نوچەنێت-رووداو
گوتەبێژی فەرمی موقتەدا سەدر رایدەگەیەنێت، گەلی کورد مافی خۆیەتی لە دۆخێکی گونجاودا بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات و، گشتپرسیش بە مانای جیابوونەوە لە عێراق نایەت. هەروەها دەخوازێت “بڕیارێک نەدرێت سوودی بۆ گەلی کورد نەبێت”.
جەعفەر موسەوی، گوتەبێژی فەرمی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، گشتپرسی بە مانای جیابوونەوە لە عێراق نایەت، چونکە هەر حاڵەتێک دۆخێکی تایبەتی خۆی هەیە.
موسەوی ئاماژەی بەوەش کرد، گەلی کورد مافی خۆیەتی بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات، بەڵام بەپێی دۆخێکی گونجاوی نێوخۆیی و دەرەکی، بۆ ئەوەی لەدایکبوونەکە راستەقینە بێت، نەک شێواو.
گوتەبێژی فەرمی سەدر جەختی لەوەش کردەوە، مکوڕن لەسەر گەلی کورد و دەخوازن بڕیارەکەیان دروست و سەرکەوتوو بێت، دۆخی ئێستا دەخوازێت بە دانایی و هۆشمەندی مامەڵە بکرێت، بڕیارێک نەدرێت سوودی بۆ گەلی کورد نەبێت.
موسەوی دەڵێت، بەهۆی بوونی ناکۆکی و بۆچوونی جیاوازەوە، ئێستا رەوتی سەدر لە دەرەوەی هاوپەیمانی نیشتمانییە، هەر کاتێکیش هاوپەیمانیی نیشتمانی پڕۆژەی چاکسازی راستەقینەی پەسەندکرد، وەک ئەوەی موقتەدا سەدر ئاڵای چاکسازی بەرزکردووەتەوە، ئەوا پێشوازی لێدەکەن، جا هەر لایەنێک چاکسازی بکات.
گوتەبێژی فەرمی سەدر جەختی لەسەر پێویستی گۆڕینی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و یاسای هەڵبژاردنەکان کردەوە، کە گەرەنتی بەشدارییکردنی هەموو لایەنەکان بکات لە هەڵبژاردنی داهاتوودا، هەروەها متمانەی گەل و دەنگدەر بۆ پرۆسەی سیاسی و کوتلە سیاسییەکان بگەڕێنێتەوە.