تایبه‌ت: نوچه‌نیت
په‌رله‌مانتارێكی كوردانی ئیزدی له بەغدا رایده‌گه‌یه‌نێت، حكومه‌تی عێراق له ئاست بوونی په‌كه‌كه له شنگال و بۆردومانی توركیا له‌سه‌ر شنگال بێ ده‌نگه. ده‌شڵێت “هه‌تا په‌كه‌كه له شنگال بێت ناوچه‌ی شنگال ئاوه‌دان ناكرێته‌وه”.
دوای كۆنترۆڵكردنی شنگال و دەورووبەری له مانگی ئابی 2014 له‌لایه‌ن چه‌كدارانی داعشه‌وه، چه‌ند مه‌فره‌زه‌یه‌كی گه‌ریلاكانی په‌كه‌كه (پارتی کرێکارانی کوردستان) له رۆژئاوای كوردستانه‌وه خۆیان گه‌یانده چیای شنگال، ڕۆژ به ڕۆژ له هه‌وڵی به‌هیزكردنی پیگه‌ی خۆیان له ناوچه‌كه. حكومه‌تی هه‌ریمی كوردستان و پێشمه‌رگه و کۆمەڵگای نێوده‌ڵه‌تی، داوای كشانه‌وه‌ی چه‌كدارانی په‌كه‌كه ده‌كه‌ن له شنگال، تابێتە هۆی دروستبوونی کێشە و گرفت، به‌ڵام په‌كه‌كه سووره له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی له شنگال و كشانه‌وه ره‌تده‌كاته‌وه.
له لێدوانێكی تایبه‌ت به نوچه‌نێت، د.ڤیان ده‌خیل، په‌رله‌مانتاری كوردی ئیزدی له ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، له‌باره‌ی سووربوونی په‌كه‌كه بۆ مانه‌وه‌ی له شنگال و پشتگوێ خستنی داوای هه‌رێم و پێشمه‌رگه بۆ كشانه‌وه‌یان له ناوچه‌كه رایگه‌یاند: چه‌ندین جار داوامان له حكومه‌تی عێراق و ریكخراوه نێوده‌وڵه‌تی و لایه‌نه‌كان كردووه بۆ گوشار دروستكردن له‌سه‌ر په‌كه‌كه، بۆ كشانه‌وه‌ی چه‌كداره‌كانی له شنگال، به‌ڵام په‌كه‌كه سووره له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی خۆی له شنگال، كه ئه‌مه هۆكاره بۆ ئاوه‌داننه‌كردنه‌وه‌ی ناوچه‌كه‌یە، له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێم و ریكخراوه نێوده‌ڵه‌تییه‌كان.
د.ڤیان ده‌خیل ده‌ڵێت، رێكخراوه نێوده‌ڵه‌تییه‌كان پێیان راگه‌یاندووین، هه‌تا ئه‌و گروپه چه‌كداریانه له شنگال بمێننه‌وه، ئاماده‌نین شنگال ئاوه‌دان بكه‌ینه‌وه.
به بڕوای ئەو پەرلەمانتارە ئێزیدییە، چه‌كدارانی په‌كه‌كه ئاماده نابن به ئاسانی ناوچه‌ی شنگال و چیای شنگال چۆل بكه‌ن، به‌و پێیه‌ی شوێنێكی ستراتیژی گرنگه باشور و رۆژئاوای كوردستان پێكه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه.
سه‌باره‌ت به بۆچوونی حكومه‌تی عێراق بۆ كشانه‌وه‌ی په‌كه‌كه له شنگال ناوبراو دەڵێت، حكومه‌تی عێراق به پێی به‌رژه‌وه‌ندی خۆی سیاسه‌ت ده‌كات و له خه‌می خه‌ڵكی شنگال نییه و هه‌ڵوێسته‌كانی لاوازن، هه‌ر له بوونی په‌كه‌كه یان بۆردومانكردنی ناوچه‌كه له‌لایه‌ن توركیاوه.
د.ڤیان ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات، بوونی په‌كه‌كه له شنگال به‌هانه‌یه بۆ توركیا، بۆ بۆردومانكردنی ناوچه‌كه و دەستوەردانی زیاتر له شنگال، كه ئه‌مه‌ش ته‌نها خه‌ڵكی شنگال لێی زه‌ره‌رمه‌ندن.