کامەران باجەڵان: ئاڵا تاڵەبانی بۆی نییە بەناوی فراکسیۆنی یەکێتی قسە بکات

0

نوچەنێت
لە راگەیێندراوێکدا جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە بەغدا رایدەگەیەنێت، ئاڵا تاڵەبانی بۆی نییە بەناوی فراکسیۆنی یەکێتی قسەبکات و دەشڵێت “نەک تەنیا زۆربەی ئەندامانی فراکسیۆنی یەکێتی ، بەڵکو جێگری سکرتێری گشتی و مەکتەبی سیاسیش گەیشتنە ئەو باوەڕەی کە ئاڵاخان ناتوانێ سەرکردایەتی فراکسیۆنەکەمان بکا”.

ئالا تاڵەبانی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە بەغدا، لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیبووی “لە کۆبوونەوەیەکی ئاساییدا رۆژی 26-4-2017 لە بەغدا بە دەنگی زۆرینەی ئەندامانی فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاڵا تاڵەبانی بە سەرۆك هەڵبژێردایەوە و بەختیار شاوەیس وەكو جێگری سەرۆکی فراکسیۆن هەڵبژێردرا”.

دەقی راگەیێندراوەکەی کامەران باجەلان، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی: 

لە ھەندێ پەیج و دامودەزگا بڵاوکرایەوە گوایە فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق خۆی نوێ کردۆتەوە و سەرۆک و جێگر و سکرتێری ھەڵبژاردۆتەوە بە پێویستی دەزانم بە ھەموو لایەکی رابگەیەنم کە :

یەکەم: خاتوو ئاڵا تاڵەبانی بەبێ ئاگاداری نیوەی ئەندامانی فراکسیۆنەکە کۆبونەوەیەکی کردووە و گوایە جارێکی تر خۆی بەپێوەری حسنی موبارەک ھەڵبژاردۆتەوە. چونکە من جێگری سەرۆکی فراکسیۆنم و ئاگاداری ئەو ھەڵبژاردنە نەبوومە.

دووەم: دیارە ئەو ھەڵبژاردنە زیاتر لە شانۆگەریەک دەچێ بۆ چەواشەکردنی خەڵکی و رێگەگرتن لە لادانی لەسەرۆکایەتی فراکسیۆنەکەمان.

سێیەم: لەم خولەی پەرلەمانی عێراق لەلایەن م.س بەبێ ھەڵبژاردن خاتوو ئاڵا بەسەرۆکی فراکسیۆن و منیش بەجێگری داندراین، بەڵام لەبەر ئەوەی ھەڵس و کەوت و کارەکانی دوور بوون لە سیاسەتی (ی.ن.ک)و رێبازی مام جەلال زۆربەی ھەرەزۆری ئەندامانی فراکسۆنەکەمان دوای گەیاندنی نیگەرانیەکانیان بە م.س خۆیان لە فراکسیۆنەکە دووکردەوە و منیش پشگیری ئەوانم کرد.
 
چوارەم: لەبەر ئەوەی نەک تەنیا زۆربەی ئەندامانی فراکسیۆنی یەکێتی بەڵکو جێگری سکرتێری گشتی و مەکتەبی سیاسیش گەیشتنە ئەو باوەڕەی کە ئاڵاخان ناتوانێ سەرکردایەتی فراکسیۆنەکەمان بکا لە کۆبونەوەیەکی م.س لە مانگی ئابی رابردوو بەکۆی دەنگی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی بڕیاری لادانی درا، بەڵام بەھۆی کێشە ناوخۆیەکانمان بڕیارەکە جێبەجێ نەکرا ، بەڵام بڕیارەکە وەکو خۆی ماوەتەوە.

پێنجەم. لە رۆژانی رابردوو جارێکی تر مەسەلەی لادانی لەلایەن م.س ھاتەوە پێش و ئەویش ھەستی پێکردووە بۆیە شانوگەریەکی لەم بابەتەی دروستکردووە بەبێ ئاگاداری و ئامادەبوونی نزیکەی نیوەی پەرلەمانتارانی یەکێتی جارێکی تر ماوەی سەرۆکایەتیەکەی خۆی درێژکردۆتەوە و جێگرێکیشی بۆ خۆی داناوە. 

لەبەر ئەوەی ئەم ھەواڵە لەلایەن ئاڵاخانەوە دراوەتە دامودەزگاکانی راگەیاندن ناچار بووم بەرچاوی ھەڤاڵانی خۆمان و لایەنەسیاسیەکان لەو بارەیە ڕوون بکەمەوە و رای دەگەیەنم کە ئەو ھەڤاڵەمان بەھیچ شێوەیەک مافی ئەوەی نیە کە بەبێ بڕیار و  ئاگاداری م.س و ئامادەبوونی تەواوی ئەندامانی فراکسیۆنەکەمان بەتایبەت کادیرە دیار و سەرۆک لیژجنەکانی پەرلەمان کارێکی لەو جۆرەبکا ،بۆیە  ئەو لانی کەم سەرۆکی نیوەی فراکسیۆن نیە و بۆی نیە بەناوی فراکسیۆنی یەکێتی قسەبکا.

کامەران باجەلان (عبدالعزیز حسن)
جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی 
سەرۆکی لیستی ئاشتی کوردستانی
٤/٢٧/ ٢٠١٧

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com