نوچەنێت-لێمۆند دیپلۆماتیک
هێرشەکان بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی موسل بەردەوامە. گومان لەوە دا نییە، کە چارەنووسی داعش یەکلادەکاتەوە، بەڵام خەڵکی مەدەنی و دانیشتوانی ناوچە ئازادکراوەکان هیوایەکیان بۆ شادی و خۆشی نییە، چونکە چارەنووسیان نادیارە و لێی دڵنیا نین. عێراق لە ئێستادا زیندانێکە وێڕای دەوڵەتێکی ناکارامە.
لە عێراق،لایەنەکانی شەڕ ریوایەتێکی سادە و ئاشتیخوازانەیان هەیە. هاوکات لە گەڵ گرتنەوەی شاری موسڵ، خەڵکی مەدەنی دیلی دەستی تیرۆرستان ئازاد دەکرێن. رزگاربووەکان یارمەتی دەکرین و تیرۆرستان دەکوژرێن. شەڕی دژی بە داعش کۆمەڵێک هێزی بیانی، عێراق و میلیشیای لە دەوری یەک کۆکردۆتەوە و کەمترین هەماهەنگییان پێکەوە هەیە.
خەڵکی مەدەنی ناتوانن هیوایەک لە سەر حکومەتی ئیستای عێراق هەڵچنن. بە کردەوە لە هەموان دەترسن. بەراوردی ژمارەکان ئەستەمە، بەڵام بە سەدان هەزار کەس لە شاری موسڵ، بە دوای شەڕ کەوتوون.
بەرپرسانی فەرمی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران دەڵێن، رۆژانە بە هەزاران کەس ئاوارە دەبن. 60%ی یارمەتییە مرۆییەکان بەرلەوەی بگاتە دەستی ئاوارەکان، دەشاردرێتەوە. کەمپەکان رێژەیەکی زیاتر لە گونجانی خۆیان تێدا جێگیر کراوە و ئیمکاناتی تەندروستیش کەمە، ئەمە نابێتە رێگر لە بەردەم ئەو سیاسییانەی، کە خۆیان بۆ نوێنەرایەتی ئەم خەڵکە و پەرلەمان ئامادە کردووە. ئەگەریش یارمەتییان بکەن، سێڵفی و وێنەکێشانیان لەبیرناچێت.
ترسە گەورەکان، بەرژەوەندییە بچووکەکان
ئازاردەرترین هەست لای ئەم کەسانە، ترسە. هۆکاری یەکەم، مانەوەیان لە ژێر دەسەڵاتی داعش بووە، بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ. هیچ جیاوازییەک لە نێوان چەکداران و خەڵکی مەدەنی نابیندرێت. موسڵ بۆتە مەیدانی جەنگێک، کە هەموو کەس بۆی هەیە تیایدا بکوژرێت. لە کەمپەکان، خەڵک لە بەردەم گومانی داعشی بووندان. پزیشکەکان، چەکدارانی داعشیان تیمار کردووە، کارمەندەکان کاروباری ئیدارییان راپەڕاندووە. قاچاقچییەکان لە گەڵ جیهادییەکان ساتوسەودایان کردووە. زیندانییەکی داعش لە زیندانی تەلەعفەر دەیگیڕێتەوە، تەنها لەم شارە، نزیک بە سێ هەزار کەس وەک پۆلیس دامەزراون، ئەگەر هەموو ئەمانە بە تیرۆرست هەژمار بکرێن، کێ بێ بەری دەبێت؟ هەلومەرجی زیندان و دوای ئازادبوونیان زۆر لە یەک دەچێت.
