نوچەنێت-رووداو
ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان بە ناڕاستەوخۆ هێرشدەكاتە سەر مەلا عەلی كەڵەك، بە كەسێكی ساختەكار ناوی دەبات و دەڵێت “قسەی پزیشكەكان بۆ ئێمە سەنگی مەحەكە، نەك كەسانێكی ساختەكار كە بەناوی چارەسەر پزیشكییەوە دینیش ناشیرین دەكەن”.
مەلا عەلی كەڵەك، کە خۆی دەڵێ (پسپۆڕە لە بواری پزیشكی نەبەوی) و شوێنێكی بەناوی نەخۆشخانە (توبی نەبەوی) لە ناحیەی كەڵەكی سەر بە پارێزگای دهۆك كردووەتەوە، یەكێك لە قسەكانیدا دەڵێت “خواردنی كلینێكس چارەسەرە بۆ دابەزاندنی كێشی لەش و مێشك بەهێز دەكات”.
مانگی رابردووش ژنێك لە هەولێر، لەژێر كاریگەری قسەكانی مەلا عەلی بەهۆی خواردنی زۆری كلینێكسەوە گەیێندرایە نەخۆشخانە و چارەسەری پزیشكی بۆ كرا، دوای بە دوای ئەو رووداوە شەوی 2-5-2017 مەلا عەلی كەڵەك، لەلایەن هێزێكی پۆلیسەوە دەستگیر كرا.
رۆژی شەممە 6-5-2017، عەلی باپیر، ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان، لە گوتارێكدا لەكاتی كردنەوەی نەخۆشخانەیەكی تایبەت بەناوی “بەخشین” لە شاری سلێمانی، گوتی “خەڵكانێك لە پەنابردنە بەر (توبی نەبەوی) لە ئاوی لێڵدا راودەكەن، بەناوی چارەسەر پزیشكییەوە هەندێك شت دەڵین، دەبنە هۆی ناشیرینكردنی ئیسلامیش”.
ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی ئەوەی نەشاردەوە، لە سەردەمی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) وەكو زۆربەی بوارەكانی دیكە ئامۆژگاری پزیشكی كردووە. دەشڵێت “بەڵام ئەگەر لەم سەردەمدا بوایە، هەندێك شتی دیكەی بۆ چارەسەری پزیشكی پێشنیاز دەكرد، بۆیە دەبێت سنوورێك دابنرێت”.
عەلی باپیر گوتیشی “بەداخەوە خەڵكی سادە و دواكەوتوو لەڕووی فەرهەنگییەوە، دەكەونە ژێر كاریگەری كەسانێكی ساختەكار، كە دینیش ناشیرین دەكەن. بەڵام بۆ بواری پزیشكی قسەی پزیشكەكان بۆ ئێمە سەنگی مەحەكە نەك قسەی كانێكی دیكە”.