نوچەنێت
سەرەڕای هاتنی داعش وەک هێزێکی تیرۆرست و داگیرکەر بۆ ناوچەکە و بەتایبەت سنوری کەرکوک، کە بووە هەڕەشەیەکی گەورە لەسەر ناوچەکە و دانیشتوانەکەی بە تایبەتی بۆ سەر هەردوو پێکهاتەی کورد و شیعە مەزهەب تورکمان و عەرەب. دوای نەمانی ئەم هەڕەشەیە هێشتا پاشماوەی وێرانکارییەکانی ئەم هێزە، بوونی حەشدی شەعبی، کە وەک بەرگریکار لە لایەن ئێران و مەرجەعی شیعەوە دامەزرا، بووەتە هۆی دروستبوونی گرژی لەوناوچانەی دەسەلاتیان هەیە. هاوکات بە رای چاودێران، مەترسی ئەم هێزە لە مەترسییەکانی داعش، کەمترنییە.
لە لایەکی دیکەوە بۆ بەرگری لە خەڵکی ناوچەکە لە سەر دوو فاکتەر، وەک جۆگرافی و دانیشتوان، هێزی پێشمەرگەی کوردستان بوو بە قەڵغانی پاراستنی دانیشتوانی و رۆڵی پێویستی خۆی بینیووە، بۆیە پێویستی بەهیج هێزیکی تر نەبوو. بە بیانوی بوونی پێکهاتەی شیعە لە ناوچەکە هێزێکی میلیشیا بە ناوی حەشدی شەعبیەوە روی لە ناوچەکە کرد، هێزێکی پیکهاتوو لە چەندین گروپی جیاجیای وەک (بەدر، عصائب الحق، سەدر و گروپی خوراسانی …هتد). ئەوەی جێی نیگەرانییە، کردەوەکانی ئەم هێزە میلیشیایانەیە لە رفاندن و کوشتنی هاوڵاتیانی کورد و سوننە مەزهەب، بە پێی قسەی خەڵکی خورماتوو، جیاوازیەکی ئەوتۆی لە کردەوەکانی لە گەڵ داعش نییە.
بە هاتنی ئەم هێزە (حەشدی شەعبی) بۆ ناوچەکە، خەڵکی خورماتوو، چاودێران و رۆشنفکران باس لە مەترسی بوونی ئەم هێزە دەکەن، پێیان وایە دوای داعش مەترسی ئەم هێزە بۆ سەر خورماتوو لە هی داعش کەمتر نابێت. لەم بارەیەوە بەرپرسانی کوردی ئەو شارە بە روونی ئاگاداری سەرکردایەتی کوردیان کردۆتەوە.
وەک دەبینین و دەبیستین، حەشدی شەعبی، هەر بە رفاندن و کوشتن و راوەدونانی عەرەبی سوننە نەوەستاون، بەڵکو سنوری بەزاند و بە ئاشکرا کەوتووەتە وێزەی پێکهاتەی کورد لە خورماتوو، کە بە پێی زانیاری سەرچاوەکان، زیاتر لە 40 هاوڵاتی کوردیان رفاندووە و 8 شەهید و سوتاندنی دەیان خانوو و گاڵتەپێکردن بە پێشمەرگە و ئاسایش و هێزە ئەمنییەکانی شارەکە. هەروەها باس لەوە دەکرێ بارەگای حزبە کوردییەکانی ئەو شارە لە ترسی قەناس بەدەستەکانی ئەم هێزە لە سەربانی ماڵە شیعەکانەوە جموجوڵیان سنوردارە.
شاندی گفتوگۆ
تەنها یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەگەڵ شیعەکان و نوێنەری ئێران لە خورماتوو، بۆ هێور کردنەوەی دۆخی شارەکە گفتوگۆیان کردووە، بەڵام وەک باسدەکرێت لایەنی حەشدی شەعبی پابەندی بەڵێنەکانی نابێت و بەردەوامە لە کردەوەکانی خۆی، بە جۆرێک، کە خەڵکانێکی زۆر روویان لە شارەکانی دیکە کردووە لە ترسی گرتن ئەشکەنجەکان.