چەکدارانی داعش، ئەندامانی بیانییان لێ بەدەر بێت، سەرچاوەی توندوتیژی و ترس و دلەڕاوکێن بۆ سەر خەڵکانێک، کە مەحکومن بەوەی، کە پێکەوە بژین. ژێردەستەکان، هەمان ئەو کەسانەی، کە پێگەی کۆمەڵایەتییان بەرز بۆتەوە، بوونەتە خاوەنی بەرژەوەندی و قازانج. لەو ماوەیەدا، ژمارەیەکیان بوونەتە توندوتیژکارێکی پڕۆفیشناڵ. لە هەر قەیرانێک بە قازانجی خۆیان کەڵک وەردەگرن. نموونەیەکی بەرچاو، گوندنشینە ئێزیدییەکانن. ئەوان زەوییەکانیان لە مێژ ساڵە چاوی تەماحی عەرەبە سوننەکانی لە سەر بووە. عەرەبە سوننەکان بە کوشتار و بە دیل گرتنی ئەوان، بوون بە خاوەنی زەوی و مڵکی پڕ پیت و بەرەکەت. یەکێک لە ئیزیدییەکان دەیگێڕێتەوە “ئەوان تەنها لە یەک رۆژدا، بوون بە سەلەفی توندئاژۆ، تا بە ئاسانی دەست بە سەر ماڵک و زەوییەکانی ئێمەدا بگرن. ئەوان پێشتر لە سەر سفرەی ئێمە بوون و لە شایی و رێوڕەسمەکانماندا بەشدار بوون”.
ئەمانە تەنها ماسییە بچووکەکانن. ماسییە گەورەکانیس جێی متمانە نین. شەرڤانانی کورد، کە لە لایەن ئەمریکاوە پشتیوانی دەکرێن، دەرفەتێکیان قۆستۆتەوە و خۆیان لە شوێن و خاڵە هەستیار و ستراتیژییەکانی سوریا جێگیر کردووە. ئەمە هەمان ئەو ناوچانەن، کە خاوەنی زەوی بەپیت و سەرچاوەی نەوتییە، وەک دراوسێی هەرێمی کوردستان هەژمار دەکرێن.
میلیشیاکانی ژێر پشتیوانی ئێرانیش، بەشێکن لەم داستانە. ئەوان بە بیانووی بوونی گروپە شیعە و نیمە شیعەکان (تورکمانە شیعەکانی شەنگار و تەلەعفەر و شەبەکەکانی دەشتی نەینەوا) لە ناوچەکە جێگیر بوونە و لە نێو سوننەکاندا بە دوای کەسانی دابەستە و کاریگەردا دەگەرێن، کە ئامادە بن خۆیان لە پێناو چەک و پارە بفرۆشن. لە چوارچێوەی ئەم ئەندازیارییە کۆمەڵایەتییەدا، گوندی وا هەیە، کە بە بۆڵدیزێر لە گەڵ خاک یەکسان کراوە. تێکدانی دیموگرافیای ناوچەکە، بەشێکە لەم سیاسەتەی ئێران و گوایە سیاسەتی کوتەک و زۆرداری گەڕاوەتەوە.
بێ توانایی حکومەتی عێراق
ئەوەی لە حکومەتی عێراق ماوەتەوە، ناتوانێ چارەسەر و یارمەتیدەر بێت. لایەنەکان هەرکامەیان رکابەرایەتی یەکتر دەکەن. هەرکامەیان پڕوپاگەندە و بانگەشەی سەرکەوتن و دەستکەوتی زیاتر دەکەن. هێزە تایبەتەکانی دژە تیرۆر، سکاڵای ئەوەیان هەیە، کە پۆلیسی فیدڕاڵ هەمووان بە بێ جیاوازی بۆردوومان دەکات. ئەم هێزەش دەڵێت هێز تایبەتەکان جێی متمانە نین و بۆ ئەوە نابێ پشتیان پێ ببەستی. زۆربەی سەرباز و ئەفسەرەکان متمانەیان بە فەرماندەکانی خۆیان نییە. ئەوان دەڵێن زۆرتر بە بەرژەوەندی خۆیانەوە سەرقاڵن، دەرکەوتنیان لە میدیاکان بە لاوە گرنگە و خەریکی ساتوسەودای سیاسین.
