نوچەنێت
رۆژی یەکشەممە 16-4-2017، پێچەوانەی چاوەڕوانییەکان بۆ هەموارکردنەوەی دەستووری تورکیا، ئەردۆغان و حزبەکەی بە 51.3%ـی دەنگەکان بە “بەڵێ” بەرانبەر یە و 48.7%ـی بە “نەخێر”ە سەرکەوت. هەروەها رۆژی سێشهممه 18-04-2017، ههریهك له جهههپه، ههدهپه، پارتی نیشتمان، پارتی ئازادی توركیا، پارتی نیشتمانی دایك و پارتی سهعادهت، بهجیا سكاڵایان له كۆمیسیۆنی باڵای ههڵبژاردن تۆماركرد و بهڵگهكانیان خستەڕوو و داوای ههڵوهشاندنهوهی هەڵبژاردنەکەیان کرد.
تورکیا لە سەرەتای دروستبوون و بنیاتنانییەوە چەندین فۆڕم و مۆدێڵی سیستهمی سیاسیی پەیڕەو کردووە. لە سەرەتادا و لە سەردەمی حکومڕانیی “مستەفا کەمال ئەتاتورک”، زیاتر سیستهمی حکوومەتی بەکۆمەڵی تاقی کردۆتەوە؛ هەرچەندە سیستهمی حزبایهتیی “تاکحزبی” بووە. دواتر دوای جەنگی جیهانیی دووەم و گۆڕان لە سیستهمی حزبایهتی، لە تاکحزبییەوە بۆ “فرهحزبی”، سیستهمە سیاسییەکەی بەرەو پەرلەمانی چووە و، تا ئێستایش تورکیا بە سیستهمی پەرلەمانی بەڕێوە براوە؛ بەڵام لەمەودوا ئەردۆغان و ئاکەپە (حزبی داد و گەشەپێدان) کار بۆ ئەوە دەکەن سیستهمەکە لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتی ببەن. بۆ ئەم پڕۆسەیەیش هەنگاوی یەکەم کە بریتییە لە بەیاساییکردنی پڕۆسەی گۆڕینەکە و پەسەندکردنی گۆڕانکاری لە دەستووردایە.
گرنگترین خاڵی هەمواری دەستووری:
گرنگترین خاڵی هەمواری دەستوور، گۆڕینی سیستەمی حوکمڕانییە لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتی. ئەمە ئەو خاڵەیە، کە توانا و وزەیەکی زیاتر بە حزبی داد و گەشەپێدان و، سەرۆکەکەی، ڕەجەب تەییب ئەردۆغان دەبەخشێ، بۆ بەڕێوەبردنی وڵات و دروستکردنی تورکیایەکی بەهێز و کەمترکردنی ڕۆڵی حزبەکانی ئۆپۆزیسیۆن. بۆیە، ئەو حزبانەیش هەر لە ئێستاوە ترسیان لێ نیشتووە و، ئەم هەنگاوە بە هەڕەشە لەسەر سیستەمی دیموکراسی لە تورکیا دەزانن.
ئەردۆغان و سیستهمی سەرۆکایەتی:
دوای چەندین کۆبوونەوە لە پەرلەمان، دواجار پڕۆژەکە 339 دەنگی “بەڵێ”ی لە بەرامبەر 149دەنگی “(نەخێر”دا بەدەست هێنا. سەرۆکایەتی پەرلەمانی تورکیایش بۆ وەرگرتنی رەزامەندیی سەرۆککۆمار، پڕۆژەیاساکەی رەوانەی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا کرد.
بەپێی ماددەی 175 لە دەستووری تورکیادا، هەموارکردنەوە و دەستکاریکردنی دەستوور 330 دەنگی پێویستە و، دەبێت لە ماوەی 60 ڕۆژیش گۆڕانکارییەکە بخرێتە ڕاپرسییەوە و 51%ی دەنگەکانی ڕاپرسیش بەدەست بهێنێت بۆ ئەوەی بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
مێژووی ریفراندۆم لە تورکیا:
لەگهڵ دامهزراندنی کۆماری تورکیا له ساڵی 1923ـەوە لهسهر دهستی مستهفا کهمال ئهتاتوورک، تاوەکو ئێستا حەوت ریفراندۆم بهڕێوهچوون، سهرجهم ریفراندۆمەکانی تورکیا، بۆ گۆڕین و ههموارکردنهوهی دهستوور بوون.
