نوچەنێت
فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەتى هەرێمى کوردستان، وەڵامی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەداتەوە و رایدەگەیەنێت، رێگە بەدەستێوەردانى هیچ لایەک نادەین، ئەنجامدانى ریفراندۆم مافێکى ئاسایی و سرووشتى گەلى کوردستانە.
رۆژی دووشەممە 1-5-2017 بەهرام قاسمی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا و لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە ئەنجامدانی گشتپرسی لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند: “کوردەکان بەشێکی گرنگی عێراقن و لە چوارچێوەی یەکپارچەیی خاکی ئەو وڵاتە مافی خۆیان هەیە، بەڵام نابێت دژی یەکپارچەیی خاکی عێراق بوەستنەوە و دژایەتی بکەن و قبوڵی نەکەن”.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەروەها گوتی “ئەو قسە و باسانە نوێ نین، لە رابردووشدا ئەو پرسانە هەبووە، بەڵام ئێران پشتیوانی لە یەکپارچەیی خاکی عێراق دەکات و دژی هەر جیابوونەوەیەک لەو وڵاتە دەوەستێتەوە و پێموایە تاوەکو ئەو پەڕی بێکۆتایی لە بوون بە راستی ئەو بانگەشانە دوورین”.
لە بەرامبەردا رۆژی سێشەممە 2-5-2017 فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، نیگەرانى لەو لێدوانەی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەربڕی و رایگەیاند “مافى چارەى خۆنووسین وەک هەموو گەل و نەتەوەکانى دیکەى دونیا؛ مافێکى سرووشتى گەلى کوردستانە کە قوربانییەکى زۆرى بۆداوە و لەو خەباتەش بۆ گەیشتن بە خواستن و ئامانجە رەواکانى بەردەوام دەبێ”.
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەروەها دەڵێت “هەروەک پێشتر حکومەتى هەرێمى کوردستان بە فەرمى رایگەیاندووە، پرسى ریفراندۆم و سەربەخۆیی هەرێمى کوردستان پرسێکى ناوخۆیی عێراقە. بۆ ئەم مەبەستەش بە رێگەى گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن ئەم بابەتە لەگەڵ حکومەتى فیدڕاڵى لە بەغدا تاوتوێ دەکرێ و بڕیارى لەبارەوە دەدرێ. هەربۆیە لە دەرەوەى ئەم چوارچێوەیەدا هەرلێدوانێک رەتدەکەینەوە و دووپاتى دەکەینەوە کە رێگە بەدەستێوەردانى هیچ لایەک نادەین”.
هەروەها فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم کوردستان جەختدەکاتەوە “ئەنجامدانى ریفراندۆم مافێکى ئاسایی و سرووشتى گەلى کوردستانە و دوابڕیاریش دەربارەى سەرخۆیی لەلایەن گەلى کوردستان دەبێت کە مافێکى سرووشتى خۆیەتى”.