حکومەتی عێراق هیچ سەروبەرییەکی نییە. زۆرتر وەک کوێخا هەڵسوکەوت دەکرێت. هەر کەس دەسەڵاتی زیاتری هەبێ، زووتر خۆی دەسەپێنێت. دەزگای دادوەری گەندەڵ و ناکارامەیە. بۆ نموونە، لە نەبوونی پێناسەیەکی یاسایی و قەزایی بۆ کۆیلەتی و تاوانی سێکسی، دادوەرەکان بۆ پێڕاگەیشتن بە دۆسیەی ژنانی ئێزیدی و فرۆشراو لە لایەن داعشەوە، وەک تۆمەتی تیرۆرستی لەم کەیسانە دەڕوانن. حکومەت بۆ ئەوەی ببێت بە خاوەنی نیمچە متمانەیەک، دەبێ وەڵامی بۆ هەموو قوربانیان هەبێت. لێرەشدا، بە تەواوی شکستی هێناوە. بە پێی لێدوانی بەرپرسانی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، وەزارەتی تەندروستی بە گوێرەی پێویست مامەڵەی لە گەڵ ناوچە ئازادکراوەکان نەکردووە.
لە هەمان کاتدا، ئاوارەکانی عێراق لە بە چەند ملیۆن کەس بەراورد دەکرێن و زۆربەیان سوننەن، زیاتر لە رابردوو لە ژێر گوشاردان.قوربانیانی توندوتیژییەکانی داعش بە بیانووی منداڵی تیرۆرست بوون، لە زۆربەی ئیمکانات و مافی هاوڵاتیبوون بێبەشن. لەو شوینانەی ژیان دەبەنە سەر، کە بە کردەوە شوێنی ژیان نییە. یەکێ لە ئێزیدییە رزگاربووەکان دەڵێت، دوای تێپەڕینی سەردەمێکی سامناک، ناتوانین لە ماڵەکانی خۆماندا بمێنینەوە. ئەو کەسانەی، کە دەستدرێژییان کردە سەر ژن و خیزانەکانمان، ئێستاش لە گەڵمان دراوسێن.
ئاشکرایە، کە هەلومەرجێ نێودەوڵەتی دەرەتانێکی بۆ پێکەوەبوون نەهیشتووەتەوە. رێکخراوە ناحکومی و نێودەوڵەتییەکانیش، مەیدانیان بۆ کراوە نییە. بازرگانییەکی رەش و دزێو سەری هەڵداوە. بازرگانی کردن بە ئێزیدییەکان و فرۆشتنیان بە رێکخراوە ناحکومییەکان بە نرخی تا 50 دۆلار. بازاڕێک کە گەشەی کردووە و دەڵاڵەکان بۆ وتووێژ لە بارەی ئازادکردنی ژنان، حەقی دەڵاڵی وەردەرگرن. سەرنجی گشتی کەم رەنگ بۆتەوە. هەمووی ئەمانە وادەکات، کە سەرنجی بیروڕای گشتی و یارمەتیغە مرۆییەکان بگاتە لانی کەمی خۆی. ئەمە هەمان ئەو ریوایەتەیە، کە قەیرانێکی چەند رەهەندی دەخاتە بەردید و بە کردەوە شێوەی ئەفسانەیەکی یۆنانی کۆنە، کە تیایدا باس لە سەردەمێک لە دۆزەخ دەکاتەوە، ئەو کەسانەی، کە رەنج و ئازار دەچێژن، بە شێوەی خۆی چێژ لە بەرەکەت و نێعمەتەکانی سەر زەوی نابەن و شتێک نییە، کە لە رادەی ئازار و دەردەکانیان کەم بکاتەوە و سوکناییان پێ بێت.
لە وەها دۆخێکدا، عێراقییەکان نەتەنیا لە تیرۆریزم، بەڵکوو لە داهاتووی ناروونی خۆشیان دەترسن. ئەوان لە هەموو لایەک و لە هەموو روویەکەوە دەترسن.