نوچەنێت
سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوپاسی حکومەتی ئەڵمانیای کرد، کە لەکاتی تەنگانەدا یارمەتی هەرێمی کوردستانی داوە و سوپاسی ئەفسەرانی ئەڵمانیش دەکەین کە سوودیان بە پێشمەرگە گەیاندووە. وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیاش دەڵێت “پێشمەرگە بەرگری لە وڵاتەکەی ئەوانیش کردووە”.
مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و زیگمار گابریل، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا دوای کۆبوونەوەیان لە هەولێر کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیان ئەنجامدا.
بارزانی گوتی “بەناوی گەلی کوردستان و پێشمەرگەوە سوپاسی ئەڵمانیا دەکەین کە لەکاتی تەنگانەدا یارمەتیداین. سوپاسی ئەفسەرانی ئەڵمانیش دەکەین کە سوودیان بە پێشمەرگە گەیاندووە و راهێنانیان پێکردوون”.
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیاش رایگەیاند “رێزی ئێمە بۆ ئێوە (کورد) تەنیا بەهۆی شەڕی داعشەوە نییە، بەڵکو بۆ یارمەتیدانی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارەشە. ئەوەی هەرێمی کوردستان دەیکات، لە شەڕی داعش و یارمەتیدانی ئاوارەکان، مایەی پێزانینە”.
زیگمار گابریل گوتیشی “سوپاستان دەکەین کە بەرگرییتان لە وڵاتی ئێمەش کردووە بەهۆی شەڕی داعشەوە. داعش تەنیا هەڕەشە نییە بۆ سەر ئێوە، بەڵکو هەڕەشەیە لەسەر ئێمە و هەموو ئەوروپاش. لە ئەڵمانیاش گوتوومانە بەرگری پێشمەرگە لە شەڕی داعش بەرگرییکردنە لە ئەڵمانیاش”.
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا دەڵێت “کارێکمان کرد، کە لە ئەڵمانیاوە چەک بنێرینە ناوچەی شەڕ، ئەمەش دەریدەخات کوردستان بایەخێکی زۆری هەیە”.