نوچەنێت
پرسی راپرسی لەسەر سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان ماوەیەكە نێوەندە میدیایی و سیاسییەكانی پڕ كردووە و خوێندنەوەی جیاجیای بۆ دەكرێت، بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنن، کە گشتپرسی بە واتای جیابوونەوە لە عێراق نییە. بەڵام دەمانەوێت ئیرادەی خەڵکی خۆمان بە دونیا رابگەیەنین.
بڕیارە دوای جارێكی دیكە گفتوگۆكردن لەگەڵ بەغدا سەبارەت بە ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان، ئەو بۆردە باڵایە دروستبكرێت كە ئەركی جێبەجێكردنی ریفراندۆمی دەكەوێتەسەر، سەبارەت بە ھاتنی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ نێو بۆردەكە، ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەڵێت، گۆڕان و رێكخەری بزووتنەوەكە دوپپاتیان كردوەتەوە لەگەڵ ریفراندۆم و سەربەخۆیین. بۆیە ئەمە خاڵێكی ھاوبەشە بۆ رازیكردنی گۆڕان.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەمیانی چاوپێكەوتنی لەگەڵ پێگەی “فیلبی” ئەمریكی راگەیاندووە “ئەمساڵ لەهەرێمی کوردستان، راپرسی بۆ پرسی سەربەخۆیی كوردستان ئەنجامدەدەین”. هەروەها گوتی، ئەنجامدانی راپرسی لەئەمساڵدا لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە بۆ سەربەخۆیی كوردستان “واتای جیابوونەوە نییە لەعێراق”، بەڵكو “بۆ زانینی رای خەڵكی هەرێمی كوردستانە لەو بارەوە”.
بارزانی ئاشكرایكردووە “بۆ پرسی سەربەخۆیی، لە داهاتوودا گفتوگۆیەكی جددی لەگەڵ لایەنی بەغدا دەكەین و بۆ ئەو مەبەستەش، بەم نزیكانە شاندی باڵای هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا دەكات و لەسەر پرسی راپرسی و سەربەخۆیی گفتوگۆ لەگەڵ لایەنی عێراقی دەكەین، كە “هیوادارین لایەنی بەغدا پێشوازی لەو پرسە بكات”.
عەمار حەکیم، سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتیمانی شیعە لە عێراق، چوارشەممە 19-4-2017، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی ئۆن لای میسر گوتی “براکانمان لە کوردستان ئاوات و خەونی پێکهێنانی دەوڵەتی کوردییان هەیە، لۆژیکی ئەوانیش ئەوەیە، کە عەرەب 22 وڵاتی هەیە و فارس وڵاتێکی هەیە و تورک وڵاتێکی هەیە، ئەی بۆچی کورد خاوەنی وڵاتی خۆی نییە؟”.
سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتیمانی شیعە لە عێراق، ئاماژەی بەوەش کردووە، کە “ژمارەی دانیشتوانی کورد ٥٠ ملیۆن یان زیاترە، و لە چەند وڵاتێکی ناوچەکەدا دەژین، ماوەی زیاتر لە ٧٠ ساڵیشە ئاواتیان بۆ دەوڵەتی کوردی هەیە، کە پێدەچێت ئەو ئاواتە بۆ چەندین سەدەی دیکە بەردەوامبێت و بێتەدی یان نەیەتەدی”.
حەکیم باسی لەوەش کردبوو، کە “ئەم دۆخەی ئێستا هاوکاری هەرێم ناکات، چ لە ڕووی پێکهاتە ناوخۆکانی کوردستان و قەبارەی کێشە سیاسی و ئابووری و ئەمنیەکانەوە یاخود لە ڕووی ئەو گرفتانەوە، کە ڕووبەڕووی هەرێم بووەتەوە، یاخود لە ڕووی هاوکێشەی عێراقییەوە و ئەو دۆخە نالەبارە و ئەو تەحەدیانەی، کە ڕووبەڕووی عێراق بوونەتەوە، هەروەها لە ڕووی دۆخی ناوچەیی و نێودەوڵەتیشەوە”.
