نوچەنێت-رووداو
حكومەتی هەرێمی كوردستان، فەرمانگەی بەڕێوەبردنی قەرز و پابەندییە داراییەکانی دامەزراند، بەمەبەستی كۆكردنەوەی زانیاریی ورد لەبارەی قەرزە جۆراوجۆرەكان و دانەوەیان.
د.ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران بە (رووداو)ی راگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە 17-4-2017 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار لەسەر دامەزراندنی (فەرمانگەی بەڕێوەبردنی قەرز و پابەندییە داراییەکان – Debt Managment Office ) دراوە.
ئامانج رەحیم ئاماژەی بەوەداوە، کە دامەزراندنی فەرمانگەکە بۆ تۆمارکردنی زانیارییە لەبارەی قەرزی گشتی لە دەوڵەت و بانکەکان، پابەندییە داراییەکانی دیکەی وەکو پارەی پاشەکەوتی موچەخۆران، شایستە داراییەکانی کۆمپانیا و بەڵێندەران، پارەی پێشەکی فرۆشی نەوت و چۆنییەتی رێکخستن و بەڕێوەبردنیان بەشێوەیەکی پڕۆفیشناڵانە.
سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، دامەزراندنی ئەو فەرمانگەیە بە هەنگاوێکی باش دادەنێت بۆ زانینی راستی قەرز و پابەندییەکان، بەتایبەتیش پارەی پاشەکەوتی موچەخۆران و چۆنییەتی دانەوەی کە مافێکی یاسایی موچەخۆرانە.