لە تورکیا تائێستا حەوت جار دهنگدان لهسهر گۆڕانکاریی دهستوور ئەنجامدراون، ئەوانیش لە ساڵهکانی 1961، 1982، 1987، 2007 و 2010 بوون. ئهنجامی سهرجهم گشتپرسییهکان “بهڵێ” بووه، تەنیا گشتپرسییهکهی ساڵی 1988 به ئهنجامی ”نهخێر” کۆتایی هاتووه.
هەروەها لە 2017 بۆ هەمواری دەستوور کە پێکدێت لە (18)ماددە لە رۆژی یەکشەممە 16ی ئەپریل، پرۆسەی دەنگدان ئەنجام دراو دەنگی بەڵێ سەرکەوتنی بەدەستهێنا، بە بەشداری نزیکەی 49 ملیۆن کەس، ئەنجامەکەی بە 51.3%ـی دەنگەکان بە “بەڵێ” یە و 48.7%ـی بە “نەخێر”ە.
ناوەڕۆکی پڕۆژەیاساکە:
پڕۆژەیاساکە بۆ گۆڕینی سیستهمی سیاسی لە تورکیادا، لە (18)ماددە پێکدێت و گرنگترین خاڵ و تەوەرەکانی بریتین لە:
پێکهاتە و پەیکەر و ئەرکی پەرلەمان:
– ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان لە 550 پەرلەمانتارەوە، دەبێت بە 600 پەرلەمانتار.
– تەمەنی خۆپاڵاوتن (خۆکاندیدکردن) لە 25 ساڵییەوە، دەکرێت بە 18 ساڵ.
– هەڵبژاردنی خولی پەرلەمانی و سەرۆککۆمار، هەر 5 ساڵ جارێک و لە هەمان ڕۆژدا ئەنجام دەدرێت.
– پەرلەمان دەتوانێت دۆسیەی لێکۆڵێنەوە لەسەر سەرۆککۆمار، جێگرەکانی سەرۆککۆمار و وەزیرەکان بکاتەوە.
– پەرلەمانی تورکیا بە دەنگی سێ لەسەر پێنجی پەرلەمانتاران، دەتوانێت بڕیاری دووبارە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن بدات.
– بەرواری 3ی تشرینی دووەمی 2019، هەر یەک لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا و هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، بەیەکەوە ئەنجام دەدرێن.
پێکهاتە و پەیکەر و ئەرکی سەرۆککۆمار:
– سەرۆککۆمار لە هەمان کاتیشدا دەتوانێت سەرۆکی حزبهکەی بێت، پێشتر سەرۆککۆمار، دەبوو هێمای یەکپارچەیی و نیشتمانبوونی وڵاتەکەی بوایە و دەبوو سەرۆکی هیچ حزبێكی سیاسی نەبوایە.
– سەرۆککۆمار دەتوانێت باری نائاسایی ڕابگەیەنێت.
– سەرۆککۆمار تەنیا دەتوانێت بۆ دوو خول سەرۆککۆمار بێت، هەر خولێکیش 5 ساڵ دەبێت.
– ئەو هێز و لایەنەی، کە پاڵێوراو بۆ سەرۆککۆمار دەپاڵێوێت، دەبێت بە لایەنی کەمەوە 5%ی کۆی دەنگەکانی وڵات بەدەست بهێنێت، یان 100 هەزار دەنگدەر دەنگی پێ بدەن.
– ئەو پاڵێوراوەی کە لە هەڵبژاردندا لە 50%ی دەنگەکان زیاتر بێنێت، بە سەرۆککۆمار هەڵدەبژێردرێت.
– سەرۆککۆمار، سەرۆکی دەوڵەتە و دەسەڵاتی ڕاپەڕاندن دەگرێتە ئەستۆ و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانیشە.
– سەرۆککۆمار جێگرانی سەرۆککۆمار و وەزیرەکان دادەمەزرێنێت و کۆتاییی بە ئەرکەکانیشیان دێنێت.
– بودجەی ساڵانەی وڵات لە لایەن سەرۆککۆمارەوە پێشکەشی پەرلەمان دەکرێت.
– ئەنجومەنی وەزیران هەڵدەوەشێتەوە و، ئەرک و دەسەڵاتەکانی دەسەڵاتی جێبەجێکردن لەژێر دەستوور و یاساکان لە لایەن سەرۆککۆمارەوە بەڕێوە دەبردرێت.