عەمار حەکیم دەڵێت “جگە لە ئیسرائیل، هیچ وڵاتێکی دیکە شکنابەم کە دان بە دەوڵەتی کوردیدا بنێت ئەگەر لەم دۆخەی ئێستادا ڕابگەیەندرێت”.
فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەب سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، 22-4-2017 لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەبەرامبەر لێدوانەکانی عەمار حەکیم رایگەیاند “لەو بڕوایەدا نەبووین، پێمانوانەبوو سەید عەممار حەکیم لێدوانێکی وا بدات، چونکە رەوتی سەدری دەڵێن، ئێمە رێز لە ماف و خواستەکانی میللەتی کورد دەگرین، تەنانەت لەسەر ئاڵای کوردستان لە کەرکوک و پرسی ریفراندۆم، رەوتی سەدری هیچ کاردانەوەیەکی خراپی نەبووە، ئێمە پێویستمان بە قووڵکردنەوەی بابەتەکان نییە بەرامبەر بە یەکدی، بە پێچەوانەوە ئێمە پێویستیمان بە ئارامکردنەوەی رەوشەکە هەیە”.
فازڵ میرانی دەپرسێت “سەید عەمار ،لەکوێ دەزانێت ئیسرائیل پشتگیریمان دەکات و ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵ ئیسرائیل هەیە؟ ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵ وڵاتە عەرەبییەکان و ئیسلامییەکان باشترە، لەلایەکی دیکەوە ئەمە مافی سرووشتی هەموو میللەتێکە، بەڕاستی ئێمە مۆڵەت لەکەس وەرناگرین، ئەو لێدوانانەش هەر ئەوەندە دەهێنێت مرۆڤ زۆر لەسەری نەڕوات”.
لایەنە سەرەکییەکانی هەرێم
هێمن هەورامی، یاریدەدەری مهسعود بارزانی، سهرۆكی ههرێمی كوردستان، بە ئهنادۆڵی راگەیاندووە، هەرێمی کوردستان سورە لەسەر ئەنجامدانی گشتپرسی لە ئەمساڵدا، ئەو پرۆسەیە ئەنجام دەدەین و بڕیاری سەرکردایەتی سیاسی کورد و لەم رووەوە زۆر جددی و ئاشکرایە.
هێمن هەورامی هەروەها دەڵێت، ئێمە داواکارین لە لایەنە سیاسییەکان هاوکارمان بن و پێکەوە هەنگاو بنێین، چونکە بابەتی ئەنجامدانی ریفراندۆم و سەربەخۆیی بابەتێکی نەتەوەیی و نیشتمانییە.
هێمن هەورامی ئەوەشی گوتووە، رەنگە پێشمان بڵێن بارودۆخی دارایی هەرێم، بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم لەبار نییە و نێو ماڵی کوردی رێکنەخراوە، رەنگە بڵێن هەرێمی کوردستان دوای دەوڵەت بوون ناتوانێت، خۆی بەڕێوە ببات، بەڵام پرسیار ئەوەیە ئەوانەی داوا دەکەن ریفراندۆم و سەربەخۆیی دوابخرێت با باوەڕمان بۆ دروست بکەن، کەی کاتی سەربەخۆیی و ریفراندۆمە، دوای سێ ساڵی تر یان پێنج ساڵی دیکە. کێ دەتوانێت بمانگەیەنێتە ئەو باوەڕەی، کە ئێستا کاتی ئەم پرسە نەتەوەییانە نییە؟
لە لایەکی دیکەوە، لە لێدوانێکدا سەرەڕای کێشە و گرفتەکانی بزووتنەوەی گۆڕان لە گەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان، کە پارتی لایەنی سەرەکی هەرێم و پێشەنگی داخوازی گشتپرسی سەربەخۆیی کوردە لە باشوری کوردستان، محەمەد تۆفیق رەحیم، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بزووتنەوەی گۆڕان، بە دەنگی ئەمریكا رایگەیاند “ئەگەر بێتو راپرسی بكرێت، لە هەر شوێنێكدا بێت و هەر كەسێكیش بیكات، بزووتنەوەی گۆڕان هەوڵدەدات زۆرترین كەس هانبدات بۆ دەنگدان بە بەڵی لە ریفراندۆمەكەدا”.
