نوچەنێت
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەرێمی کوردستان بەرەو قوناغێکی نوێی بۆژانەوە و ئاوەدانکردنەوە هەنگاودەنێت و وەبەرهێنەرانی بیانی گەڕاونەتەوە کوردستان بۆ چالاککردنەوەی جوڵەی بازرگانی و وەبەرهێنان. دەشڵێت “هەرێمی کوردستان لەو قەیرانەی تووشی بوو، خەریکە رزگاری دەبێت”.
هۆتێل ئەرجان رۆتانا بە گوژمەی 40 ملیۆن دۆلار لە هەولێر تەواوکراوە، هۆتێلێکی گەشتیاری پێنج ئەستێرەیە لە گرووپی هۆتێلەکانی رۆتانایە.
لە مەراسیمی کردنەوەی هۆتێل ئەرجان رۆتانا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتارێکی پێشکەش کرد و باسی لە ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان کرد لەماوەی 10 ساڵی رابردوودا.
نێچیرڤان بارزانی دەڵێت، هەرێمی کوردستان بەمتمانە و بڕوابەخۆبوونەوە بەرەوپێشەوە هەنگاو دەنێت و “لەو قەیرانەی تووشی بوو، خەریکە رزگاری دەبێت”.
لەبارەی وەبەرهێنان، نێچیرڤان بارزانی بە ئاماژەدان بەوەی هەرێمی کوردستان جێگەیەکی باشە بۆ وەبەرهێنان، رایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهەموو توانایەکی ئاسانکاری بۆ وەبەرهێنەران دەکات و وەبەرهێنەرانی بیانی گەڕاونەتەوە کوردستان.
لەبارەی پرۆژە جێبەجێکراوەکانی 10 ساڵی رابردوودا، نێچیرڤان بارزانی ئاشکرایکرد، لەماوەی 10 ساڵدا لە هەرێمی کوردستان ژمارەی قوتابخانەکان لە 3200ـەوە بوونەتە شەش هەزار قوتابخانە. هەروەها ژمارەی نەخۆشخانەکان لە 14 نەخۆشخانەی حکومییەوە بوونەتە 65 نەخۆشخانە. ژمارەی نەخۆشخانە ئەهلییەکانیش لە هەشت نەخۆشخانەوە بوونەە 55 نەخۆشخانە.
نێچیرڤان بارزانی گوتیشی “لەماوەی 10 ساڵدا زیاتر لە 16 هەزار و 400 کیلۆمەتر رێگاوبان دروستکراوە. هەروەها 200 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون دروستکراون، کە 50 هەزاریان بۆ خەڵکی کەمدەرامەت بوون”.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند، رێژەی خوێندەواری لە 53%ـەوە بۆ 83% بەرزبووەتەوە.
نێچیرڤان بارزانی جەختیکردەوە، حکومەت چاکسازی راستەقینە ئەنجامدەدات و کەرتی کشتوکاڵ، گەشتیاریی و پیشەسازیی گەشەپێدەدەن.
نێچیرڤان بارزانی، سەبارەت بە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا رایگەیاند، هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا گفتوگۆیەکی جددی دەستپێدەکات.