بریفکانی: بەشە بودجەی دەرمانی هەرێـم دەبێتەوە 17%

0

نوچەنێت
جێگری سەرۆکی لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی عێراق، لە کۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاریداوە پشکی بودجەی دەرمانی حکومەتی هەرێـم دەگەڕێتەوە 17% دەشڵێت “تەنیا 25%ی پێداویستییەکانی کوردستان پڕدەکاتەوە”. 

فارس بریفکانی، جێگری سەرۆکی لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرایدەکات مەبەستی ئەو بڕیارەی پێشوو بۆ راگرتنی بەشە بودجەی دەرمانی کوردستان ئەوەبوو کە وەک ئابڵۆقەیەک بخرێتە سەر کوردستان، بەڵام روونیدەکاتەوە بەم بڕیارەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، کە راستەوخۆ ئاراستەی وەزارەتی تەندروستی و دارایی عێراق کراوە، پشکی بودجەی دەرمان وەک ساڵانی پێشووی لێدێتەوە.

بریفکانی گوتی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریداوە، کە بودجەی دەرمان بۆ وەزارەتی تەندروستی عێراق 541 ملیار دینار بێت و لەو بودجەیەش 92 ملیار دینار بۆ کوردستان بنێردرێت، بەڵام دەڵێت وەک لیژنەی تەندروستی داوایان کردووە تریلیۆنەک و 330 ملیار دینار ببێتە بودجەی وەزارەتی تەندروستی عێراق و بەمەش بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان دەگاتە 226 ملیار دینار، فارس بریفکانی ئاشکرایدەکات ئەگەر بودجەکە زیادبکرێت، ئەوا کوردستان لەم کاتەدا کە ژمارەیەکی زۆری ئاوارە لە کوردستانن، ئاسانتر دەتوانێت پێداویستییەکانی دابینبکات. 

جێگری سەرۆکی لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی عێراق لە درێژەی گوتەکانیدا لە کۆنفرانسەکەدا دەشڵێت، بەشە بودجەی دەرمانی هەرێمی کوردستان، کە ئێستا 17%ە و دەکاتە 92 ملیار دینار، تەنیا 25%ی پێداویستییەکانی کوردستان پڕدەکاتەوە. 

لە کۆنفرانسەکەدا بریفکانی گوتی، ئەوان ئێستا لە هەوڵدان بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەیەکی گرنگ کە خەرجییەکەی 24 ملیۆن دۆلارە و دەیانەوێت سێ ئامێری گاما نایف بکڕن، کە گرنگن چارەسەری شێڕپەنجەی مێشكو دەڵێت داوایان کردووە یەکێك لە ئامێرەکان لە پایتەختی هەرێـمی یکوردستان دابندرێت. 

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com