نوچەنێت
پارێزگاری کەرکوک لە وەڵامی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەبارەی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان رایدەگەیەنێت، ئەگەر هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکوک بە نادەستووری دەزانن، دەتوانن بچن لە دادگای فیدراڵی سکاڵا تۆمار بکەن.
شەوی سێشەممە 18-4-2017، حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لەسەر فەرمانگە حکومییەکانی کەرکوک نایاساییە و لە گفتوگۆداین بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە و پێویستە چارەسەرێک بۆ ئەو بابەتە دابنرێت. هەروەها گوتی، بەپێی یاسا کەس مافی ئەوەی نییە چەند ئاڵایەک لەسەر دامەزراوە حکومییەکان هەڵبکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە 19-4-2017 نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکوک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی چەند بابەتێک قسەی کرد، ناوبراو لەبارەی ئەنجامدانی گشتپرسی لە پارێزگاکە رایگەیاند، ئەو لیژنەیەی تایبەت بە پرسی گشتپرسی پێکهێنراوە، بڕیاری کۆتایی لەمبارەیەوە دەدات، ئەگەر ئەو بڕیارە بدرێت، بێگومان لە کەرکوکیش پرۆسەکە بەڕێوەدەچێت.
پارێزگاری کەرکوک لەبارەی کۆنتڕۆڵکردنەوەی حەویجەش گوتی، دۆخی خەڵکی حەویجە زۆر خراپە و پێویستە ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی شارەکە دوانەکەوێت. هەر لە کۆنگرەکەدا هەواڵێکی خۆشی دایە رۆژنامەنووسان و گوتی “زەویان بەسەر دابەشدەکرێت”.