کۆبوونەوەی باڵای کورد و حەشدی شەعبی له خورماتوو پێشبینی دەکرا “بڕیاری گرنگ” سەبارەت بە کۆتایھێنانی گرژییەکانی قەزاکە بدرێت، بەڵام بەرھەمی کۆبوونەوەکە ئیدانەکردنی کاری رفاندن و کوشتنی ھاوڵاتیان و سزادانی ئەنجامدەرانی بوو، کە لە کۆبوونەوەکانی رابردووشدا جەختیان لەسەر کرابوونهوە.
ھاونشتیمانییانیش متمانەیان بەکۆبوونەوەکان نەماوەو داوا دەکەن چارەسەری بنەڕەتی بۆ کێشەکان بدۆزرێتەوە. کێشەکانی خوورماتوو و بەردەوامی رفاندن و کوشتنی ھاوڵاتییان.
کۆبوونەوەی ئەمجارە کە لەئاستێکی باڵادا بەرێوەچوو, ھەمان ئەو خاڵانەی کۆبوونەوەکانی رابردوویان دووبارەکردەوە کە پێشتر لەسەری رێککەوتبوون.
به گوێرهی زانییارییەکان، خاڵی ناکۆکی نێوان کورد و حەشدی شەعبی، چۆڵکردنی سایلۆی خوورماتووە لەلایەن ھێزەکانی پێشمەرگە و رادەستکردنەوەی بازگە سەرەکییەکانی خوورماتووە بۆ ھێزەکانی پۆلیس، کە بەردەوام حەشدی شەعبی داوای دەکات، لایەنی کوردیش رەتیدەکاتەوە.
راید فاروق ئەحمەد، بەڕێوبەری ئاسایشی دوز خورماتوو، سەبارەت بەدۆخی ئەمنی ئەو شارە رۆژی 2017/04/30 تایبەت بە نوچەنێت رایگەیاند “بەهۆی لاوازی هەماهەنگی لەنێوان هێزە ئەمنییەکان، زیاتر لەساڵ و نیوێکە دۆخی ئەمنی خورماتووو خراپە، باروگوزەرانی هاوڵاتیان لە رووی ئەمنییەوە باش نییە، بەتایبەتی لە نێوان کورد و حەشدی شەعبی، هەندێك شوێنن هەیە کورد بۆی نییە بچێتە ئەو شوێنانە و ئەگەر بچنە ئەوێ سوکایەتیان پێدکرێت.
بەڕێوەبەری ئاسایشی خورماتوو گوتیشی “ژیانی هاوڵاتیان لە گەڕەکەکانی تین و سەربازی، وەکو خۆیەتی و تاڕادەیەك جێگیرە، بەڵام هەندێجار سەر هەڵدەداتەوە خەڵکی سوننە مەزهەب دەڕفێندرێت، ئەگەر عەرەب و تورکمانی بێت یان کورد”.
ئەو بەرپرسە ئەمنییە زیاتر روونیکردەوە و گوتی “بابەتی رفاندن هەیە و هەر بەردەوامە، لە هەفتەی رابردووشدا حاڵەتی رفاندن هەبووە، هەفتانە ئەم حاڵەتانە دووبارە دەبێتەوە تا دوو بۆ سێ حاڵەت، هەندێك جار حاڵەتی کوشتنیشی تێدەکەوێت”.
چوونی گەنجانی کورد بۆ ناو حەشدی شەعبی
ئەحمەد عەزیز، بەرپرسی ناوچەی خورماتووی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمی حزبەکەی راگەیاند ”گروپە شیعەكان لە سنوری خورماتوو، خانەقین، هەڵەبجە و شارەزوور، دەستیان كردووە بە ناونووسكردنی گەنجانی كورد بۆ نێو ڕیزەكانی حەشدی شەعبی. بارەگای سەرەكی حەشدی شەعبی لە گوندێكی باكوری شاری خورماتووە و لەوێوە چەك و ئۆتۆمبێل و ئازوقە و چەندین پێداویستی تریان بەو ناونووسكراوانە داوە”.
