نوچەنێت: تایبەت
بەڕێوبەری ئاسایشی دوزخورماتوو رایدەگەیەنێت، حاڵەتی رفاندن لە دووز خورماتوو هەر بەردەوامە و لەهەفتەی رابردووشدا حاڵەتی رفاندن هەبووە و دەشڵێت “هەفتانە ئەم حاڵەتانە دووبارە دەبێتەوە”.
دوای شەڕ و تێکهەڵچوونەکەی سەرەتای ساڵی رابردوو لە نێوان پێشمەرگە و حەشدی شەعبی، سەرکردایەتی کورد و سەرکردە باڵاکانی شیعە، چەندین جار کۆبوونەوە و رێککەوتن تا ئارامی و ئاسایش بۆ دوزخورماتوو و دەورووبەری دابین بکرێت. بەڵام هێشتا هەواڵی کوشتن و فڕاندنی هاوڵاتیان بەردەوامە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، راید فاروق ئەحمەد، بەڕێوبەری ئاسایشی دوز خورماتوو، سەبارەت بەدۆخی ئەمنی ئەو شارە رایگەیاند: بەهۆی لاوازە هەماهەنگی لەنێوان هێزە ئەمنییەکانی ئەو شارە، زیاتر لەساڵ و نیوێکە دۆخی ئەمنی خورماتوو خراپە، باروگوزەرانی هاوڵاتیان لە رووی ئەمنییەوە باش نییە، بەتایبەتی لە نێوان کورد و حەشدی شەعبی، هەندێك شوێن هەیە کورد بۆی نییە بچێتە ئەو شوێنانە و ئەگەر بچنە ئەوێ سوکایەتیان پێدکرێت.
بەڕێوبەری ئاسایشی دوزخورماتوو گوتیشی “ژیانی هاوڵاتیان لە گەڕەکەکانی تین و سەربازی، وەکو خۆیەتی و تاڕادەیەك جێگیرە، بەڵام هەندێجار سەر هەڵدەداتەوە خەڵکی سوننە مەزهەب دەڕفێندرێت، ئەگەر عەرەب و تورکمانی بێت یان کورد”.
ئەو بەرپرسە ئەمنییە زیاتر روونیکردەوە و گوتی “بابەتی رفاندن هەیە و هەر بەردەوامە، لە هەفتەی رابردووشدا حاڵەتی رفاندن هەبووە، هەفتانە ئەم حاڵەتانە دووبارە دەبێتەوە تا دوو بۆ سێ حاڵەت، هەندێك جار حاڵەتی کوشتنیشی تێدەکەوەێت”.