تایبەت:نوچەنێت
شوان قەڵادزەیی رایدەگەیەنێت، لەدیداری ئیسلامیەکان، بەجددی باس لەپێکهێنانی مەرجەعیەتێکی ئیسلامی کراوە و دەڵێت”پێکهێنانی ئەم مەرجەعە زۆر پێویستە، بۆ هەرێمی کوردستان”.
رۆژی شەممە 15-4-2017 بە بەشداری ھەر یەک لە بزوتنەوەی ئیسلامی و یەکگرتوی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامی دیداری ئیسلامی لە شاری سلیمانی بەڕیوەچوو، دیدارەکە- بە بەشداری ھەریەکە عیرفان عەلی عەبدولعەزیز، رابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی ، سەڵاحەدین موحەمەد بەھادین ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و عەلی باپیر ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی، لە دیدارەکەدا گفتوگۆ کرا لە بارەی نەخشە ریگای کاری ھاوبەشی ئیسلامیەکان.
لەلێدوانێکی تایبەت بەنوچەنێت، د.شوان قەڵا دزەیی، ئەندام پەرلەمانی کوردستان، لە فراکسیۆنی بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستان، لەبارەی پێکهێنانی مەرجەعێکی ئیسلامی لەهەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەدیداری ئیسلامیەکان، بەجددی باس لەپێکهێنانی ئەو مەرجەعیەتەکراوە و پشتیوانییەکی زۆریشی لێکراوەو ئەم بابەتە کاری لەسەرکراوە، بۆئەو مەبەستەش راوێژ لەگەڵ زۆربەی لایەنەکانی دەروەی لایەنە ئیسلامیەکان کراوە.
ئەو ئەندام پەرلەمانەی بزوتنەوە ئەوەشی خستەڕوو، کە مەرجەعیەتەکە، چەندین کەسایەتی، زانای زۆردیارو ناسراو-و شارەزاکانی کوردستان لەخۆدەگرێت، هەروەهایەکێتی زانایان، زانایانی بێلایەن و زانایانی لایەنە ئیسلامیەکان دەگرێتەوە و ئەو کەسانەش زیاتر هەستی بێلایەنەیان دەبێت.
شوان قەڵا دزەیی ئامازەبەوەدەدات، ئەومەرجەعەی پێكدەهێنرێت، دەسەڵاتێکی باڵای شەرعیە لەزۆربەی بابەتەکاندا بۆئەومەرجەعە دەگەڕێنەوە و دەشڵێت”ئەوەدەبێتە مەقامێکی باڵا بۆ ئاراستەکردنی سیاسەتێکی شەرعی گونجاو، لەگەڵ بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، ئەمەش هۆکارێك دەبێت بۆ کەمکردنەوەی کاریگەری دەرەوە لەسەر ناوخۆی کوردستان”.
هەروەها شوان قەڵادزەیی دەڵێت “پێکهێنانی ئەم مەرجەعە زۆر پێویستە بۆ هەرێمی کوردستان،چونکە ئێمەدەمانەوێت، مەرجەعێك بێت کە بەهۆی کارەکانی خۆیەوە وابکات لایەنەکانیتریش بەدەسەڵاتی باڵاشەوە گوێی بۆبگرن و بەقسەی بکەن”.