نوچەنێت
گوته‌بێژی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له په‌رله‌مانی كوردستان، سه‌باره‌ت به سه‌ردانی ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتار بۆ ئه‌وروپا ڕایده‌گه‌ینێت، ئه‌و شانده‌ی سه‌ردانی ئه‌وروپایان كردووه، هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه نییه.
میدیاكانی پارتی دیموكراتی كوردستان له زاری محه‌مه‌د عه‌لی یاسین، گوته‌بێژی فراكسیۆنی پارتی، بڵاویانكرده‌وه، له سه‌ر ئه‌و هه‌واڵه‌ی، كه گوایه شاندێكی پەرلەمانی كوردستان سەردانی برۆكسل و باره‌گای په‌رله‌مانی ئه‌وروپایان كردووە، ئه‌م به‌رێزانه هه‌روه‌ك له وێنه‌كانیان دیاره ته‌نانه‌ت له ڕووی پرۆتۆكۆڵه‌وه وێنه‌ی په‌رله‌مان و په‌رله‌مانتاری كوردستان ده‌شێوێنن.
گوته‌بێژی فراكسیۆنی پارتی ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه، كه نامه‌یه‌كی ئه‌و په‌رله‌مانتارانه بڵاوبووته‌وه، كه گوایه داوای پشتگیری له په‌رله‌مانی ئه‌وروپا ده‌كه‌ن و به حیساب به ئینگلیزی نووسیویانه، كه‌چی سه‌راپای پڕه له هه‌ڵه و چه‌وتی زه‌قی وه‌ها، كه له نووسینی كه‌سانی خوێنده‌وار ناچێت.
محه‌مه‌د عه‌لی یاسین ئاماژەی بەوەداوە، ئه‌م شانده كۆبوونه‌وه‌كانیان له‌لایه‌ن هه‌ندێك له رێكخستنه‌كانی په‌كه‌كه له برۆكسل رێكخراوه و به‌رده‌وام نوێنه‌ری ئۆفیسی ئه‌وان له گه‌ڵیاندایه، له كاتێكدا ئه‌گه‌ر شاندی فه‌رمی په‌رله‌مانی كوردستان بێت، ئه‌وكاته نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێم له گه‌ڵیان ده‌بوو.
گوته‌بێژی فراكسیۆنی پارتی گوتی، بۆیه ئه‌مه هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به شاندكردنی په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه نییه و نوێنه‌رایه‌تی په‌رله‌مان ناكات، نوێنه‌رایه‌تی فراكسیۆنه‌كانیش ناكات و بەبێ ئاگاداریی سەرۆكایەتی پەرلەمان و رێكارە یاساییەكانی گەشتكردنی پەرلەمانتاران، ئەم سەردانەیان ئەنجامداوە.