د.نەجمەدین کەریم: ئەو کەسانەی محەممەد یونس-یان کوشت، دەستنیشانکراون

0

نوچەنێت

 ئەمڕۆ دووشەممە 8-5-2017 پارێزگاری کەرکوک ئاشکرای کرد، ئەو کەسانەی محەممەد یونس، جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای گازی باکووریان کوشت، دەستنیشانکراون و ناوەکانیان دراوەتە بازگەکان بۆ دەستگیرکردن.

سەر لەبەیانی رۆژی سێشەممە 2-5-2017، محەممەد یونس ساڵح، جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای گازی باکوور لەگەڵ پاسەوانێکی لە نزیک بازگەی 1ـی حوزەیران لەلایەن ئۆتۆمبێلێكی جۆری بی ئێم (BMW) تەقەیان لێکراو و کوژران.

دوای رووداوەکە، جگە لە پێکهێنانی لیژنەیەک لەلایەن لیژنەی ئەمنی کەرکوک، بە فەرمانی حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراقیش لیژنەیەکی دیکە پێکهێنرا.

نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکوک، شەش رۆژ دوای کوژرانی محەممەد یونس ساڵح، لەگەڵ کارمەندێکی ئەو کۆمپانیایە رایگەیاند “ئەو ئۆتۆمبێلەی تەقەکانی لێوە کراوە و ئەو کەسانەش لەنێو ئۆتۆمبێلەکەدا بوون، دیاریکراون و ناوەکانیان دراوەنەتە سەرجەم خاڵەکانی پشکنین”.

نەجمەدین کەریم دەڵێت “کامێراکانی چاودێری بازگەکان سوودی زۆریان بۆ لێکۆڵینەوەکانی ئاسایش و پۆلیس هەبووە، بەو هۆیەوە تۆمەتبارەکان دیاریکراون”.

پارێزگاری کەرکوک دەڵێت “پەیوەندیمان لەگەڵ ئاسایش و بازگەکانی سلێمانی، گەرمیان و هەولێر کردووە بۆ ئەوەی تۆمەتبارەکان دەستگیربکرێن”.

پارێزگاری کەرکووک ئاشکرای دەکات، کە “هێرشی داعش بۆ سەر سەربازگەی کەیوان تەنیا بۆ سەر پێشمەرگە نەبووە، بەڵکو ئامانجی سەرەکییان هێزی ئەمەریکا بووە، کە لە سەربازگەی کەیوان جێگیرن”.

بە دووری چەند کیلۆمەترێک لە دەورووبەری سەربازگەی کەیوان تەلبەندە، بەڵام لە شوێنێکدا سیمەکە بڕاوە و پێدەچێت پێنج خۆکوژەکەی داعش لەوێوە دەربازبووبن بۆ هێرشکردنە سەر سەربازگەکە، بەڵام سێ چەکداریان کوژران و دوو دانەکەی دیکەش خۆیان تەقاندەوە. 

راوێژکارە ئەمریکییەکان زیاتر لە ساڵێکە لەنێو سەربازگەی کەیوانن، بۆیە پێشمەرگە و ئەمریکییەکان دەستییان بەلێکۆڵینەوەی ورد کردووە، لەسەر هێرشەکەی داعش بۆ سەر ئەو بازگەیە.

نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکوک گوتی “بەشێک لەم ئۆپەراسیۆنەی تیرۆرستەکان کردییان، ئامانجیان ئەمریکییەکان بوو، خۆشیان دەزانن بەو شێوەیەیە و داعشیش رایگەیاندووە، بۆیە تاوەکو زیاتر هاوکاری پێشمەرگە بکرێ خزمەتی هەموو جیهان دەکات”.

پێشمەرگەش لە سەنگەرەکان چاوکراوەترن، هەموو ئەو بۆشاییانە پڕدەکەنەوە کە جێی گومانیان بووە بۆ دزەپێکردنی داعش، لەماوەی دوو مانگی رابردوو زیاتر لە جارێک لەنزیک سەنگەرەکانی خۆیانەوە ئەو هەوڵانەیان شکست پێهێناوە.

پارێزگاری کەرکوک، لەبارەی مامەڵەی پێشمەرگە لەگەڵ ئاوارەکان، هەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا گوتی “پێشمەرگە زۆر ماندوو بووە بە پرسی ئاوارەکانەوە چونکە هاوکاریان دەکەن، بەڵام لەبری دەستخۆشی تەنیا رەخنە دەگیرێت، ئەوەش لەبەر دەستگیرکردنی ئاوارەکان، لەکاتێکدا ئەوانەی دەستگیرکراون ناویان لە لیستی تیرۆردا هەبووە، رۆژ هەبووە 64 کەس دەستگیرکراون و ناویان لە لیستی تیرۆردا هەبووە”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com