نوچەنێت
سەرۆکی فەرمانگەی ھەماھەنگی و بەدواداچوون لە ئەنجوومەنی وەزیران رایدەگەیەنێت، سبەینێ ئەنجومەنی وەزیران کۆبێتەوە و چوار تەوەر گفتوگۆ دەکات.
د.نوری عوسمان، سەرۆکی فەرمانگەی ھەماھەنگی و بەدواداچوون لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی راگەیاند “بڕیارە سبەینێ، دووشەممە 17-4-2017، کاتژمێر 11:0 پێش نیوەڕۆ، ئەنجومەنی وەزیران کۆبێتەوە و لە کۆبوونەوەکەدا چوار تەوەر گفتوگۆ دەکرێت”.
سەرۆکی فەرمانگەی ھەماھەنگی و بەدواداچوون لە ئەنجومەنی وەزیران دەڵێت “لە کۆبوونەوەکەدا راپۆرتێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا دەربارەی رێکخستن و ھاوکاری بۆ زەماڵەی خوێندن تاوتوێ دەکرێت، هەروەها باسی رێنماییی تاپۆکردنی سنووری گوندەکان، کە کەوتوونەتە نێو ماستەرپلانی شارەوانییەکانەوە دەکرێت و، دەربارەی ڕاپۆرتێک لەسەر ژینگەش گفتوگۆ دەکرێت”.
ئەو بەرپرسە هەروەها راشیگەیاند “دواخاڵی کۆبوونەوەکە، گفتوگۆیە دەربارەی پێشنیارێک بۆ دامەزراندنی بەڕێوبەرایەتییەک بۆ بەرێوبەردنی قەرزەگشتییەکان لە لایەن وەزارەتی دارایییەوە”.