بارزانی: نابێت هیچ لایەنێك خۆی بەسەر ئێزیدیەکاندا بسەپێنێت

0

نوچەنێت
سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی جەژنی چوارشەممە سوور، جەژنی سەری ساڵی کوردانی ئێزدی لە پەیامێکدا پیرۆزباییان لێدەکات و رایدەگەیەنێت “رێگەنادرێت هیچ لایەنێک خۆی بەسەر ئێزدییەکاندا بسەپێنێت و بڕیاردان بەدەستی خۆیان دەبێت”.

لە پەیامەکەیدا مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە لەوەی “کوردانی ئێزیدی بەشێكی ئازیز و دانەبڕاوی گەلی كوردستانن. خۆشی و نەهامەتییەكانی ئەوان، خۆشی و نەهامەتیی گەلی كوردستانە”، دەشڵێ “نابێت چیدی رێگە بدرێت هیچ كارەسات و نەهامەتییەكی دیکە دەرهەق بە خوشك و برا ئێزیدییەكانمان دووبارە ببێتەوە”.

دەقی پەیامەکەی بارزانی:

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

به‌بۆنه‌ی هاتنه‌وه‌ی جه‌ژنی سه‌ری ساڵی ئێزیدی، جه‌ژنی چارشه‌مبا سۆر، پیرۆزباییه‌كی گه‌رم له‌ سه‌رجه‌م خوشك و برایانی كوردی ئێزیدی له‌ كوردستان و جیهان ده‌كه‌م.

کوردانی ئێزیدی بەشێكی ئازیز و دانەبڕاوی گەلی كوردستانن. خۆشی و نەهامەتییەكانی ئەوان خۆشی و نەهامەتیی گەلی كوردستانە. بە درێژایی مێژوو خوشك و برا ئێزیدییەكانمان بەهۆی ناسنامەی ئایینی و نەتەوەییان تووشی كارەسات هاتوونە، بەڵام پابەندبوونیان بە ناسنامەی کوردایەتی و ئاینییان هەموو پیلان و ستەمێكی لەدژی ئەوان پووچەڵ كردووەتەوە.

سوپاس بۆ خودا بە گیانفیدایی پێشمەرگە تیرۆریستانی داعش تێكشكێندران و داعش باجی تاوانەكانیدا و سەری كەوتە ژێر پێی ئێزیدییەكان و چیتر نابێ ڕێگە بدرێت هیچ كارەسات و نەهامەتییەكی تر دەرهەق خوشك و برا ئێزیدییەكانمان دووبارە ببێتەوە.

لە جەژنی سەری ساڵی ئێزدیدا ئەوە دووپات دەكەینەوە كە گەلی كوردستان پاڵپشتی ئێزیدییەكانە و ڕێگەیش نادرێت هیچ لایەنێك خۆی بەسەریاندا بسەپێنێت و بڕیاردان لە چارەنووس و داهاتوویان تەنیا لە دەستی خودی ئێزیدییەكاندا دەبێت.

مسعود بارزانی
18ـ 4ـ 2017

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com