نوچەنێت: تایبەت
بەرپرسی لقی 12پارتی لە هەڵەبجە رایدەگەیەنێت، تائێستا لەسەر بەژداریکردنی پارتی لە حکومەتی خۆجێی هەڵەبجە پێك نەهاتووین و دەشڵێت “دەمانەوێت بەشدارێکی حەقیقی بین یان هەر بەشدار نابین”.
دوای چەندین کۆبوونەوە و گفتوگۆی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەڵەبجە بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی لەو پارێزگایە، رۆژی یەكشهممه 12-3-2017، لایهنه سیاسییهكانی پارێزگای ههڵهبجه پاش رێككهوتنیان، له كۆنفڕانسێكی رۆژنامهوانیدا، دهقی رێككهوتنیان لهبارهی چۆنیهتی دابهشكردنی پۆستهكانی پارێزگای ههڵهبجه راگەیاند، بەڵام تائێستا رێککەوتنەکەیان نەچووەتەبواری جێبەجێکردنەوە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، فازڵ بەشارەتی، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەبارەی بەشداریکردنیان لەحکومەتی خۆجێی پارێزگای هەڵەبجە رایگەیاند: هەتا ئێستا لەسەر بەشداریکردنی ئێمە لەو حکومەتە خۆجێی یە پێك نەهاتووین، چونکە هەتا ئێستا ئەوەی، کە دەسەڵاتە لە هەڵەبجە، نایەوێت ئێمە بەشدار بین ئەو رێککەوتنەش، کە کردوویانە لەبەر بەرژەوەندی خۆیان بووە، ئێمە دەمانەوێت لەسەر ئەو رێککەوتنانەی کردوومانە راستگۆیانە بێینە پێشەوە، بۆ ئەوەی ئێمە ئەو پۆستانە وەربگرین.
بەشارەتی ئەوەشی خستەڕوو، کە ئەو لایەنانەی، کە دەسەڵاتن لەهەڵەبجە دەیانەوەێت لە کۆی 52 پۆست لە هەڵەبجە ئێمە تەنها بە سێ بەڕێوبەرایەتی گشتی رازی بین و بڵێین تەواو هاتووینەتە ناو حکومەت و دەڵێت “لە راستیدا ئەوە بۆ ئێمە گرانە، کە بتوانین بەسێ بەڕێوبەرایەتی ناوی خۆمان بنێین شەریك لە حکومەتی خۆجێی هەڵەبجە”.
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی پارتی زیاتر روونیکردەوە و گوتی، کە ئەوەی دەسەڵاتە لە هەڵەبجە، دەبێت زیاتر نەرمی بنوێنێت، ئێمە هیچمان بەدەست نییە، کەچی ئەوان داوای نەرمی نواندن لە ئێمە دەکەن، شتەکانیان پێچەوانە کردووەتەوە بۆ چەواشەکاری و بنبڕکردنی راستییەکان، ئێمەش نامەنەوێت شتەکان هەرئاوا بە چەواشەکارانە بڕوات، دەمانەوێت بەشدارێکی حەقیقی بین یان هەر بەشدار نابین”.
بەشارەتی هیواشی خواست لە ئەمڕۆی بارودۆخی سیاسی کوردستاندا بەرپرسانە بیربکرێتەوە، تەنها بیر لە بەرژەوەندییە حزبییەکان نەکرێتەوە و گوتی “ئەوە خزمەت بەهیچ لایەکمان ناکات، ئەگەر پەرپرسانە بیربکەینەوە و بیر لەبەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان بکەینەوە، هەموومان بەشدار دەبین و هیچ کێشەیەکیشمان نابێت”.