نوچەنێت
یەكگرتووی ئیسلامی لە بەیاننامەیەکدا نیگەرانی خۆیان سەبارەت هێرشی فرۆكە جەنگییەكانی توركیا بۆ سەر شنگال دەردەبڕن و پێیوایە، ئەو كارە پێشێلكارییەكی روون و ئاشكرای سەروەری خاكی هەرێمی كوردستانە.
كاژێر 2:00ـی بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە 25-4-2017، چیای شنگال و دەورووبەری لەلایەن فڕۆكەكانی توركیاوە بۆردوومان كرا، بەگوێرەی راگەیێندراوێكی وەزارەتی پێشمەرگە “زیان و وێرانكاریی زۆری لێكەوتووەتەوە و پێنج پێشمەرگە شەهید و 9 پێشمەرگەش برینداربوونە”. هەروەها رێدوور خەلیل، گوتەبێژی یەكینەكانی پاراستنی گەل یەپەگە -ی سەر بە پەكەكە ئاشكرایكرد “لە ئەنجامی هێرشی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا 20 شەرڤانمان شەهیدبوون و 18ی دیكەش بریندارن”.
ئێوارەی رۆژی سێشەممە 25-4-2017 ئەنجومەنی سیاسیی و جەماوەری یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: “بە نیگەرانییەكی زۆرەوە دەڕوانینە بۆردومانی فرۆكەكانی توركیا بۆ سەر ناوچەكانی شنگال و دەورووبەری و هەر گرژی و ئاڵۆزییەك، كە بەو هۆیەوە رووبكاتە باشووری كوردستان”.
لە بەشێكی دیكەی بەیاننامەکەدا یەكگرتووی ئیسلامی دەڵێت: “داواكارین هەرچی زووترە ئەو بۆردوومانكردنانە رابوەستێ بۆ ئەوەی دوای كۆتاییهاتنی نەهامەتییەكانی شەڕی داعش، ناوچەكە لە هەر شەڕ و پێكدادانێكی دیکە بپارێزرێت و كەش و هەوای گونجاو بڕەخسێت بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان و ئاوادانكردنەوەی ناوچەكە”.