هاوپەیمانان هێزێكی سەربازی پرۆفیشناڵ بۆ كورد دادەمەزرێنن

0

نوچەنێت
هەرێمی كوردستان بە هاوكاری تیمێكی پسپۆڕی سەربازی لە هەریەك لە وەزارەتەكانی بەرگریی وڵاتانی ئەمریكا، بەریتانیا و ئەڵمانیا، هەنگاوێكی گرنگ لە بواری چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگەدا دەنێت.

ئەمڕۆ یەكشەممە 7-5-2017، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەت و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكوەزیران و وەزیری پێشمەرگە بەوەكالەت و بەرپرسانی سەربازیی وەزارەتەكە لەگەڵ تیمێكی راوێژكاری سەربازیی نێودەوڵەتی كۆبوونەوە و كاری هاوبەشیان سەبارەت بە وەزارەتی پێشمەرگە خستەڕوو، كە خۆی لە 35 خاڵدا دەبینێتەوە و‌ ئامانج لێیان دروستكردنی هێزێكی سەربازیی تۆكمەی پیشەییە بۆ پێشمەرگە لە داهاتوودا.

لەو كۆبونەوەیەدا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند “لەدوای ساڵی 2003وە هەرێمی كوردستان زیاتر پێداگری لەسەر ئاوەدانكردنەوە دەكردەوە، نەك دروستكردنی هێزێكی سەربازی و چاوەڕوان دەكرا گەر هەر هەڕەشەیەك لەسەر عێراق هەبێت، حكومەتی فیدراڵ بەرپرس بێت بۆ پاراستنی وڵات بەگشتی، بەڵام لەگەڵ هێرش و هەڕەشەكانی تیرۆرستانی داعش، بەداخەوە هەموو بارودۆخەكە و هاوسەنگییەكان گۆڕان، بۆیە دەبێت ئێمە بیر لەوەبكەینەوە هێزێكی تۆكمە و پرۆفیشناڵی سەربازی بۆ پێشمەرگە دابمەزرێنین”.

سەرۆکوەزیرانی هەرێم گوتی، حكومەتی هەرێم پێشوازی لەم پڕۆژەیە دەكات و لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا دەخرێتەبەرباس و گفتوگۆ، تا دواتر پەسەند بكرێت. دواتریش پڕۆژەكە بۆ مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان رەوانە دەكرێت، بۆ دەركردنی فەرمانی پێویست.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com