نوچەنێت-رووداو
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە میانەی بەشداری لە کۆڕبەندی ئەنجومەنی ئەتلەنتیک لە ئیستەنبوڵ، بڕیارە لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا کۆببێتەوە. ئەردۆغان دەڵێت “بەڕێوەچوونی لوتکەی ئەتڵەنتیک دەبێتە هۆکار بۆ باشبوونی دۆخی ئابووری تورکیا”
رۆژی هەینی 28-4-2017 دووەم رۆژی هەشتەمین کۆڕبەندی ئەنجومەنی ئەتلانتیک لە شاری ئیستەنبۆل بەڕێوەچوو، و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەی کۆڕبەندەکەبوو.
لە کۆڕبەندەکەدا بە ئامادەبوونی شرۆڤەکاران و وەزیرانی وڵاتانی بەشداربوو، گرنگترین پرسەکانی پەیوەست بە ئابووری و وزە و دارایی و کێشە ئەمنییەکانی ناوچەکە تاوتوێ دەکرێن.
لە دووەم رۆژی کۆڕبەندەکەدا رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا گوتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند: “بەڕێوەچوونی لوتکەی ئەتڵەنتیک دەبێتە هۆکار بۆ باشبوونی دۆخی ئابووری تورکیا”.
یەکێک لە تەوەرە گرنگەکانی کۆڕبەندەکە پەیوەستە بە پرۆژە ستراتیژییەکانی گواستنەوەی گازی سرووشتی لە رێگەی خاکی تورکیاوە، کە بە پرۆژەی تەوژمی باشوور بەناوبانگە و هەرێمی کوردستانیش هەر بە نیازە لەرێگەی ئەو پرۆژەیەوە گازی سرووشتی خۆی هەناردەی ئەوروپا بکات.
بە گوێرەی زانیارییەکان، بڕیارە کاتژمێر چواری دوای نیوەڕۆ، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆشکی (مابەین) لە ئیستەنبوڵ کۆببنەوە”.