نوچەنێت
وەزارەتی تەندروستی رایگەیاند، دوو لێژنە پێکدەهێنن بۆ دەستنیشانکردنی هۆکاری پشت رووداوی “چاوەڕواننەکراو و نەخوازراوی” تووشبوونی دەستی منداڵەکەی ئاکرێ بە گانگرین و سزادانی هەر کەسێک، کە سەلمێندرا هۆکار بووە.
لە راگەیەنراوەکەی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاتووە، کە وەزیری تەندروستی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی دهۆکی راسپاردووە، بۆ پێکهێنانی دوو لێژنەی لێکۆلینەوەی زانستی و یاسایی بە ئامادەبوونی داواکاری گشتی، بۆ لێکۆڵینەوە لەو رووداوە و دەستنیشانکردنی هۆکارەکەی و سزادانی توندی ئەو کەسەی هۆکار بووە.
باوكی سەنا (ئەوکچەی ئاکرێ کە بڕیار درا دەستی ببڕنەوە بە هۆی دانانی کانیولا) بە راگەیاندنەکانی گوت، رۆژی 8ی ئەم مانگە سەنای كچم تووشی نەخۆشی سكچوون بوو، بۆ چارەسەریش بردمانە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ئاکرێ، پەرستارێك ویستی كانیولای بۆ دابنێ، بەڵام دوای حەوت جار سەرکەوتوو نەبوو. بەگوتەی باوکی، دوای دوو رۆژ دەستی سەنا بەشێوەیەکی مەترسیدار ئاوساوە و رەش بووە. دەشڵێت سکاڵا لەسەر پەرستارەکە تۆماردەکات.
دواتر ئەندامانی لیژنەی پزیشكی لە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی دهۆك چاودێری تەندروستیی سەنا حیسام دەكەن، بڕیاریان داوە دەستی سەنا ببڕدرێتەوە.
دەقی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی تەندروستی هەرێم:
راگەیەندراوێک لە وەزارەتی تەندروستی:
دوای ئەوەی لە نەخۆشخانەیەکی شارۆچکەی ئاکرێ لە رووداوێکی چاوەڕواننەکراو و نەخوازراودا، بەداخەوە، منداڵێک زیانێکی زۆری بەردەکەوێت لە کردەیەکی پزیشکی.
وەزیری تەندروستی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی دهۆکی راسپارد بۆ پێکهێنانی دوو لێژنەی لێکۆڵینەوەی زانستی و یاسایی بەئامادەبوونی داواکاری گشتی بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ئەو رووداوە و دەستنیشانکردنی هۆکارەکەی و سزادانی توندی ئەو کەسەی هۆکار بووە ئەگەر لێکۆلینەوە ئەوەی سەلماند.
راگەیاندنی وەزارەتی تەندروستی
2017-4-16
