نوچەنێت: تایبەت
ئەندامێکی لیژنەی یاسایی لەپەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوك دەتوانێت بڕیاری بەشداریکردن بدات لە گشتپرسییەکەی هەرێمی کوردستان و دەڵێت “دەبێتە پشتگیرییەکی یاساییش بۆ هەرێمی کوردستان”.
رۆژی چوارشەممە 19-4-2017، نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکوک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ،لەبارەی ئەنجامدانی گشتپرسی لە پارێزگای کەرکوك رایگەیاند “ئەو لیژنەیەی تایبەت بە پرسی گشتپرسی پێکهێنراوە، بڕیاری کۆتایی لەمبارەیەوە دەدات، ئەگەر ئەو بڕیارە بدرێت، بێگومان لە کەرکوکیش پرۆسەکە بەڕێوەدەچێت”.
لەلێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، زانا رۆستایی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە لیژنەی یاسایی، لەبارەی بەشداری کردنی پارێزگای کەرکوك لە گشتپرسیەکەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: پارێزگای کەرکوك، لایەنی هەڵبزێردراوی خەڵکی کەرکوکە و تاکە لایەنێکە، شەرعیەتی هەیە لەسەر کەرکوك و بارودۆخی کەکوك، بڕیاری خۆی بدات. بۆیە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوك دەتوانێت، بڕیاری بەشداریکردن بدات لە گشتپرسیەکەی هەرێمی کوردستان.
زانا رۆستایی، سەبارەت بەیاسایی بوونی ئەو پرسەش دەڵێت “کەرکوك بۆ هەرێم و بەغدا وەکو یەكە، چونکە شوێنێکی جێناکۆکە، ئەو مافانەی، کە بەغدا هەیەتی لە کەرکوك، بەهەمان شێوە هەرێمی کوردستانیش هەمان ئەو مافانەی هەیە، ئیتر، کە بەغدا خۆی دەدزێتەوە لە و گشتپرسییە. خەڵکی کەرکوك تاقیامەت چاوەڕوان ناکەن، بۆیە مافی خۆیانە، کە بڕیاری خۆیان بدەن و بەشداری بکەن لە گشتپرسییەکە”.
رۆستایی ئاماژە بەوە دەدات، کە لە رووی یاساییەوە بۆ هەرێمی کوردستان سنوری گشتپرسیەکە دیاریکراوە، کەسێ پارێزگاکەی هەرێمە و گوتیشی “بۆیە هەرێم بەتەنها ناتوانێت ئەم کارە بکات لەکەرکوك، بەڵام کاتێك ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوك، بە زۆرینەی دەنگ بڕیارێکی لەو شێوەیە دەربکەن، ئەوا دەبێتە پشتگیریەکی یاسایی بۆ هەرێمی کوردسان و ئەوان دەتوانن داوا لە هەرێم بکەن، بەشدارییان پێبکات لە گشتپرسییەکەدا”.