نوچەنێت
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەبۆنەی 119 هەمین ساڵیادی دەرچوونی یەکەم رۆژنامەی کوردی و رۆژی رۆژنامەگەری کوردیی، پەیامێکی بڵاوکردەوە و داوای لە رۆژنامەنوسان کرد، پاڵپشتی پڕۆسەی ریفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان بکەن.
ئەمڕۆ هەینی 21-4-2017 مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەبۆنەی 119 ساڵەی دەرچوونی یەکەم رۆژنامەی کوردی و رۆژی رۆژنامەگەری کوردیی، هەروەها 19هەمین ساڵیادی دامەزراندنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، راگەیەندراوێکی بڵاویکردەوە و رایگەیاند، مایەی شانازییە لەوڵاتەکەماندا رۆژنامەگەری و کاری میدیایی لە سایەی ئازادی و فرەیی قۆناغی باشی بڕیوە، ئەوەش دەرفەتێکە بۆئەوەی رۆژنامەگەری ببێتە هۆکارێکی گرنگ بۆ گەشەپێدانی کلتوری و هۆشیاریی سیاسی و کۆمەڵایەتی لەناو خەڵکی کوردستاندا.
بارزانی لە راگەیەندراوەکەدا دەڵێت، میدیاکاران لە گەیاندنی هەواڵەکانی جەنگ و قارەمانێتی پێشمەرگە، رۆڵی بەرچاویان گێراوە و قوربانیشیان داوە.
بارزانی لەپەیامەکەیدا جەختی لەوە کردەوە، كە پشتیوانی مافی رۆژنامەنوسان دەکات و پێویستە دۆخی رۆژنامەگەریی كوردی لە هەموو روویەكەوە بەرەو پێشەوە هەنگاو بنێت.
دەقی پەیامەکە:
بەبۆنەی سەتونۆزدەهەمین ساڵیادی دەرچوونی یەكەم ڕۆژنامەی كوردی و ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی كوردی و نۆزدەهەمین ساڵیادی دامەزراندنی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان، پیرۆزبایی لە هەموو میدیاكار و ڕۆژنامەنوس و سەندیكای ڕۆژنامەنوسانی كوردستان دەكەم و هیوای سەركەوتنیان بۆ دەخوازم.
مایەی شانازییە كە لە وڵاتەكەماندا ڕۆژنامەگەری و كاری میدیایی لە سایەی ئازادی و فرەیی سیاسی قۆناغی باشی بڕیوە. ئەمەیش دەرفەتێكە بۆ ئەوەی ڕۆژنامەگەریی ببێتە هۆكارێكی گرنگ بۆ گەشەپێدانی كولتووری و هۆشیاریی سیاسی و كۆمەڵایەتی لەناو خەڵكی كوردستاندا. لە هەمانكاتیشدا ڕۆژنامەگەریی كوردی سەكۆیەكی گرنگی گەیاندنی پەیامی گەلی كوردستان و مافە ڕەواكانی بێت بۆ هەموو جیهان.
جێگەی خۆیەتی كە لەم بۆنەیەدا دەستخۆشی لە میدیاكار و ڕۆژنامەنوسانی كوردستان بكەم كە لە قۆناغە جیاجیاكانی ژیانی گەلەكەمان زەحمەتێكی زۆریان كێشاوە و شوێنی دەستیان دیارە. بە هەمانشێوەیش لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش و لە پۆششدانی هەواڵەكانی جەنگ و قارەمانێتیی پێشمەرگە ڕۆڵی بەرچاویان گێڕاوە و قوربانیشیان داوە. ئەوەیش دووپات دەكەمەوە كە پشتیوانی مافی ڕۆژنامەنوسانم و پێویستە دۆخی ڕۆژنامەگەریی كوردی لە هەموو ڕوویەكەوە بەرەو پێشەوە هەنگاو بنێت.
ئێستا كە خەبات و قوربانیدانی گەلەكەمان گەییشتووەتە قۆناغێكی هەستیار و یەكلاییكەرەوە داوا لە ڕۆژنامەنوسانی خۆشەویستی كوردستان دەكەم دوور لە هەر جۆرە ئینتمایەكی سیاسی قەڵەم و هزر و تواناكانیان بخەنەگەڕ بۆ پاڵپشتیكردنی پڕۆسەی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی. چونكە سەربەخۆیی موڵكی هەموو كوردستانە و پڕۆسەیەكە بۆ پێشكەوتنی گەلی كوردستان و بەرقەراربوونی ئاشتی لە ناوچەكە.
مسعود بارزانی
21ـ 4ـ 2017