ئەردۆغان و یەڵدرم سەرەخۆشی لە بارزانی دەکەن

0

نوچەنێت
سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی تورکیا لە پەیوەندیی تەلەفۆنیدا سەرخۆشی ئاراستەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەن و دڵگرانیی خۆیان بە شەهیدبوونی شەش پێشمەرگە و برینداربوونی ھەشت پێشمەرگەی دیکە دەربڕیووە و ئەوەیشیان دووپاتكردۆتەوە، كە “ئەو رووداوە بە هیچ شێوەیەك بە ئەنقەست نەبووە و لە ئەنجامی هەڵەی فڕۆكەكان بووە”.

بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە 25-4-2017، چیای شنگال و چیای قەرەچووغ لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە بۆردوومانکران. 

بە گوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی هێرشەکە، شەهیدبوونی پێنج پێشمەرگە و برینداربوونی نۆی دیکەی لێکەوتووەتەوە، دواتریش بریندارێکی دیکە شەهیدبووە. هەر بەهۆی هەمان هێرش شەڕڤانێکی سەر بە پەکەکە شەهیدبووە و پێنجی دیکەش برینداربوون.

بۆردوومانەکەی چیای قەرەچووغیش لە رۆژئاوای کوردستان زیانی زۆری لێکەوتەوە. رێدوور خەلیل، گوتەبێژی یەپەگە رایگەیاند “لە ئەنجامی هێرشی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا 20 شەڕڤانمان شەهید و 18ی دیكەش برینداربوون”.

بەپێی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنییەکەدا، کە رۆژی سێشەممە 25-4-2017، ئەنجامدراوە هاتووە “رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆككۆمار و بینالی یڵدرم، سەرۆكوەزیرانی توركیا لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، دڵگرانیی خۆیان بە شەهیدبوونی شەش پێشمەرگە و بریندار بوونی ھەشت پێشمەرگە بە بارزانی راگەیاندووە، كە لە ئەنجامی هێرشی فڕۆكەكانی توركیا بۆ چیای شنگال شەهید و بریندار بوون”. 

لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە “هەردوولا سەرەخۆشیان لە بارزانی و كەسوكاری شەهیدانی ئەو رووداوە كردووە و هیوای چاكبوونەوەی خێرایشیان بۆ برینداران خواست”. ئەوەیشیان دووپاتكردەوە، كە “ئەو رووداوە بە هیچ شێوەیەك بە ئەنقەست نەبووە و لە ئەنجامی هەڵەی فڕۆكەكان بووە”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com