محەمەد تۆفیق دەڵێت، كاراكردنەوەی پەرلەمان متمانە دەدات بە هەموو پرۆسەیەكی سیاسی و هەروەهاش لە سودی پرۆسەكە دەبێت، كاتێك نوێنەرانی خەڵكی كوردستان ئەو كارانە دەكەن، هەر كاتێك ریفراندۆم بكرێت، جا گەر لیژنەی ریفراندۆم بیكات یان لیژنەی نێونەتەوەیی، وەك بزووتنەوەی گۆڕان دەنگ دەدەین و بایكۆتی ناكەین.
بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی گۆڕان گوتیشی، لە كۆبوونەوەكەیاندا لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی، باس لە رێكکەوتنی نێوانیان كراوە، دەبێت ئەو رێككەوتنە لە سەروو هەموو رێككەوتنەكانی ترەوە بێت. گۆڕان لەو بڕوایەدایە ئەم رێككەوتنە هەنگاونانە بۆ چارەسەری كێشە سیاسییەكان”.
یەکێتی و گۆڕان
رۆژی شەممە 22-4-2017 سەرکردایەتی هاوبەشی گۆڕان و یەکێتی لە سلێمانی کۆبوونەوە و لەدوای کۆبوونەوەکە راگەیێندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، سهركردایهتی هاوبهش جهخت دهكاتهوه لهوهی، كه ریفراندۆم و سهربهخۆیی دامهزراندنی دهوڵهتی كوردستان مافێكی ڕهوای خهڵكی كوردستانه، لهبهر رۆشنایی ماددهی (11)ی رێكکهوتنامهی سیاسی نێوان یهكێتی و گۆڕان پشتیوانی دهكهین،
هەروەها لە دوو خاڵدا لە پەیوەندی لە گەڵ پرسی ریفراندۆم دەڵێن، یەکەم: ههردوولا كۆكن لهسهرئهوهی، كه مافی چارهی خۆنوسین و راگهیاندنی سهربهخۆیی مافی گهلی كوردستانه، پێویسته ئامادهكاری ههمهلایهنهی بۆ بكرێت بهئهنجامدانی ریفراندۆمیشهوه، ئهم بابهته بابهتێكی نیشتمانیه و لهبهر رۆشنایی بهرژهوهندییه باڵاكانی گهلی كوردستان لهپهرلهمانی كوردستان یهكلایی دهكرێتهوه. دووەم: ههردوولا كۆكن لهسهر ئهنجامدانی ریفراندۆم له ناوچه كوردستانییهكانی دهرهوهی سنووری ئیداریی ههرێمی كوردستان.
لایەنە دەرەکییەکان
ھاوکات زەلمای خەلیلزاد، باڵوێزی پێشووی ئەمریکا لە عێراق لە لێدوانێکی بۆ (کورستان24) رای گەیاند، ئەگەر ریفراندۆم لە باشووری کوردستان بەڕێوە بچێت، پێویستە بە ھاوئاھەنگی لەگەڵ حکومەتی عێراق بەڕێوە بچێت و ھەنگاوەکان بە ڕێککەوتن بنرێن.
خەلیزاد، گوتیشی “ھەرکاتێک دەست کرا بە جێبەجێکردنی ئەنجامی ریفراندۆم، زۆر گرنگە کە ئەو کارانە بە ھاوئاھەنگی لەگەڵ حکوومەتی عێراق ئەنجام بدرێن، لەبەرئەوەی ھەر ھەنگاوێک بنرێت، دەبێت بە گوێرەی رێککەوتن و بەشێوەیەکی ئاشتییانە بەڕێوە بچێت”.
