نوچەنێت
بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە کەرکوک رایگەیاند، دیاردەی ئۆتۆمبێلی جام رەش لە کەرکوک بنبڕ دەکەین و دەشڵێت “کادیرانی یەکێتی ئۆتۆمبێلی جام رەش نابێت بەکاربێنن”.
رۆژی سێشەممە 25-4-2017، ئاسۆ مامەند، بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە کەرکووک، کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی ئەنجامدا و رایگەیاند “ئۆتۆمبێلی جام رەش لە کادیرانی یەکێتی قەدەغە دەکەین و هەرکەسێک سەرپێچی بکات سزای دەدەین”.
بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لە کەرکوک گوتی”ئێمە وەک یەکێتی نیشتمانی کوردستان کوردستان، سەرجەم کادیر و لایەنگرانمان ئاگاداردەکەینەوە و هەر کەسێک پابەند نەبێت سزای دەدەین”.
بەگوتەی ئاسۆ مامەند، ئەو بابەتە لەگەڵ نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکووک تاوتووێکراوە و دەبێت هێزە ئەمنییەکانیش یارمەتیدەر بن لەو کارە، باسی لەوەشکرد “دەبێت لە رۆژی سێشەممەوە 25-4-2017، تاوەکو هەفتەیەکی دیکە ئەو بابەتە بە تەواوی جێبەجێ بکرێت و سەرجەم کادیرانی یەکێتی پابەندبن بە بڕیارەکە”.