عەبادی: چەند پۆلیسێکی سلێمانی جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای گازی باکووریان کوشتووە

0

نوچەنێت
عەبادی ئاشکرایکرد، چەند پۆلیسێکی سلێمانی تاوانی کوشتنی جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای گازی باکووریان لە کەرکووک ئەنجامداوە. دەشڵێت داوایان کردووە ئەو تاوانبارانەیان رادەستبکرێن.

بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە 2-5-2017، محەممەد یونس ساڵح، جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای گازی باکوور لەگەڵ پاسەوانێکی لە نزیک بازگەی 1ـی حوزەیران لەلایەن ئۆتۆمبێلێكی جۆری بی ئێم (BMW) تەقەیان لێکراو و کوژران.

دوای رووداوەکە، جگە لە پێکهێنانی لیژنەیەک لەلایەن لیژنەی ئەمنی کەرکووک، بە فەرمانی حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراقیش لیژنەیەکی دیکە پێکهێنرا.

سەبارەت بە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لە پرسی کوشتنی محەممەد یونس، جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای گازی باکوور،  حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق زانیاری نوێی ئاشکرا کرد.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لە بەغدا، عەبادی رایگەیاند “هەفتەی رابردوو بەرپرسێکی کۆمپانیای گازی باکوور کوژرا و راستەوخۆ داوامکرد لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بکرێت، سوپاس بۆ خودا لێکۆڵینەوەکان بەباشی ئەنجامدران، دەرکەوت کە تاوانەکە لەلایەن چەند ئەندامێكی پۆلیسی سەر بە شاری سلێمانی ئەنجامدراوە”.

عەبادی دەڵێت “داوامان کردووە ئەو تاوانبارانەمان رادەستبکرێن، هەموو بەڵگەکان لەسەر وردەکاری تاوانەکە دەستکەوتوون، ئێمە لە نزیکەوە ئاگاداری ئەو پێشێلکارییانە دەبین”. 

سەبارەت بە راسپاردنی لیژنەیەکی وەزارەتی ناوخۆ بۆ لێکۆڵینەوە لەو رووداوەی نێو شاری کەرکوک، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، وەزارەتی ناوخۆ بەرپرسە لە پاراستنی ئاسایشی هاوڵاتییان و بەرپرسیشە لە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەکان.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com