لایەنە کوردییەکانی کەرکوک
کەرکوک کە بە دڵی کوردستان ناوزەدکراوە و بەبێ کەرکوک راپرسی واتای خۆی لە دەست دەدات بەڵام لە ئێستادا کەرکوک بڕیاردانی لە دەست کوردە و کورد ئەو ترس و گیر گرفتەی جارانی نییە و بێ دوودڵێ باسی دەکەن کردوویانە بە ئەمری واقع. هەروەها رۆژی دووشەممە 24-4-2017 لایەنەکوردستانیەکانی کەرکوك لە شاری کەرکوک کۆبوونەوە و دوای کۆبوونەوەکەش، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا سەڵاح دەلۆ، بەرپرسی ئەنجومەنیی سەرکردایەتی کەرکوک – گەرمیانی پارتی رایگەیاند “هەموو تاکێکی کورد مافی خۆیەتی لە گشتپرسیدا پرسیاری لەبارەی دەوڵەتی کوردی لێبکرێت، بۆیە گشتپرسی کەرکوک و ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە”.
سەڵاح دەلۆ روونیشیکردووە، کە گەلی کورد ئێستا لەهەموو کات زیاتر پێویستی بە یەکڕیزی هەیە، بەتایبەت حزبەکوردییەکانی ناو شاری کەرکوك و دەڵێت “لایەنە سیاسییەکانی کەرکوك لە کۆبوونەوەکەدا جەختیان لەسەر رێکخستنەوەی ناو ماڵی کورد و یەکڕیزی لایەنە کوردییەکانی کەرکوك کردووەتەوە” .
ئەو بەرپرسەی پارتی گوتیشی “پشتگوێ خستنی پێکهاتەکانی دیکە لە بەرنامەی حزبە کوردستانییەکان نییە و بڕیار دراوە لیژنەیەک بۆ سەردانیکردنی حزب و پێکهاتەکانی دیکە پێكبهێندرێت، بەمەبەستی وەرگرتنی بۆچوونیان لەبارەی گشتپرسییەوە”. جەختیشی لەوە کردەوە، کە لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانن لە کەرکوک و دەشڵێت “کە کێشەی هێزە رەشەکە کۆتاییهاتووە، پێویستە حزبە کوردستانییەکان پشتیوانی ئیدارەی کەرکوک بکەن”.
حکومەتی عێراق
سەبارەت بە پرسی گشتپرسی لە هەرێمی کوردستان، رۆژی سێشەممە 18-4-2017 حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ، لە کۆنفرانسی رۆژنامەوانی هەفتانەی خۆیدا گوتی “من نامەوێت دەستوەربدەمە ئاوات و خواستەکان، خەڵکانێک هەن جۆرەها ئاوات و خواستیان هەیە، هەیە خواستی ئەوەیە دەوڵەتێکی بچووک بۆخۆی دروست بکات، دەیەوێت جۆرە دەوڵەتێکی دیکە دروست بکات، مرۆڤ ئەو خواستەی هەیە و منیش دەستوەرنادەمە ئەو خواستانە، خواستی برا کوردەکانمان بۆ دروستکردنی دەوڵەتێک بۆ خۆیان مافی خۆیانە وەکو خواست و ئاواتێک، مافی هیچ کەسێکیش نییە رێگربێت لەبەردەم ئەو جۆرە خواست و ئاواتانە، بەڵام ئەنجامدانی گشتپرسی لەوکاتەدا، هێشتا شەڕمان لەگەڵ داعش ماوە، دۆخی هەرێمی رێک و گونجاو نییە، هەندێک لە وڵاتانی دراوسێی عێراق وای دەبینێت کە ئەمە مەترسی لەسەر ئاسایشی نەتەوەکەی دروست دەکات، ئەگەر بێت و ببێتە دەوڵەتێکی سەربەخۆ”.
عەبادی گوتی: “ئێمە دەبێت واقعی بین، دواتر دەکەوینە ناکۆکی و کێشەوە، تەنانەت لەگەڵ حکومەتی بەغدا و پارێزگاکانی دیکە عێراق ، لەسەر چ بنەمایەک ئەو کێشانە چارەسەر دەکرێن، ئەگەر دەتەوێت گشتپرسی لەسەر سەربەخۆیی ئەنجام بدەیت”.
