نوچەنێت
ئەندامێکی لێژنه‌ى باڵاى فەتواى هه‌رێمى كوردستان، لەبارەی بڵاوبوونەوەی نامیلکەیەک کە باسی حەرامی شۆفێری ئافرەتان دەکات، دەڵێت “حه‌رامێتی شۆفێری ئافره‌تان، فه‌توایه‌كى نامۆیه و دووره له واقیع، له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رجى ژینگه‌یى هه‌رێمى كوردستان ناگونجێت”.
ماوەیەکە نامیلكه‌یه‌ك كه‌وتووەته بازاڕه‌كانی هەرێمی كوردستانەوە، كه تایبه‌ته به حه‌رامكردنى شۆفێری ئۆتۆمبێل له‌لایه‌ن ئافره‌تانه‌وە، باس له‌وه ده‌كات، شۆفێری بۆ ئافرەتان حه‌رامه و دروست نییه. نامیلكه‌كه له به زمانى عه‌ره‌بى نووسراوه و وه‌رگێڕدراوه‌ته‌وه سه‌ر زمانى كوردى.
د. ئه‌حمەد شافیعی،ئه‌ندامى لیژنه‌ى باڵاى فه‌تواى هه‌رێمى كوردستان لە راگەیێندراوێکدا، کە لە ماڵپەڕی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان بڵاوکراوەتەوە رایگەیاند”ئه‌م جۆره فه‌توایانه تایبه‌تن و بۆ وڵاتی سعودیه ده‌ركراون. هیچ په‌یوه‌ندییه‌كیان به هه‌رێمى كوردستانه‌وه نییه”.
دەشڵت”به نیسبه‌ت ئێمه ئه‌م فه‌توایه فه‌توایه‌كى نامۆیه و دووره له واقیع، له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رج و ژینگه‌ی هه‌رێمى كوردستان ناگونجێت”.
د. ئه‌حمەد شافیعی هەروەها رایگەیاندووە”بڵاوكردنه‌وه‌ى ئه‌و جۆره فه‌توایانه هیچ خزمه‌تێك به بنه‌ما گشتییه‌كانى ئایینى پیرۆزى ئیسلام ناكات، به‌تایبه‌تیش ده‌ست خستنه ناوه‌وه‌ى سه‌روه‌رى وڵاتێكه كه خۆى چه‌ندین زاناى گه‌وره و پسپۆڕى هه‌یه له بوارى فیقهی ئیسلامى و لیژنه‌ى باڵاى فه‌تواى هه‌یه،کە پێویستى به هاورده‌كردنى فه‌تواى هیچ شوێنێكى دیکە نییه”.
ئەو ئەندامەی لیژنه‌ى باڵاى فه‌تواى هه‌رێمى كوردستان رەخنە لە وەزارەتی رۆشنبیری دەگرێت”سەرم سوڕماوە لەوەی، كه بۆچى وه‌زاره‌تى رۆشنبیرى رێگه به بڵاوكردنه‌وه‌ى ئه‌م جۆره نامیلكانه ده‌دات، كه ده‌بێته هۆى تێكدانى كه‌شوهه‌واى ئارامى نێو كۆمه‌ڵگه و دڵه‌ڕاوكێ و كێشه‌ى ئایینى، كۆمه‌ڵایه‌تى و په‌رته‌وازه‌یى لێ ده‌كه‌وێته‌وه، زیاتر ناسه‌قامگیرى و ئاسایشى ناو خێزان تێكده‌دات”.