بەرپرسی ناوچەی خورماتووی پارتی گوتوویەتی “بەداخەوە، بەهۆی ئەو ململانێ سیاسییەی لە هەرێمی كوردستاندا هەیە، لایەنی كورد وەكو پێویست ئاوڕی لەم بابەتە مەترسیدارە نەداوەتەوە. لە لایەكی ترەوە، چەن لایەنێكی كورد و چەند میدیایەك لە سەرەتای دامەزرانیانەوە بۆ كەمكردنەوە و نەهێشتنی بەها نەتەوەیییەكان كار دەكەن و وایان لەو گەنجانە كردووە، پەنا بۆ هەر خیانەتێكی نەتەوەیی ببەن و هەستی پێ نەكەن و پیرۆزییەكانی نیشتمانیان لێ ون ببێت”. دەشڵێت ”ئەم هەنگاوەی گروپە شیعەكان پڕۆژەیەكە بۆ لێدانی پڕۆژە نیشتمانییەكەی كورد و هەنگاوەكانی سەربەخۆیی”.
لە لایەکی دیکەوە لوقمان کاکەیی، کارگێڕی لقی 3ی پارتی لە کەرکوک بە ماڵپەڕی هەواڵی حزبەکەی راگەیاندووە ”ماوەیەکە لە سنووری قەزای داقوق لەلایەن بەرپرسێکی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستانەوە دەست کراوە بە تۆمارکردنی ناوی خەڵکی ناوچەکە بۆ نێو ڕیزەکانی حەشدی شەعبی، بەتایبەتی ناونووسکردنی کوردانی کاکەیی ناوچەکە، ئەوەش مەترسییە بۆ سەر داھاتووی سنوری کەرکوک و داقوق، چونکە ھێزی پێشمەرگە لە سنورەکەیە و مەترسی دروست دەبێت.
پرۆسەی خوێندن
لە خورماتوو دوای تێپەڕبوونی ماوەیەك و چەندین جار دانیشتن و گفتوگۆ بەسەر رێكەوتنی كورد و حەشدی شەعبی، بەڵام تا ئێستا بارودۆخی شارەكە ئاسایی نەبووەتەوە خوێندنی كوردیش لەو شارەدا لە ژێر ھەڕەشەی نیشانشکێنەکانی حەشدی شەعبیی بووە و مەترسیان بۆ سەر ژیانی مامۆستا كوردەكان دروستکرد.
عەبدوڵڵا گومبی، نوێنەری بەشی خوێندنی كوردیی لە خورماتوو بە (كوردستان24) گوتووە “مەترسیی زۆر لەسەر مامۆستا كوردەكان ھەیە، وایكردووە نەتوانن وەك پێویست دەوام بكەن، ئەمەش زیانی زۆری بە خوێندنی كوردیی لە خورماتوو گەیاندووە”.
بە گوێرەی زانیارییەکان لە کاتی ئاڵۆزییەکان، چەكدارانی حەشدی شەعبی تەقەیان لە مامۆستایانی قوتابخانەیەك كرد، كە دەوامی خوێندنی كوردیی تێدا دەكرێت. هەروەها بەشی خوێندنی كوردی لە شارۆچكەی خورماتوو 46 قوتابخانە و خوێندنگە و زیاتر لە 9000 خوێندكار و زیاتر لە 600 مامۆستا و فەرمانبەر لەخۆدەگرێت، بەپێی گوتەی مامۆستا و فەرمانبەران، ئێستا بەھۆی بارودۆخی سیاسی و مەزھەھەبی لەو شارۆچكەیە، خوێندنی كوردیی لە ژێر ھەڕەشەدایە.
بەردەوامی رفاندن و تۆقاندن.
محمد فایق بەرپرسی ڕاگەیاندنی قایمقامیەتی خورماتوو رۆژی 15-4- 2017، بە (ئێن ئاڕتی) راگەیاند، شەوی 14ی نیسان 10 چەکدار بە جلی سەربازییەوە لە ناو شاری خورماتوو 3 هاوڵاتی عەرەبیان رفاندووە و دوای چەند کاتژمێرێک ئازادیانکردوون. بەڵام بە شێوەیەکی زۆر توند ئەشکەنجە دراون و شوێنەواری ئەشکەنجەکەش بەڕوونی بە جەستەیانەوە دیارە.
