نوچەنێت
دوابەدوای هێرشە کیمیایەکەی سەر ناوچەی خان شەیخون، هەڵکەوتوو لە پاریزگای ئیدلیب، کە دواتر هێرشی موشەکی ئەمریکا بۆ سەر بنکەیەکی ئاسمانی سوریا بەدواوە بوو، گرژی لە نێوان عێراق و ئەمریکا، بە رادەیەکی بەرچاو هاتە کایەوە.
ئەمریکا بۆ عێراق روونی کردۆتەوە، کە دەیهەوێ هاوپەیمانەکەئ لە شەری دژ بە تیرۆر، لە ئێران دوور بکەوێتەوە. لە کاتی سەردانی حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەمریکا لە مانگی رابردوو و کۆبوونەوەی لە گەڵ دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە بارەی ئێران، سعودیە و حەشدی شەعبی، باس و گفتوگۆ کرا. ئاماژەکان ئەوە دەخەنەڕوو، کە ئەمریکا دەیەهەوێ بەغداد و ریاز، لە یەک نزیک بکاتەوە بە مەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی ئێران لە ناوچەکە.
سەرباری ئەمەش، لەم دیدارەدا هێرشی کردە سەر رێککەتونی ئەتۆمی ئێران و وڵاتانی زلهێزی جیهان. چەند رۆژ دواتر، جۆرد کۆشنێر، زاوا و راوێژکاری خۆی بۆ گفتوگۆ لە بارەی پاڵپشتیکردنی عێراق لە شەری دژ بە داعش، رەوانەی بەغداد کرد. ئەم دیدارە، ئاماژەیەکی روونە، ئیدارەی ترامپ، عێراق بە شوێنێک دەزانێ، کە لەوێوە بەرەنگاری فراوانخوازی و دەسەڵاتخوازی ئێران بێتەوە لە ناوچەکە. سەرچاوەیەکی نزیک لە عەبادی رایگەیاندووە، کە سنووردارکردنی رۆڵی ئێران لە ناوچەکە، تەوەرێکی سەرەکی گفتوگۆکانی راوێژکاری باڵای ترامپ و بەرپرسانی باڵای عێراق بووە.
هاوپەیمانی نیشتمانی عێراق رایگەیاندووە، کە ئاگاداری وردەکاری و کاتی دیدار و چاوپێکەوتنەکانی عەبادی لە گەڵ بەرپرسانی ئیدارەی ترامپ نەبووە. گروپە شیعەکان، بە تایبەت لە دوای لێدوانەکانی هشام الهاشمی، کارناسی سیاسی و ئەمنی عێراق، لە رۆژنامەی شەرقولئەوسەت، ناڕەزایەتی خۆیان لەم دیدارە خستەڕوو. هاشمی گوتبووی، بە پێی ئەو زانیاریانەی، کە دەستی کەوتووە، ئەمریکییەکان دەربارەی مەترسی پێڕەوانی ویلایەتی فەقیه(فەقێ)، هۆشدارییان داوەتە شاندی عێراقی و جەختیان کردۆتەوە، کە دەبێ ئەم رەوتە لە حەشدی شەعبی دوور بخرێنەوە.
عەبادی، لە میانەی سەردانەکەی بۆ ئەمریکا، دەربارەی هەوڵەکان بۆ سنووردارکردنی رۆڵی حەشدی شەعبی لە ئاستی سیاسی عێراق، قسەی کرد و ئەوەشی خستەڕوو، کە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکان لە گەڵ سعودیە ئامادەن، بە تایبەت دوای ئەوەی، کە لە پەراوێزی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، کە رۆژی 22ی مارس لە واشنتۆن بەڕێوەچوو، لە گەڵ عادل جوبەیر، وەزیری دەرەوەی سعودیە کۆبووەوە.
شاەزایانی سیاسی پێیان وایە، کە کۆبوونەوەی ترامپ لە گەڵ محەممەد بن سەلمان، جێگری یەکەمی شای سعودیە لە 14ی مارس و هەروەها دیداری لە گەڵ عەبادی لە 20 مارس، بە ئاراستەی هەمان ئەو سیاسەتە نوێیەی وڵاتانی عەرەبی بەرامبەر بە عێراقە، کە لە سیاسەتی دەرەوەی واشنتۆن رەنگی داوەتەوە، ئەویش سنووردارکردنی رۆڵی ئێرانە لە ناوچەکە.
