نوچەنێت: تایبەت
په‌رله‌مانتارێكی یه‌كێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایده‌گەیه‌نێت، لێسه‌ندنه‌وه‌ی متمانه له كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان زه‌ربه‌یه‌كی گه‌وره‌یه له ناوچه كێشه له‌سه‌ره‌كان و ده‌شڵێت “لیسه‌ندنه‌وه‌ی متمانه له كۆمسیۆن ململانێی ناو لایه‌نه شیعه‌كانه و هێناویانه‌ته ناو په‌رله‌مان”.
په‌رله‌مانی عێراق بڕیاریداوه له دانیشتنه‌كانی داهاتووی په‌رله‌ماندا، پرسی لێسه‌ندنه‌وه‌ی متمانه له كۆمسیۆنی باڵای هه‌لبژاردنه‌كانی عێراق بخاته ده‌نگدانه‌وه، كه سه‌رۆكه‌كه‌ی كورده و له پشكی پارتییه، لایه‌نه كوردییه‌كانیش بوونه‌ته دوو به‌ره، به‌جۆرێك پارتی و یه‌كێتی له‌گه‌ڵ مانه‌وه‌ی سه‌رۆكی كۆمسیۆنن له پۆسته‌كه‌ی، بە گوێرەی زانیارییەکان، فراکسیۆنەکانی (گۆران و یه‌كگرتوو و كۆمه‌ڵ) له‌گه‌ڵ متمانه سه‌ندنه‌وه‌ن له سه‌رۆكی كۆمسیۆن، كه له پشكی كورده.
له لێدوانێكی تایبه‌ت به نوچه‌نێت، محمد عوسمان، په‌رله‌مانتاری یه‌كێتی له په‌رله‌مانی عێراق، له‌باره‌ی پرسی لێسه‌ندنه‌وه‌ی متمانه له كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق رایگه‌یاند: سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتی پێی راگه‌یاندووین، كه له‌گه‌ڵ مانه‌وه‌ی سه‌رۆك و ئه‌ندامانی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق بین، چونكه لێسه‌ندنه‌وه‌ی متمانه له كۆمسیۆن له‌م كاته‌دا بۆ كورد مه‌ترسیداره، به‌و پێیه‌ی له ئیستادا پرۆسه‌ی بایۆمەتری ده‌ستیپێكردووه، ده‌بێ كورد ئاگاداربێت فێڵی لی نه‌كرێت، به تایبه‌ت نه‌وه‌ك له فه‌راغی كورد له كۆمسیۆن له ناوچه كێشه له‌سه‌ره‌كان ژماره‌كان یاریان پێ بكرێت.
محمد عوسمان ئاماژه به‌وه ده‌كات، كورد له‌م پرسه‌شدا یه‌كده‌نگ نییه و به‌سه‌ردوو به‌ره‌دا دابه‌شبووه، بۆیه داواكارم سه‌رجه‌م لایه‌نه كوردییه‌كان له‌گه‌ل مانه‌وه‌ی كۆمسیۆن بن، چونكه له به‌رژه‌وه‌ندی كورده به تایبه‌ت بۆ ناوچه كێشه له‌سه‌ره‌كان.
به بڕوای ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی یه‌كێتی، زۆربه‌ی فراكسیۆنه گه‌وره‌كانی په‌رله‌مانی عێراق له‌گه‌ڵ مانه‌وه‌ی كۆمسیۆنن له‌م كاته‌دا، به‌و پێیه‌ی ماوه‌ی یاسایی كۆمسیۆن تا مانگی نۆیه و ده‌كرێ ئه‌و كاته گۆڕانكاری بكرێت. ده‌شپرسێت بۆچی بۆ چوار مانگ فه‌راغی كۆمسیۆن دروستبكه‌ین؟.
محمد عوسمان ئه‌وه ئاشكرا ده‌كات، هێنانی ئەو پرسە بۆ ناو په‌رله‌مان، په‌یوه‌ندی به ململانێی ناو لایه‌نه شیعه‌كانه‌وه هه‌یه، پێویسته كورد له‌مه تێبگات و وشیار بێت.