نوجەنێت
سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە وەزیری بەرگری و فەرماندەی هێزی ئاسمانی عێراق کرد و لە “دوایین پێشهاتە ئەمنییەكان و بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕی داعش لە موسڵ ئاگادارکرایەوە”.
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، رۆژی شەممە 29ـ 4ـ2017 لە سەلاحەدین، مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە عرفان ئەلحەیالی، وەزیری بەرگریی عێراق و فەریق روکن ئەنوەر حەمەدەمین، فەرماندەی هێزی ئاسمانی عێراق كرد.
بەپێی هەواڵەکە، لە دیدارەكەدا کە کەریم شنگالی وەزیری ناوخۆ و وەزیری پێشمەرگە بە وەکالەت ئامادەی بوو، وەزیری بەرگریی عێراق، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی، لە دوایین پێشهاتە ئەمنییەكان و بارودۆخی مەیدانی بەرەكانی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش لە ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی موسڵ ئاگادار كردەوە.
هەروەها بارودۆخی ناوچە ئازادکراوەکانی موسڵ و ئاییندەی موسڵ خرایە بەرباس و جەختیش لە بەرەنگاربوونەوە و لەناوبردنی تیرۆرستان و ئازادكردنی ناوچەكان كرایەوە.
هەر لە دیدارەکەدا هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە پرۆسەی ئازادکردنی موسڵدا بەرز نرخێندرا و جەخت لەسەر بەردەوامی ئەو هەماهەنگییە کرایەوە.