بەڵگەیەکی دیکە بۆ ئەم پڕوپاگەندەیە، جەختکردنەوەی بەرپرسانی باڵای ئەمریکا و وەزیری بەرگری سعودیەیە، سەبارەت بە مەترسیداربوونی رۆڵی ئێران لە ناوچەکە، لە بارەیەوە هەر دوولا رایانگەیاندووە، کە بۆ کۆنتڕۆڵ و بەرەنگاربوونەوەی ئێران، هیچ وڵاتێک باشتر لە عێراق شک نابەن.
بەم پێیە، پشتیوانی ئەمریکا لە عەبادی، گرێدراوە بە هەوڵەکانی عەبادی بۆ پەراوێز خستن یان سڕینەوەی گروپەکانی شیعەی بەستراوە و ژێر دەسەڵاتی ئێران، بە تایبەتی لە حەشدی شەعبی.
پێشوازی گەرمی ترامپ لە عەبادی و بە ئەرێنی وەسفکردنی گفتوگۆ و دانیشتنەکانی لە گەڵ ناوبراو، هەڵگڕی ئەم پەیامەیە بۆ سەرکردەکانی شیعەی عێراقی، کە عەبادی بەرەو سیاسەتی شەفاف و راگەیەندراوی ئەمریکا لە دژی ئێران، هەنگاو دەنێتەوە.
بەم حاڵەشەوە، عەبادی ئەگەر بیهەوێ بەم ئاراستەیەدا هەنگاو بنێ، دەبێ تێچوویەکی قورس بدات، چونکە بە پلەی یەکەم دەبێت لە گەڵ هاوپەیمانانی ئێران لە بەغدا و بە دیاریکراوی لە گەڵ حەشدی شەعبی بەرەوڕوو بێتەوە.
احمد الاسدی، گوتەبێژی حەشدی شەعبی، رۆژی 22 مارس، لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانی رایگەیاند: ئێمە هیوادارین، کە سەردانەکەی عەبادی بۆ ئەمریکا، هەڵگری پشتگیری و پشتیوانی ناوبراو بێت لە حەشدی شەعبی، هەر وەک چۆن لە زۆرێک لە کۆبوونەوەکانی نێودەوڵەتیدا ئەم پشتگیریەی خۆی خستۆتەڕوو.
الاسدی هەروەها گوتی، هیواداریشین عەبادی دەربارەی رۆڵی بەرچاوی حەشدی شەعبی، وەک ئەکتەرێکی ئەمنی و سەربازی، بە ئەرێنی بدوێ، بە تایبەت و دای ئەوەی، کە ئەم ئەکتەرە کار و چالاکییەکانی یاسایی کراوەتەوە.
ئەسەدی ئەوەشی خستەڕوو، کە حەشدی شەعبی، وەک دامەزراوەیەکی ئەمنی و سەربازی سەربەخۆ، بە شێوەی راستەوخۆ پەیوەندی بە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانەوە هەیە. حەشدی شەعبی شان بە شانی دەزگا ئەمنیەکانی دیکە، لە پیناوی جێگیرکردنی سیستەمێکی ئەمنی یەکپارچە رۆڵی بەرچاو دەگێڕێت.
شیح قیس الخزعلی، سەرکردەی کەتیبەکانی ئەهلی حەق، لەم بارەیەوە کاردانەوەیەکی پڕ رەنگتر و دیارتری هەبوو. ناوبراو رۆژی 23ی مارس رایگەیاند، ئەمریکا لە پلانی دایە، کە پەرە بە هێز و دەسەڵاتی خۆی لە ناوچەکانی رۆژئاوای عێراق و رۆژهەڵاتی سوریا بدات، تا بەم رێگەوە پڕۆژەی دابەشکردن دەستپێبکات.
شیح قیس الخزعلی، دەربارەی پیلانی مەترسیدار لە دژی حەشدی شەعبی، هۆشداری داو و گوتی، ئێمە رێگەی سەرەکەوتن بە هیچ پلان و لایەنێک نادەین، کە بیهەوێ هەڵوەشاندنەوە یان لاوازکردنی حەشدی شەعبی بخاتە ئەجێندای خۆیەوە.
