نوچەنێت
شەوی رابردوو، ئیمانوئێل ماکرۆن، بوو بە گەنجترین سەرۆککۆمار لە مێژووی فەرەنسا. ئەو توانی بە بەدەستهێنانی زیاتر لە 65%ی دەنگەکان لە خولی دووەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەم وڵاتە، مارین لوپێن لە پارتی راستی توندڕەوی بەرەی نەتەوەیی بەرەوڕووی شکست بکاتەوە. دوای راگەیاندنی ئەنجامەکانی خولی یەکەمی ئەم هەڵبژاردنانە، زۆرێک لە راپرسییەکان باسیان لە سەرکەوتنی یەکجاری ماکرۆن دەکرد، لە خولی دووەمدا.
ماکرۆن لە کاتێکدا بوو بە سەرۆکی فەرەنسا، کە زۆرێک لە چاودێرانی سیاسی، دۆخی نالەباری ئابووری و کۆمەڵایەتی فەرەنسا لە لایەک و کۆدەنگی بۆ شکستدانی لوپێن و بەربەست کردنی کۆشکی ئەلیزە لە ناوبراو، بە هۆکارەکانی سەرکەوتنی ماکرۆن دەزانن.
ماکرۆن لە بەختی باشی خۆی، توانی ئەم هەلە بقۆزێتەوە و بە دەنگی”نا”ی گەورە بە مارین لوپێن، ببێت بە سەرۆککۆماری شەشەمین هێزی ئابووری و سەربازی جیهان. بە پێی راگەیەندراوی وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا، زیاتر لە 25% دەنگدەران خولی دووەمیان بایکۆت کرد.
لە ساڵی2002، واتە 15 ساڵ بەر لە ئێستا، ژان ماری لوپێن، باوکی مارین لوپێن، کاندیدای ئەو کاتی بەرەی نەتەوەیی، ویڕای ژاک شیراک، چوونە خولی دووەمی هەڵبژاردنەکانەوە، کە ئەنجامەکەی بوو بەوەی، کە شیراک سەرکەوت و بە سەرۆکی فەرەنسا هەڵبژێردرا.
ماکرۆن، کە کەمتر لە 5 ساڵ ئەزموونی پرۆفیشناڵی لە مەیدانی سیاسەت هەیە، توانی بە پشتیوانی سەرۆکی ئێستای فەرەنسا و حزبە راست و سۆسیالیست و زۆرێک لە سیاسییە ناسراوەکانی ئەم وڵاتە، تامی شکست بە لوپێن بچێژێت و لە دەرەوەی ریزبەندییە نەریتییەکانی فەرەنسا، رێگای ئەلیزە بگرێتە بەر. ماکرۆن لە یەکەمین گوتاری دوای سەرکەوتنی، باسی لە سەرکەوتنێکی مێژوویی کرد. بە گوتەی ماکرۆن، دەبێ بەرگری لە مێژوو و میراتی فەرەنسا بکرێت و هاوکات ئاگاداری چارەنووسی هاوبەسی فەرەنسا و تێکڕای دانیشتووانی ئەوروپا بێت. دەبێ بۆ هاوپەیوەندی زۆرتری ئەوروپا هەوڵ بدەن و دەرگای هاوکاری بە رووی تێکڕای وڵاتانی ئەوروپی بکرێتەوە.
ماکرۆن باسی لە شەڕی دژ بە تیرۆرکرد و خۆی وەک سەرۆکی هەموو فەرەنسییەکان ناساند، تەنانەت بە نەیار و دژبەرەکانیشیەوە. لە بەرامبەردا، لوپێن شکستی قبووڵ کرد و بەرەی نەتەوەیی وەک هێزی ئۆپۆزسیۆن وەسف کرد و گوتی “ئەگەر فەرەنسییەکان خوازیاری درێژەی دۆخی ئێستان، بەڵام بەرەی نەتەوەیی خۆی بۆ ململانێ بەرامبەر بە دەوڵەت ئامادە دەکات و مەیدانەکە چۆڵ ناکات. لوپێن جارێکی دیکە، ماکرۆنی وەک هێمای لیبراڵیزم و سەرمایەدارییەکی هەوسارپچڕاو وەسف کرد، کە دەبێ لە بەرامبەریدا بوەستنەوە”.
دوای سەرکەوتنی ماکرۆن، ژمارەیەکی زۆر لە سەرانی سیاسی وڵاتانی جیهان، پیرۆزبایی ئەم سەرکەوتنەیان لێکرد.
بێرنی سەندەرز، لە پەیامێکی تویتەریدا نووسی “پیرۆز بێت لە خەڵکی فەرەنسا، کە بە دەنگی گەورە خۆیان سەلماندیان، کە دژ بە رەگەزپەرەستین”.
بەم جۆرە، ماکرۆنی تەمەن 39 ساڵە، بوو بە هەشتەمین سەرۆککۆماری فەرەنسا، کە جەنەڕاڵ دۆگڵ لە ساڵی 1958 دایمەزراند.

