نوچەنێت
لایەنە کوردییەکانی کەرکوک بەبێ بزووتنەوەی گۆڕان کۆبوونەوە و رایدەگەیەنن، گشتپرسی کەرکوک و ناوچەکانی دیکەی دەرەوەی ئیداری هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە”.
ئەمڕۆ دووشەممە 24-4-2017 لایەنەکوردستانیەکانی کەرکوك لە ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری کەرکوک کۆبوونەوە و دوای کۆبوونەوەکەش، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا سەڵاح دەلۆ، بەرپرسی ئەنجومەنی سەرکردایەتی کەرکوک – گەرمیانی پارتی رایگەیاند “هەموو تاکێکی کورد مافی خۆیەتی لە گشتپرسیدا پرسیاری لەبارەی دەوڵەتی کوردی لێبکرێت، بۆیە گشتپرسی کەرکوک و ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە”.
سەڵاح دەلۆ روونیشیکردووە، کە گەلی کورد ئێستا لەهەموو کات زیاتر پێویستی بە یەکڕیزی هەیە، بەتایبەت حزبەکوردییەکانی ناو شاری کەرکوك و دەڵێت “لایەنە سیاسییەکانی کەرکوك لە کۆبوونەوەکەدا جەختیان لەسەر رێکخستنەوەی ناو ماڵی کورد و یەکڕیزی لایەنە کوردییەکانی کەرکوك کردووەتەوە” .
بەرپرسی ئەنجومەنی سەرکردایەتی کەرکووک – گەرمیانی پارتی گوتیشی “پشتگوێ خستنی پێکهاتەکانی دیکە لە بەرنامەی حزبە کوردستانییەکان نییە و بڕیار دراوە لیژنەیەک بۆ سەردانیکردنی حزب و پێکهاتەکانی دیکە پێكبهێندرێت، بەمەبەستی وەرگرتنی بۆچوونیان لەبارەی گشتپرسییەوە”.
ئەو بەرپرسەی پارتی جەختیشی لەوە کردەوە، کە لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانن لە کەرکوک و دەشڵێت “کە کێشەی هێزە رەشەکە کۆتاییهاتووە، پێویستە حزبە کوردستانییەکان پشتیوانی ئیدارەی کەرکوک بکەن”.