نوچەنێت
روسی، بۆتە زمانی دووەمی سوریا. ریاز حەداد، باڵوێزی سوریا لە مۆسکۆ ئەمەی راگەیاندووە. ریاز دەڵێت، کە منداڵەکانی بەشار ئەسەد، خەریکی فێربوونی زمانی روسین. باڵوێزی روسیا ئەم هەنگاوەی بە نیشانەی سپاس و پێزانینی ئەسەد بۆ روسیا زانیوە، کە لە شەڕی ناوخۆی ئەم وڵاتە تا ئێستا پشتگیری کردووە. بەشار ئەسەد، بە ئاژانسی سپۆتنیکی روسی گوتووە، کە بە دوور نییە داوا لە روسیا بکات، کە هێزی زەمینی رەوانەی سوریا بکات.
ئەم هەواڵانە دەبێ تەرکیزیان لە سەر بکرێت. هەڵگری زۆر پەیامی دیکەن. ئەسەد قبووڵی کردووە، کە زیاتر لە هەموو وڵاتێکی بیانی لە سوریا باڵادەست تر دەبێت. ئەمە کۆی داستانەکە نییە. هەفتەی رابردوو، رۆژنامەی ئێندیپێندێتی بەریتانی رایگەیاند، کە ئیدارەی ترامپ، خەریکی تاوتوێ کردنی پرسی ناردنی 50 هەزار سەربازە بۆ سوریا. لە ئێستادا هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەپەگە جێگیرن. دەکرێ بگوترێ، کە بوونی 500 سەربازی ئەمریکا لە سوریا دەکەوێتە خانەی کاروباری راوێژکاری و راهێنانەوە، بەڵام رەوانە کردنی هێزێکی 50 هەزار کەسی دەتوانێ چ سیناریۆیەک وێنا بکات؟
هاوکات ئیسرائیل بەرزاییەکانی گوڵان و بنکە سەربازییەکانی سوپای سوریای لە قنیطرە کردۆتە ئامانجی هێرشەکانی، بە بێ ئەوەی روسیا متەقی لێوەبێت.
رێککەوتنی روسی -ئەمریکی
لە لایەک دەگوترێ ئەمریکا 50 هەزار سەربازی خۆی رەوانەی سوریا دەکات، بەڵام پێشتر دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە، کە نایهەوێ هێزی سەربازی لەم وڵاتە بە کاربێنێ. هاوکات بەشار ئاسەد ئاماژەی بەوە داوە، کە ئەگەر پێویست بکات، بە فەرمی داوا لە مۆسکۆ دەکات هێزی زەمینی رەوانەی ئەم وڵاتە بکات. پێدەچێ رێککەوتنێک لە نێوان کرمیلن و کۆشکی سپی لە ئارادا بێت. فڕۆکە شەڕکەرەکانی روسیا لە سنوورەکانی ئالاسکا، مانۆڕی سەربازییان بەڕێوەبردووە، ئەمە هاوکاتە لە گەڵ تەنگژەی نێوان کۆریای باکور لە گەڵ ئەمریکا و هاوپەیمانانی. هەموو ئاماژەکان ئەوە دەڵێن، کە ئەمریکا و روسیا خەریکی پێداچوونەوە بە هاوکێشەی سوریان و لە ئێستادا خەریکی تاوتوێکردنی هاوسەنگی هێزن لەم وڵاتە.
لە گفتوگۆکانی ئەمریکا و روسیا، ئەمریکیەکان نیگەرانی خۆیان دەرباری بوونی هێزەکانی حزبولڵا و هێزەکانی دیکەی بەستراوە بە ئێران، بۆ روسەکان باس کردووە. دەگوترێ لایەنی روسی، ئەمریکای دڵنیا کردۆتەوە، کە چاودێری ورد بە سەر کاروکردەوەی هێزەکانی بەستراوە بە ئێراندا دەکات.
کاتێک ئەسەد باس لە رەوانەکردنی هێزی زەمینی روسیا بۆ وڵاتەکەی دەکات، گریمانە دەکرێ، ئەم هێزانە لە جیاتی هێزەکانی حزبوڵڵای بەستراوە بە ئیران، لە سوریا جێگیر بکرێن. دواتر مۆسکۆ گوشار بخاتە سەر تاران، کە هێزەکانی خۆی و سەرجەم راوێژکارانی سەربازی و چەکدارانی حزبوڵڵا لە سوریا بکشێنێتەوە.
ئەگەر بڕیار بێت، کە هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا جێگیر بکرێن، روون و ئاشکرایە، کە ئەم هێزانە ناکرێ لە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی روسیا و ئەسەد جێگیر بکرێن.