لە لایەکی دیکەوە، عالیە نصیف، یەکێک لە ئەندامانی هاوپەیمانی نیشتمانی لە پەرلەمانی عێراق گوتوویەتی، حەشدی شەعبی بە هۆی لێدوان و هەڵوێستەکانی عەبادی لە واشنتۆن، ترسی لە لێکترازان و ئینشقاق هەیە.
نصیف هەروەها دەڵێت، لایەنەکانی هاوپەیمانی لە حەشدی شەعبی، بەپەلە بڕیار لە سەر هەڵوێستەکانی عەبادی نادەن، دەبێ چاوەڕوان بین تا بزانین عەبادی تا چ رادەیەک بۆ سنوردارکردنی رۆڵی حەشدی شەعبی و پێڕەو کردنی سیاسەتەکانی ترامپ، بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئێران جددییە. هەفتەکانی داهاتوو روونی دەکاتەوە، کە دوا هەڵوێستی عەبادی چی دەبێت. نصیف هەروەها دەڵێت، بە پێی ئەو زانیاریانەی، کە لە بەردەستدان، ئەمریکا لە بەرنامەی دایە، ژمارەی هێزەکانی لە عێراق زیاتر بکات و سەرۆکی ئەم وڵاتە دەیهەوێ بەرامبەر بە پشتیوانی سەربازی لە عێراق، دەستی بە سەرچاوە نەوتیەکانی عێراق رابگات، ئەگەر عەبادی ئەمە قبووڵ بکات، تەنگژەیەکی سیاسی گەورە لە عێراق دێتەوە ئاراوە.
محمد نعناع، شارەزا و کارناسی زانستە سیاسییەکان لەم بارەیەوە دەڵێت، حەیدەر عەبادی هەوڵ دەدات گروپە شیعەکان بە قەناعەت بگەیێنێ، کە ئەو دەرفەتەی بخەنە بەردەم، تاکوو هاوسەنگی لە نێوان سعودیە و ئێران رەچاو بکات، تا هاوکات پشتیوانی ئەمریکا بۆ بەغدا مسۆگەر بکات. ئەمە ئەو رۆڵەیە، کە دڵخوازی عەبادییە. عەبادی ناتوانێ پشت لە تاران بکات یان ئەوەی، کە پشتگیری ئەمریکای لە کیس بچێت.
نعناع جەخت دەکاتەوە، کە بەرەوڕووبوونەوەی واقعی لە نێوان عەبادی و حەشدی شەعبی دێتە ئاراوە. رەنگە ناچار بێت بۆ ئەم ملمانێیە پشت بە هێزە سوننەکان یان رەوتی سەدر ببەستێ، کە هەمان ئامانجیان هەیە، واتە هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی.
دوای ئەوەی، کە تەپ و تۆزی شەڕی داعش بنیشێتەوە و لە کاتیکدا، کە ئاسۆی کۆنتڕۆڵکردنەوەی موسڵ لە ماوەی هەفتەکانی داهاتوو، زیاتر لە هەموو کاتێک روونە، عەبادی دەبێ هەڵوێستی خۆی و وەڵامی کۆتایی خۆی بەرامبەر بە داواکارییەکانی ئیدارەی ترامپ یەکلا بکاتەوە، بە تایبەتی لە پەیوەندی لە گەڵ حەشدی شەعبی و هاوپەیمانەکانی ئێران لە عێراق.
عەبادی خەریکە بەرە بەرە بۆ هەڵبژاردنە خۆجێیەکانی کۆتایی ساڵ و هەڵبژاردنی سەرتاسەری ساڵی داهاتوو خۆی ئامادە دەکات. دوورکەوتنەوەی لە مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، دەبێتە هۆی تووڕەیی و دژکردەوەی توندی ئێران. ئایا عەبادی توانای ئەوەی هەیە بەرەوڕووی هەموو ئەم ململانێ و کێشانە ببێتەوە، تەنانەت بە بێ پشتگیری هاوپەیمانێکی زلهێز وەک ئەمریکا؟