نوچەنێت-رووداو
ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە رایدەگەیەنێت، ئەمریکا، بەریتانیا و ئەڵمانیا بەڵێنیانداوە لەنێوان 5 بۆ 10 ساڵ هاوکاریی وەزارەتی پێشمەرگە بکەن. دەشڵێت “ئەو پڕۆژەیە تەنها پەیوەست نییە بە یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە، بەڵکو یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە خاڵێکی ئەو پڕۆژەیەیە”.
فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، لەبارەی دروستکردنی هێزێكی “پرۆفیشناڵی سهربازی” بۆ هەرێمی کوردستان، نێوەڕۆکی ئەو پرۆژەیە ئاشکرا کردووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان و تیمێكی پسپۆڕی نێودهوڵهتی کاری لەسەر دەکەن.
لەبارەی هەوڵەکان بۆ یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند “ئەو پرۆژەیە تەنها پەیوەست نییە بە یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە، بەڵکو یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە خاڵێکی ئەو پرۆژەیەیە”.
ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە گوتی، ئەنجومەنی وەزیران داوای ئەو چاکسازییانەی کردووە. وەزارەتی پێشمەرگەش بە فەرمی داوای لە راوێژکارانی ئەڵمانیا، بەریتانیا و ئەمریکا کردووە، بۆئەوەی هاوکاریان بێت بۆ دانانی پلانێکی چاکسازی لەنێو هێزەکانی پێشمەرگە، یان دووبارە رێکخستنەوەی هەموو هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان، بۆئەوەی وەکو هێزێکی مۆدێرنی دەوڵەتانی دیکە بێت.
جەبار یاوەر باس لەوە دەکات، راوێژکارانی ئەو وڵاتانەش “دوای ئەوەی لەنێو هێزەکانی پێشمەرگە کاریانکردووە، هەندێ کەموکوڕیان لە گشت جومگەکانی پێکهاتەکانی پێشمەرگە بینیوە، ئەوانیش پێشنیازی ریفۆرمیان لەنێو هێزەکانی پێشمەرگەدا کردووە”.
جەبار یاوەر باس کۆبوونەوەکەی رۆژی یەکشەممە (7-5-2017) ئەنجومەنی وەزیران دەکات و دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاردرا ئەو پرۆژەیە بدرێتە بەشی سەربازیی ئەنجومەنی وەزیران بە مەبەستی دیراسەکردنی، دواتر لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی وەزیران دەخرێتەڕوو، دواتریش کە پەسنددەکرێت رەوانەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەکرێت بۆ ئەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، وەکو فەرماندی گشتی هێزەکانی پاراستنی هەرێمی کوردستان، پەسندیبکات.
ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە راشیگەیاند “لایەنی ئەمریکی و ئەڵمانی و بەریتانی بەڵێنیانداوە، نەوەک تەنها پرۆژەکە پێشکەشدەکەن، بەڵکو لەگەڵمان بەشدار دەبن لە جێبەجێکردنی خاڵەکانی پرۆژەکە لەماوەی نێوان پێنج بۆ 10 ساڵ بۆ هاوکاریکردنی وەزارەتی پێشمەرگە لە جێبەجێکردنی خاڵەکانی نێو پرۆژەکە”.
هەر سەبارەت بە نێوەڕۆکی پرۆژەکە، جەبار یاوەر ئاشکرایکرد، پرۆژەکە خۆی لە 35 خاڵ دەبینێتەوە، لە خاڵی یەکەمدا پێشنیازی دروستکردنی بەڕێوەبەرایەتییەکی گشتیی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە کراوە، کە لەلایەن کەسێکی شارەزا و لێهاتوو بەڕێوەببردرێت بۆ جێبەجێکردنی خاڵەکانی نێو پرۆژەکە. ئەو بەڕێوەبەرایەتییە گشتییە دەکەوێتە ژێر چاودێری ئەم لیژنەیەی ئێستا لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و نوێنەرانی وڵاتانی ئەمریکا، ئەڵمانیا و بەریتانیا پێکهێندراوە.
جەبار یاوەر ئاماژە بەوە دەکات، ئەو وڵاتانە خوازیاری ئەوەن گرنگیەکی گەورە بە هێزی پێشمەرگە بدەن و بیکەن بە هێزێکی پرۆفیشناڵی مۆدێرن تاوەکو بتوانێت ئاسایشی ناوچەکە بپارێزێت، “واتە مەبەستەکەیان کاتی نییە، بەڵکو مەبەستێکی ستراتیژی دوورە”.
ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە ئەوەش دەخاتەڕوو، پێداچوونەوە بە پێکهاتەکانی هێزەکانی پێشمەرگە و سەرلەنوێ رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە “یەکێک لە بنەما گرنگەکانی ئەو پرۆژەیەیە”. هەروەها دوای ئەو کۆبوونەوەیەوە راستەخۆ کۆبوونەوەیەکی دیکەیان لەگەڵ جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، وەزیری پێشمەرگە، نوێنەری یەکەکانی 70 و 80ی پێشمەرگە، وەزارەتی دارایی و بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی یەکەکانی 70 و 80 و کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکان و دەزگای ئەیلوول ئەنجامداوە بۆ پێداچوونەوە بە لیستی خانەنشینی پێشمەرگە.
سەبارەت بە کارەکانی ئەو لیژنەیە، جەبار یاوەر دەڵێت “لە وەزارەت پرۆسەیەکمان دەستپێکردووە، پێداچوونەوە بە لیستی کەمئەندامان دەکەین، شەش پزیشکی پسپۆڕ ماوەی چەند مانگێکە هەفتانە دووجار بۆ پشکینین دادەنیشن”. تاوەکو ئێستا 1937 کەمئەندام چوونەتە بەردەم ئەو لیژنەیە؛ 1177 کەس دەرچووە و 757 کەسیش دەرنەچوون، کە ئەوانە هەموویان لادەدرێن. “بەهەمان شێواز بڕیارمانداوە لیژنەیەک بۆ پێداچوونەوە بە خانەنشینانی پێشمەرگەدا بکرێت”.