نوچەنێت
وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، وەزارەتی دارایی و ئابووری بەڵێنی پێداون لەم هەفتەیەدا بۆ جاری دووەم پارەی هاندانی مامۆستایان دابەش بکات، دەشڵێت “دابەشکردنی پارەی هاندانی مامۆستایان بەردەوام دەبێت.
بەهۆی ناڕەزایەتی مامۆستایان بەرامبەر پاشەكەوتكردنی بەشێك لە موچە، سەرەتای ئەمساڵ حكومەت بڕیاری دا بەهاوكاری رێكخراێكی ئەڵمانی بڕە پارەیەك بەناوی پارەی هاندان بۆ مامۆستایان خەرج بكات، بە جۆرێک 100 هەزار دینار بۆ مامۆستایانی نێو شار و 150 هەزاریش بۆ مامۆستایانی دەرەوەی شارەكان.
پشتیوان سادق، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێم، رۆژی سێشەممە 18-4-2017 لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، وەزارەتی دارایی بەڵێنی پێداون لەم هەفتەیەدا پارەی هاندانی مامۆستایان بۆ جاری دووەم دابەش بکات.
وەزیری پەروەردە دەڵێت، تاوەکو پرۆسەی پەروەردە و دەوام بەردەوام بێت، دابەشکردنی پارەی هاندانی مامۆستایان بەردەوام دەبێت.
لەبارەی دواکەوتنی دابەشکردنی پارەکەش، وەزیری پەروەردە گوتی، ئەگەر هەر کەموکوڕییەک لە پرۆسەکە و دواکەوتنی هەبووبێت، پەیوەندی بە چاککردنی لیستەکانی مامۆستایانەوە هەبووە، چ ئەوانەی لەدەرەوەی شارەکانن، چ ئەوانەی لەناوەوەن.