبدات و پێشیان گوتراوە، ئێمە نامانەوێت بکەوینە ململانێ لەگەڵ پەکەکە.
عەبادی لەو بارەیەوە گوتیشی، لەهەمانکاتیشدا رێگە بە پەکەکە نادەین هیچ جۆرە چالاکیێک لەنێو خاکی عێراقەوە دژی تورکیا ئەنجامبدات، دەستووری عێراق رێگامان پێنادات خاکی عێراق بەکاربهێندرێت دژی وڵاتێکی دیکە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی هەڵکردنی ئاڵا لە کەرکوک گوتی “هەڵکردنی ئاڵای جیاواز لەکەرکوک هەڵە بوو، چونکە ئەوەی بەهێزە بیەوێ ئالا هەڵبکات دەگەڕێینەوە بۆ یاسای دارستان، ئێمەش سەروەری یاسامان دەوێت”.