ئسرائیل و ئەمریکیەکان لە هەر جۆرە تێکهەڵچوونێک لە گەڵ هێزەکانی روسیا و سوریا، خۆ بە دوور دەگرن. بەم پێیە رەنگە لەو ناوچانەی جێگیر بکرێن، کە بەرەبەرە لە ژێر دەسەڵاتی داعش کۆنتڕۆڵ دەکرێنەوە، بۆ وێنە لە (رەقە و دێزور). رەنگە ئەم پرسیارە بێتە ئارواوە بۆ دەبێ ئەمریکا لەم ناوچانە جێگیر ببێت. رەنگە هۆیەکی ئەوە بێت، کە ئەم ناوچانە سوننە نشینن و ئەمریکیەکان، بیانهەوێ کۆنتڕۆڵی ئەم ناوچانە لە دوای داعش بە دەستەوە بگرن. ئەمە هەمان ئەو سیناریۆیە، کە دڵخوازی وڵاتانی عەرەبی سوننەیە، چونکە پێیان وایە لە ژێر سێبەری سەربازی ئەمریکادا هەست بە ئارامی و دڵنیاییەکی زۆرتر دەکەن. بە واتایەک پێدەچێت ئەمن و ئاسایشی ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی ئەسەد، بە روسیا بسپێردرێ و بە هەمان شێوەی ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی ئۆپۆزسیۆن بە ئەمریکیەکان. لە ژێر سێبەری ئەم دووە، ئەسەد درێژە بە ژیانی سیاسی خۆی دەدات و ئۆپۆزسیۆنی سوریش بە پاڵپشتی وڵاتانی عەرەبی سوننە، ئیدارەی ناوچەی خۆیان دەکەن، کە بەشی هەرە زۆری سوننە نشینین.
بەرژەوەندی ئیسرائیل لەم هاوکێشەیە
لەم نێوەدا، ئیسرائیل لە سەر دوو بابەت پێداگری دەکات، یەکەم: هێزەکانی ئێران و حزبوڵڵا لە سوریا پاشەکەشەیان پێبکرێت. دووەم: بەزراییەکانی گوڵان بخاتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیەوە. بۆردومانکردنی بنکە و پێگەی سەربازییەکانی سوریا بۆ ئەم مەبەستەیە. ئیسرائیل هەر لە سەرەتاوە پێی وابووە، کە بەرزاییەکانی گوڵان وەک ناوچەیەکی ستراتیژی هی ئەم وڵاتەیە و دیمەشق نابێ خەونی پێوە ببینێت. ئەمریکا و روسیا لەم بارەیەوە بە ئەگەر زۆر گڵۆپی سەوزیان بۆ تەل ئەبیب هەڵکردووە. تەنانەت ئەگەر ئەم ناوچەیە بکەوێتە ژێر کۆنتڕۆڵی ئۆپۆزسیۆنی ئەسەد، پێناچێ ئیسرائیل لێی زەرەرمەند بێت.
گریمانە دەکرێ ئیسرائیل و مۆسکۆ لەم بارەیەوە شتی ژێر بە ژێر و رێککەوتنیان هەبێت. ئەوەی راستی بێت روسیاش بە جۆرێک بەرژەوەندی ئیسرائیلی بە فەرمی ناسیوە. بۆردوومان کردنی بنکە سەربازییەکانی سوریا لە لایەن ئیسرائیلەوە بە بێ ئەوەی دژکردەوە و دژایەتی روسیای بە دواوە بێت، ئەگەرەکانی بەردەم ئەم گریمانەیە بەهێز دەکات.
ئێران و سوریای بەسوود
تا ئێستا سیناریۆکە روونە، رۆڵ و بەرژەوەندی ئێران چی لیدێت؟ ئایا ئێران ئامادەیە بەم سادەییە واز لە سوریا بێنێ؟ ستراتیژی دوایی ئێران ناڕوونە. ژمارەیەک لە میدیاکان دەڵێن ئێران لە بیری ئەوەدایە، کە ناوچە سەرەکییەکانی سوریا، کە زۆر جار بە سوریای بەسوود لێکی دەدەنەوە، کۆنتڕۆڵ بکرێنەوە، بەڵام دەگوترێ، کە روسیا دژ بەم بیرۆکەیە. ئێرانییەکان لە مێژە دەڵێن روسەکان سەوداچی زیرەک و چاکن. لە ئێستادا هاتنی روسیا بۆ ناو خاکی سوریا، هەم لە بەرژەوەندی ئەسەد بووە، هەم هی ئێران، بەڵام ئەگەر سیناریۆی ئاماژەپێکراو بە بنەما وەربگرین، سەر ئێران بێ کڵاو دەمینێتەوە.
کەس نازانێ کۆتایی شەر لە سوریا چۆناوچۆن دەبێت. بەڵام یەک شت روونە، هاتنی روسیا و ئەمریکا بۆ سوریا، بە شێوەیەکی بەهێزتر، دەتوانێ زۆریەک لە هاوکێشەکان بگۆڕێت.