لە هێرشی تورکیا بۆ سەر چیای شنگال و پێنج پێشمەرگە شەهید بوون

0

نوچەنێت-رووداو
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بەمەبەستی بۆردوومانکردنی بارەگاکانی پەکەکە چیای شنگالیان بۆردوومانکرد و بەهۆیەوە پێنج پێشمەرگە گیانیان لەدەستدا و 9ی دیکە بریندار بوون.

بە گوێرەی زانیارییەکان، کاژێر دوو و نیوی بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 25-4-2017، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بەمەبەستی بۆردوومانکردنی بنکە و بارەگاکانی پەکەکە چیای شنگالیان بۆردوومانکرد. بەهۆی بۆردوومانەکەشەوە پێنج پێشمەرگە گیانیان لەدەستدا و 9ی دیکە بریندار بوون.

 ئەو شوێنەی بۆردوومانکراوە ناوی (دەری گەلی کەرسێ)یە و دەکەوێتە سەر چیای شنگال، بەڵام پێش ئەوەی بۆردوومانبکرێت لەلایەن یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال (یەبەشە)ی سەر بە پەکەکە شوێنەکە چۆڵکراوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی بارەگایەکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە نزیک شوێنەکە بووە، زیانیان بەرکەوتووە، پێنج پێشمەرگە گیانیان لەدەستداوە و نۆی دیکەش برینداربوونە.

هەروەها هێزەکانی سەر بە پەکەکە رێگای چوونە سەر چیای شنگالیان گرتووە و پێشمەرگە لە رێگەی دیکەوە بریندارەکانیان گواستووەتەوە. یەکێک لە پێشمەرگەکان کە گیانی لەدەستداوە کوردی ئێزدی خەڵکی شنگالە و ئەوانەی دیکەش خەڵکی پارێزگای دهۆکن.

جگە لە باشووری کوردستان، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا ژمارەیەک بنکە و بارەگای یەکیەنەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)یان لە شاری دێرکی رۆژئاوای کوردستانیش بۆردوومان کردوون. هاوکات فەرماندەیی سوپای تورکیا لە راگەیێندراوێکدا دەڵێ، فڕۆکەکانمان چیای شنگال و ناوچە سنوورییەکانی سووریایان بۆردومانکردووە و بنکە و بارەگاکانی پەکەکەیان لەو ناوچانە کردووەتە ئامانج.
Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com