نوچەنێت-رووداو
راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، ئەوە پەکەکەیە تورکیا بۆ ناوچەکە رادەکێشێت و دەشڵێت “بۆردومانەکەی تورکیا بۆ سەر چیای شنگال چاوەڕواننەکراو بووە، بۆیە داوای روونکردنەوەیان لە تورکیا کردووە”.
بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە 25-4-2017، چیای شنگال و چیای قەرەچووغ لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە بۆردوومانکران. بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی هێرشەکە، شەهیدبوونی پێنج پێشمەرگە و برینداربوونی نۆی دیکەی لێکەوتووەتەوە، دواتریش بریندارێکی دیکە شەهیدبووە. هەر بەهۆی هەمان هێرش شەڕڤانێکی سەر بە پەکەکە گیانی لەدەستدا و پێنجی دیکەش برینداربوون.
لەبارەی بۆردومانەکە و بەرکەوتنی ژمارەیەک پێشمەرگە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند “ئەوەی لە شنگال روویدا بەهیچ شێوەیەک بەرامبەر پێشمەرگە نەبووە، ئێمەش بیستوومانە کە پێنج پێشمەرگە گیانیان لەدەستداوە، ئەمە ئەو شتە نەبوو کە ئێمە دەمانویست، بۆیە گیانلەدەستدانیان مایەی نیگەرانی ئێمەیە”.
مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، لەبارەی بۆردومانەکەی تورکیا بۆ سەر چیای شنگال بە رۆژنامەیەکی ئەمریکی راگەیاندووە “بۆردوومانەکە بۆ ئێمە چاوەڕواننەکراو بوو”.
بارزانی ئاماژەی بەوە کردووە، کە پێشتر تورکیا ناوچە سنوورییەکانی بۆردومانکردووە، بەڵام ئەمە یەکەمجارە ئەو ناوچەیە بۆردوومان بکات. بەهۆی هێرشەکە شەش پێشمەرگە شەهید و ژمارەیەکیش بریندار بوون، لەم بارەیەوە مەسروور بارزانی رایگەیاندووە، داوایان لە تورکیا کردووە روونکردنەوەیان پێبدات، بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵامیان نەداونەتەوە، هیوایشی خواستووە ئەمە هەڵەیەک بووبێت.
راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم پەکەکەی بە هۆکاری ئەو هێرشە داناوە و رایگەیاندووە “پەکەکە هۆکاری هەموو ئەو کێشانەیە”. گوتیشی، هێرشەکان پەیوەندییان بەوەوە نییە، کە ئەوان حەزدەکەن یان نا، بەڵکو ئەوە پەکەکەیە تورکیا بۆ ناوچەکە رادەکێشێت.