– سەرۆککۆمار دەتوانێت بۆ گۆڕانکاریی یاسایی لە دەستوور، پڕۆژە پێشکەشی گەل بکات بۆ دەنگدان و ڕاپرسی لەسەری.
– جێگرانی سەرۆککۆمار و وەزیرەکان، لە نێوان ئەو کەسانەی کە توانیویانە ببنە پەرلەمانتار، لە لایەن سەرۆککۆمارەوە دیاری دەکرێن و دەست لە کاری پەرلەمانتاریش دەکێشنەوە.
– فەرمانگەی باڵای داواکارانی گشتی و دادوەران، دەبێت بە فەرمانگەی داواکارانی گشتی و دادوەران.
– جگە لە دادگه بەرزەفتەکان/دیسپلین، دادگهی سەربازی دروست ناکرێت.
– دادگهی باڵای تێهەڵچوونەوەی سەربازی، دادگهی فەرمانگەی باڵای سەربازی و دادگه سەربازییەکان هەڵدەوەشێتەوە.
بۆچوونی لایەنە کوردییەکان:
کوردەکان، بەتایبەت “هەدەپە” (حزبی ئاشتی و دیموکراسیی گەلان)، دژی ئەم گۆڕانکارییەن و بە مەترسییەکی هەرە گەورەی بۆ سەر تورکیا دادەنێن، بەتایبەت، كه ئێستا بەشێک لە پەرلەمانتارانی هەدەپ دەستگیر کراون و لە زیندانن. هێزە کوردییەکان لەو بڕوایەدان بە فراوانبوونی دەسەڵاتەکانی سەرۆککۆمار و گۆڕانکاری لە پەیکەر و پێکهاتەی دەسەڵاتەکان (یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەری) و گواستنەوەی زۆرینەی دەسەڵاتەکان بۆ سەرۆککۆمار (سیاسی و سەربازی)، هێندەی تر پرسی کورد و چارەسەری ئاشتییانەی پرسەکە و مەسەلەی دیموکراسی و مافی مرۆڤ لەو وڵاتە دەباتەوە دواوە و، سنوورەکانی ئازادی و ڕادەربڕین هێندەی تر تەسکتر دەکاتەوە.
ئەنجامی راپرسی:
رۆژی یەکشەممە 16-4-2017، پرۆسەی دەنگدان لە شارەکانی تورکیا بۆ گشتپرسی هەمواری دەستوور کۆتاییهات و رێژەی بەشداری نزیکەی 49 ملیۆن کەس بووە، ئەنجامەکە بەمشێوەیە، 51.3%ـی دەنگەکان بە “بەڵێ” یە و 48.7%ـی بە “نەخێر”ە.
لە لایەکی دیکەوە نوعمان کوتوڵموش، جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا، سەرکەوتنی دەنگی “بەڵێ”ی لە گشتپرسی هەمواری دەستووری تورکیا، لە توویتەر سوپاسی خەڵکی کرد و گوتی “ئێستا بەهێزترین”.
كۆمهڵی ئیسلامی کوردستان، سهبارهت به دهرئهنجامی گشتپرسی توركیا راگهیێندراوێكی بڵاوكردهوه و رایگهیاند: دهرئهنجامی راپرسی توركیا به سهركهوتنی ههموو گهلی توركیا دهزانین، بهپێی ئهنجامهكان دهردهكهوێت خهڵكی توركیا به ئازادانه دهنگی خۆیان داوه.
وێڕای ئەوەی کۆمەڵی ئیسلامی پیرۆزبایی له ههموو گهلانی توركیا دهكات، ئومێد دەخوازێت ئهمه بكرێته دهرفهتێك و حكومهتی توركیا و كورد دەست بە پرۆسهی ئاشتی بكهنهوه و كێشهی كورد لهو وڵاتهدا به ئاشتییانه چارهسهر بكرێت.
ههروهها کۆمەڵی ئیسلامی هیوادارە ئایندهی توركیا بهجۆرێك بێت نیگهرانی ئهوانهیشی لە گشتپرسییەکەدا به نهخێر دهنگیان داوه، بڕهوێتهوه و بگره سهر بكێشێت بۆ زیاتر دابینكردن و قووڵكردنهوهی ماف و ئازادییهكانی تاك و پێكهاته جۆراوجۆرهكانی توركیا.