هەڵوێستی سەرکردەکانی کورد
باڵاترین مەرجەعی سیاسی هەرێمی کوردستان، مهسعود بارزانی، سهرۆكی ههرێمی كوردستان، رۆژی (17-4-2016) لە سەر رەوشی خورماتوو لهگهڵ قایمقام و كهسایهتی و نوێنەرانی چین وتوێژەکانی ئەو شارە، كۆبوویهوه و جەختی کردەوە بەهیچ شێوەیەك ڕێگە نادەن هیچ پیلانێك بۆ تێکدانی پێکەوەژیانی نێو پێکهاتەکانی خورماتوو سەربگرێت.
به گوێرهی ماڵپهڕی فهرمیی سهرۆكایهتی ههرێم شهلال عهبدول قائیمقامی خورماتوو “داواکاریی سەرەکیی خەڵکی خورماتوو گێڕانەوەی خورماتووە بۆ سەر هەرێمی کوردستان و دابینکردنی ئاسایش و ئارامیی بۆ دانیشتوانی شارەکە کە بەهۆی هەڕەشەکانی گروپە چەکدارەکانەوە, ژیانیان کەوتۆتە مەترسیی”. هەروەها یاداشتێك بەناوی خەڵکی خورماتووەوە پێشکەشی بارزانی کرا، کە کۆمەڵێک داواکاریی بۆ دابینکردنی سەقامگیری و ئاسایشی شارەکە و باشترکردنی خزمەتگوزاریی لەخۆگرتبوو.
بارزانی داواشی لە دانیشتوانی شارەکە کرد پێکەوەژیان و برایەتیی نێوانیان بپارێزن، هەروەها گوتوویەتی “هەرێمی کوردستان هەرچی لە توانایدا هەبێت بۆ بەرقەرارکردنی سەقامگیریی و ئاسایش و دابینکردنی ئارامیی بۆ دانیشتوانی شارەکە، درێخی ناکات و لەگەڵ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان گفتوگۆ دەکرێت بۆ ئەوەی کێشەکانی خورماتوو بەزووترین کات چارەسەر بکرێن”.
قادر رەزگەیی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان پێشتر بە نوچەنێت-ی رایگەیاند، ئەو ناوچە لە رۆی دیموگرافیا، ئایینی و نەتەوەییەوە جیاوازی تێدایە و دوو هێزی سەربازی جیاواز بوونی هەیە، هەر چەند هێزی حەشدی شەعبی لە رووی ژمارەوە کەمە، بەڵام ئەو هێزانە لە دوو ناوەندی جیاوازەوە فەرمانیان بۆ دەر دەکرێت، کە بەرژەوەندیشیان جیاوازە.
لە بارەی گومانی دەستێوەردانی دەرەکی لە ناوچەکە، رەزگەیی گوتی “بێ شک دەستێک هەیە، کە ئەو جیاوازیانە بە هەل دەزانێت و کار لە سەر پشێوی و تێکدانی پەیوەندییە سەربازییەکان دەکات لەو سنورە. دەستی دەرەکی مەرج نییە خۆی لە گەڵ لایەنێکدا ببینێتەوە، بارودۆخی عێراق بەتایبەتی ناوەڕاستی ئەم وڵاتە ئاڵۆزە کە چەندین دەست و دامودەزگای سیخوڕی جیاواز لەو ناوچانە تەلاتێن دەکەن، کە بۆتە خاڵی لاواز بۆ عێراق و هەریمی کوردستان”.
کردەوە تێکدەرانەکان.
بەرەبەیانی رۆژی هەینی 5-5-2017، لە سنوری خورماتوو، بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی چێندراو، پلەدارێکی پێشمەرگەیەک شەهید بووە و دوو پێشمەرگەی دیکەیش بریندارن.
