نوچەنێت
گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت، لەلایەن بەرپرسانی یەكێتییەوە بەربەست بۆ بەرپرسە ئیدارییەكانیان، لە سنووری ئیدارەی سلێمانی و گەرمیان دروست دەكرێت.
شۆڕش حاجی گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان، بە دەنگی ئەمریكای راگەیاند”بەربەستەکانی بەردەم بەرپرسەکانی گۆڕان لە پۆستە ئیدارییەکانی سلێمانی و هەڵەبجە، بەتەنها لەلایەن حکوومەتی هەرێمەوە نەبووە، بەڵکو لەلایەن بەرپرسانی یەکێتیشەوە بەربەستیان بۆ دروستکراوە”.
شۆڕش حاجی دەڵێت”ماوەیەکی زۆر دەبێت بەرپرسانی گۆڕان، لە پۆستەکانیاندا موعاناتێکی زۆریان هەیە. ئەوان لەبەردەم کێشە و گرفتی گەورەدابوون و لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بەربەستیان بۆ دروستدەکرێت، لە بەردەم دەسەڵاتەکانیاندا بۆ جێبەجێکردنی کارەکانیان. ئەوەشیان بە بزووتنەوەکە راگەیاندووە”.
هاوکات باس لە ناشەفافی داهاتی سنورەکانیان دەکات”ناتوانن بڕیاری لامەرکەزییەتی ئیداری و دارایی لە سنوری دەسەڵاتەکانی خۆیان پەیڕەو بکەن، لەبەرئەوەی داهاتەکانی سنورەکانیان شەفاف نییە و بۆ خەڵکەکەی خەرج ناکرێت”.