نوچەنێت: تایبەت
ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایدەگەیەنێت، پێویستە سەردار قادر، وەکو جێگری پارێزگاری سلێمانی نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەی بنێرێت بۆ ئەنجومەن.
رۆژی سێشهممه 2-5-2017 سهردار قادر، له بری پارێزگاری سلێمانی له كۆنفرانسێكی رۆژنامهوانیدا دهستلهكاركێشانهوهی خۆی له پۆستهكهی راگهیاند و ئاماژهی بهوهكرد، کە هۆكاری دهستلهكاركێشانهوهكهی نهبوونی دهسهڵات و بودجهیه و ناتوانێت له پۆستهكەی بهردهوام بێت.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، ئەکرەم شەریف، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، لەبارەی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا لەسەر نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەی پارێزگار رایگەیاند: بەپێی یاسا دەبێت لەماوەی مانگێکدا ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کۆببێتەوە و پارێزگارێکی نوێ هەڵبژێرێت، بەهەمان رێکارە یاساییەکانی پێشوو، واتە لە 2-5-2017 تا 2-6-2017 دەبێت ئەنجومەن کۆببێتەوە لەسەر ئەو بابەتە.
سەبارەت بەچۆنیەتی نامەی دەستلەکارکێشانەوەکە ئەوەی خستەڕوو کە، لەبەر ئەوەی سەردار قادر، لەلایەن ئەنجومەنەوە، وەکو جێگری پارێزگار متمانەی پێ بەخشراوە، ئەگەر نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەی بنێرێت بۆ ئەنجومەن، نابێت لەبری پارێزگار بینێرێت، بەڵکو دەبێت وەکو جێگری پارێزگار، نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەی بنێرێت بۆ ئەنجومەن.
ئەکرەم شەریف جەختیشی لەوە کردەوە، کە دەبێت لایەنە سیاسییەکان و ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەجددی و بەپەلە رێکاری یاسایی بگرنەبەر بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە یاساییەی، کە لە لوتکەی دەزگای جێبەجێکردندا هەیە لە پارێزگای سلێمانی.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە پێویستی دەزانێت، ئەو پۆستە بەزووترین کات پڕبکرێتەوە و گوتی “دەبێت یەکێتی نێشتمانی و بزووتنەوەی گۆڕان، بەپەلە دابنیشن و سەرنج و رێنمایی خۆیان بەپێی رێکاری یاسایی بنێرنە ئەنجومەنی پارێزگا، بۆ ئەوەی ئەنجومەن رێکاری یاسایی و کارگێڕی پێویستی بۆ بگرێتەبەر”.