ئەو پیشمەرگانە لەکاتی گەڕانەوەیان لە فەوجێک لەسەر چەمی زەرگە و لە جادە سەرەکییەکەی بۆ بنکەی لیوا، بۆمبێکی چێندراویان پێدا تەقیوەتەوە، لەو رووداوە نەقیبێکی لیوای پێنج بەناوی “جەمال فەتاح کەریم”، کە خەڵکی سەید سادقە شەهید بووە و “عەمید کاوە تۆفیق” حەمە ساڵح و پاسەوانێکی بریندار بوون”.
بەرپرسی هەواڵگری لیوای پێنجی وەزارەتی پێشمەرگەش بۆ راگەیاندنەکانی ئاشکرای کردووە “زۆر جار لەسەر ئەو جاددەیە رووداوی هاوشێوە روودەدات”.
شارەزایانی کاروباری سیاسی و سەربازی ناوچەکە گومان لە هێزەکانی حەشدی شەعبی دەکەن و پێیان وایە، ئەو هێزانە چاویان بە سەرکەوتنەکانی پێشمەرگە هەڵنایەت. هەروەها هەموو هەوڵیان ئەوەیە بتوانن زیان بە پێشمەرگە بگەیەنن، کە ئەمە مەترسییە و تا ئەو هێزە میلیشایانە لە ناوچە کوردستانییەکاندا بن، ئەو کێشە گرفتانە بەردەوام دەبن.
داهاتووی حەشدی شەعبی
رۆژنامەی ئەلحەیاتی لەندەن، لە راپۆرتێکیدا بڵاو کردووەتەوە و رایگەیاندووە، حەشدی شەعبی بەسەر سێ بەرەدا دابەش بووە، لەوانە، لایەنگرانی مەرجەعە شیعە عێراقییەکان (عەلی سیستانی) و (موقتەدا سەدر) و لایەنگرانی (عەلی خامنەیی)، ڕابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێراندا.
بەپێی لێکۆڵینەوەکە، لایەنگرانی ڕابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران لەگەڵ ئەوە نین، کە پشتگیری لە حکومەتەکەی حەیدەر عەبادی بکەن و عەبادییان پێ کەسایەتییەکی لاوازە و هەوڵ بۆ گەڕاندنەوەی نوری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق دەدەن، بەڵام ترسیان لە هەردوو مەرجەعی عێراقی سیستانی و سەدر هەیە.
هەروەها خاڵیکی دیکەی ناکۆکیی نێوان گروپەکانی نێو حەشدی شەعبی ئەوەیە، هەندێ لایەن، کە پشتگیری لە ڕابەری شۆڕشی ئیسلامیی ئێران وەردەگرن، دەیانەوێت بەشداری لە شەڕەکەی سوریادا بکەن و رژێمی بەشار ئەسەد بپارێزن، بەڵام لایەنگرانی سەدر و سیستانی لەدژی ئەوەن، کە ئەمەش یەکێکە لە هۆکارە بەهێزەکان بۆ دابەشبوونی ئەو گروپە. سەرەڕای ئەوەی لەناو حەشدی شەعبیدا ڕای جیاواز هەیە دەبارەی ئەوەی، کە ئاخۆ لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی عێراق تێکەڵ بکرێن یان نا.
ئەنجام
سەرکردایەتی کورد زۆر بە راشکاوانە دەڵێن، بنەمای شەراکەت لە عێراق نەماوە و دەبێ کورد بڕیار لە چارە نوسی خۆی بدات. هەروەها سەرکردایەتی سیاسی کورد بە سەرپەرشتی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئامادەکارییان بۆ گشتپرسی سەربەخۆیی کردووە و دووپاتیان کردۆتەوە بەتایبەت (پارتی و یەکێتی)، تەنیا چارەسەر بۆ بنبڕکردنی کێشە گرفتی کورد و ناوچە کوردستانییەکان، گشتپرسی و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردییە. کە دەتوانێت کورد لە نەهامەتیاییەکان بپارێزێت، تاکو حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق نەتوانن چیدی کورد بچەوسێننەوە.