بارزانی لە گەڵ شاندێکی باڵای رەوتی سەدر کۆبووەوە

0

نوچەنێت
ئەمڕۆ شاندێكی باڵای رەوتی سەدر بەسەرۆكایەتی سەید ئەحمەد سەدر، لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە و دوو پڕۆژەیان لەبارەی هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق و قۆناغی دوای نەمانی داعش لە موسڵ پێشکەش بە بارزانی کردووە.

بەپێی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، رۆژی شەممە 22-4-2017، لە پیرمام، لە دیدارەكەدا گفتوگۆ لەبارەی رەوشی سیاسیی عێراق و بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕی دژی داعش لە موسڵ کراوە. هەروەها رۆشناییان خستووەتە سەر هەماهەنگی و كاری هاوبەشی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هێزەكانی سوپای عێراق، كە سەركەوتنی گەورەیان بەرامبەر تیرۆریستان بەدەستهێناوە.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا شاندەکە دید و بۆچوونی رەوتی سەدریان لەمەڕ پرۆسەی سیاسیی عێراق و قۆناخی دوای داعش و هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق خستووەتەڕوو.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا وێڕای ئاماژەدان بە بوونی پڕەنسیبی متمانە و پایەندبوون بە پەیمانەكان، لەنێوانیاندا جەخت لە پەیوەندی و هەماهەنگیی نێوان هەردوولا لە قۆناخی داهاتوودا كراوەتەوە.

هاوکات ناوەندی راگەیاندنی شەهید سەدر بڵاویكردووەتەوە، ئەحمەد سەدر دوو پڕۆژەی سەماحەتی سەید موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدری رادەستی مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان كردوون. بەپێی راگەیێندراوەكەش، هەردوو پڕۆژەكە پەیوەندیدارن بە هەڵبژاردنی عێراق و قۆناخی دوای شەڕی موسڵ.

ئەحمەد سەدر، بڕگە و ماددە و وردەکاریی پڕۆژەكانی بۆ بارزانی خستووەتەڕوو، كە یەکێکیان باسی گەیشتن بە هەڵبژاردنێكی ئازا و پاك لە رێگەی كۆمیسیۆنێكی سەربەخۆی نوێی‌ هەڵبژاردن و یاسایەكی دادپەروەری هەڵبژاردن دەكات، بەجۆرێک لە ئاستی خواستی راستەقینەی گەلی عێراق بێت.

لە پڕۆژەی دووەمدا، ئەحمەد سەدر ئاماژەی بە پێویستی ئەنجامدانی ئاشتبوونەوە لەنێوان رۆڵەكانی گەلی عێراق، لە دوای ئۆپەراسیۆنی موسڵ كردووە و بەگرنگی زانیوە سندوقێكی نێودەوڵەتی بۆ ئاوەدانكردنەوەی ناوچە وێرانبووەكان و كۆمەكردنی ئاوارەكان و گەڕاندنەوەیان بۆ شوێنی خۆی كردووە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com