حەیدەر عەبادی گوتی: “هەندێک دەڵێن گشتپرسی ئەنجام دەدەن، بەڵام جێبەجێی ناکەین، باشە ئەگەر گشتپرسی دەکەیت و جێبەجێی ناکەیت ئەی قسەت بۆ هاوڵاتییەکانت چ دەبێت، بۆچی گشتپرسی دەکەیت و دەشڵێیت جێبەجێی ناکەم، قسەی ئێمە بەراشکاوی بۆ ئەوان ئەوەیە، لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستاندا نییە لەو کاتەدا گشتپرسی ئەنجام بدات، ئەوە بەراشکاوی دەڵێم، وەک گەلی کورد کە بەشێکە لە عێراق، من وەکو سەرۆکوەزیران پێویستە بەرژەوەندی سەرجەم هاوڵاتیانم لەبەرچاو بێت، بە بڕوای من ئەنجامدانی گشتپرسی لە بەرژەوەندیاندا نییە، بەڵکو کۆمەڵێک کێشەیان بۆ دروستدەکات، پەلەکردن لەم بابەتە، وادەکات پاشەکشەبکەن لە هەموو ئەو شتانەی بەدەیهاتوون هەموو ئەو سەرکەوتنانەی لە رابردوودا بەدەستهاتوون”.
عەبادی کۆماری کوردستانی لە مهاباد بە نموونە هێنایەوە و گوتی: “ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژوو، کۆماری مهاباد لە باکووری ئێران پەلەی لێکرا دواتر چی لێبەسەرهات، تووشی نوشوستی کردن بۆ دەیان ساڵ، نوشوستێکی زۆر گەورە بۆ ئاوات و هیوای کورد لەو چوارچێوەیەدا، یەکێک لەو شتانەی لێی دەترسم ئەوەیە، من لە راگەیاندنەوە بە راشکاوی قسە دەکەم، من دژی ئاواتەکان نیم، بە پێچەوانەوە هەموو هاووڵاتییەک و کۆمەڵێكی مرۆیی مافی بەدیهاتنی ئاواتەکانی هەیە، بەڵام ئەنجامدانی لەو کاتەدا لە بەرژەوەندی رۆڵەکانی عێراق نییە لە کورد، بەڵکو دژی بەرژەوەندییەکانیانە”.
رەوتی سەدر
جەعفەر موسەوی، گوتەبێژی فەرمی رێبەری رەوتی سەدر بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاندووە، گشتپرسی بە مانای جیابوونەوە لە عێراق نایەت، چونکە هەر حاڵەتێک دۆخێکی تایبەتی خۆی هەیە.
موسەوی ئاماژەی بەوەش کرد، گەلی کورد مافی خۆیەتی بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات، بەڵام بەپێی دۆخێکی گونجاوی نێوخۆیی و دەرەکی، بۆ ئەوەی لەدایکبوونەکە راستەقینە بێت، نەک شێواو.
گوتەبێژی فەرمی سەدر جەختی لەوەش کردەوە، دەخوازن بڕیارەکەیان دروست و سەرکەوتوو بێت، دۆخی ئێستا دەخوازێت بە دانایی و هۆشمەندی مامەڵە بکرێت، بڕیارێک نەدرێت سوودی بۆ گەلی کورد نەبێت.
ئەنجام
لایەنە سیاسییەکان پەیوەندی نێوانیان لە چاو دوو ساڵی رابردوو پێشکەوتنی باشی بە خۆوە بینیوە، کە ئەمە یەکێکە لە فاکتەرە گرنگەکانی رێککەوتن لە سەر چۆنیەتی ئەنجام دانی ریفراندۆم و دیاری کردنی کات، هەروەها لە ئەستۆگرتنی بەرپرسیاریەتییەکی مێژووی، کە خەونی بە گەیشتن بە دەوڵەتی کوردی لەم پارچەیەی کوردستان بهێننە دی، هەروەها ئەوەی دەبینرێت ئەوەیە، کە هەموو لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، پشتیوانی لە گشتپرسی دەکەن بەڵام هەندێکیان مەرجیان هەیە، وەک کاراکردنەوەی پەرلەمان، کە دەتوانرێت بە بڕیاری سیاسی و رێککەوتن چارەسەر بکرێت.