پەیەدە ناوچەی ئارام لە سوریا رەتدەکاتەوە

0

نوچەنێت-رووداو
پەیەدە پێشنیاری ناوچەی ئارام لە سوریا رەتدەکاتەوە و بە هەنگاوێک بۆ دابەشکردنی ئەو وڵاتە دەزانێت. دەشڵێت “ئەوە تاوانە”.

رۆژی پێنجشەممە 4-5-2017، رێککەوتننامەی ناوچەی هێمن بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی لە سوریا، لەنێوان سێ وڵاتی گەرەنتیکاری ئاگربەست لە سوریا (رووسیا، تورکیا و ئێران) راگەیێندرا. وەزارەتی بەرگریی روسیاش بەشێک لە نێوەڕۆکەکەی بڵاوکردەوە.

ئیبراهیم ئیبراهیم، گوتەبێژی پارتی یەکێتی دیموکراتی PYD، رایگەیاند: پێشنیازەکەی رووسیا بۆ ناوچەی هێمن لە سوریا بە پلانێک بۆ دابەشکردنی ئەو وڵاتە لەسەر بنەمای تایفی دادەنێت و دەڵێت: ئەوە تاوانە.

گوتەبێژی پەیەدە دەڵێت، پێشنیازەکەی روسیا دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر ئەو ناوچانەی لەژێر کۆنتڕۆڵی هێزە کوردییەکان دان لە باکوری سوریا (رۆژئاوای کوردستان). 

ئەلێکساندەر فۆمین، جێگری وەزیری بەرگریی روسیا رایگەیاند: رێککەوتنەکە بەرهەمی گەڕی چوارەمی کۆبوونەوەکانی ئاستانەیە سەبارەت بە بارودۆخی سوریا. ئاماژەی بەوەشدا رێککەوتنەکە کاژێر 00:00 ی رۆژی شەممە 6-5-2017 دەستپێدەکات و سەرجەم بڕیارەکانیش بۆ دروستکردنی ناوچەی هێمن لە سووریا بە بڕیاری ڤلادیمیر پوتین دراون. 

رۆژی چوارشەممە 3-5-2017 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی روسیا لە شاری سووشی روسیا کۆبوونەوە. قەیرانی سوریا و پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات، پرسی سەرەکی کۆبوونەوەکانی لوتکەی ئەنقەرە و مۆسکۆ بوون.

لەبارەی هەمان پرس، سەرۆکی روسیا گوتی “یەکێک لە رێگەکانی بەدەستهێنانی ئاگربەست لە سوریا دروستکردنی ناوچەی دژەفڕینە، یان ناوچەی بارگرژیی کەم. وەک سەرۆک (ئەردۆغان)یش ئاماژەی پێدا لە یەکێک لە گوتەکانی سەرۆکی ئەمریکاش ئەوەمان بیستووە، بەهەمانشێوە باسیان لە ناوچەی بارگرژی کەم کردووە”

لەبارەی ناوچەی ئارام لە سوریا، ئەردۆغان گوتی “بەدڵنیاییەوە بارودۆخی نوێ هاتووەتەپێش، وەک دەزانن هەر لەسەرەتاوە من لە هەموو شوێنێک دەستەواژەی (ناوچەی دژەفڕین)م بەکارهێنا.  ئەمڕۆش بەکارمهێنا، سبەینێش بەکاریدەهێنم. ناوچەی سەرەکیش لەنێوان رەی و جەرابلووسە، کە رووبەرەکەی نزیکەی 4000 بۆ 5000 کیلۆمەتر دەبێت لە باکوورەوە بەرەو باشوور”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com