نوچەنێت: تایبەت
پەرلەمانتارێکی پارتی رایدەگەیەنێت، هەر کاتێك پارتی و یەکێتی لێك نزیكبن دەکرێت ئیستقراریەتێکی تەواو لەکوردستان دروستبکرێت و دەشڵێت “کۆبوونەوەکان بەلایەنی خراپەوە، لەسەر هیچ حزبێکی سیاسی نابێت”.
ماوەیەکە کۆبوونەوەکان بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکان و ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، بە گەرمی لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، دەستیان پێ کردووە، بەتایبەتیش کۆبوونەوەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، ئەمەش لەکاتێکدایە، کە هەندێك لایەنی سیاسی لە باشوری کوردستان نیگەرانن لە کۆبوونەوەکانی ئەو دوو حزبە.
لە لێداونێکی تایبەت بە نوچەنێت، شوان شێخ ئەحمەد، ئەندام پەرلەمانی کوردستان لەفراکسیۆنی پارتی، لەبارەی کۆبوونەوە بەردەوامەکانی حزبەکەی لەگەڵ یەکێتی رایگەیاند: هێچ کاتێك کۆبوونەوەی نێوان پارتی و یەکێتی بەلایەنی خراپەوە، لەسەر هیچ حزبێکی سیاسی نابێت، بەپێچەوانەوە هەوڵدانێکە بۆ ئەوەی لەگەڵ هەموو حزب و لایەنە سیاسییەکانی باشوری کوردستان، بەیەکەوە بتوانرێت کۆدەنگیەك لەسەر پرسە چارەنوسسازەکان لەهەرێم درووستبکرێت.
شوان شێخ ئەحمەد، کۆبوونەوەی نێوان حزبەکەی و یەکێتی، وەکو دوو حزبی سەرەکی لە کوردستان، کە خاوەن پێگەی خۆیانن بەگرینگ دەزانێت و دەڵێت “لە رابردوویشدا ئەوەی نیشانداوە، کە هەر کاتێك پارتی و یەکێتی لێك نزیك بن، دەکرێت ئیستقراریەتێکی تەواو لەکوردستان دروستبکرێت. هەروەها هەموو حزب و لایەنە سیاسییەکان دەبێت، ئەوە باش بزانن، کە بارودۆخی ئەمڕۆی کوردستان، بێویستی بە نەرمی نواندن هەیە بەرامبەر بە یەکتری”.
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی هیوای خواست دانیشتنەکان ئەنجامی باشیان هەبێت و گوتیشی “لەماوەی رابردوودا دانیشتنەکان ئەنجامەکەیان وەکو پێویست نەبووە، بۆ ئەوەی کۆبوونەوەکان بەرهەمێکی هەبێت و بە خەڵکی کوردستان رابگەیەنێت، کە ئەویش بەلێکنزیك بوونەوە و یەکخستنەوەی حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانە دەبێت”.