نوچەنێت
فەرهاد پیرباڵ چاوی بەو دوو چەکدارە کەوت، کە چەند رۆژێک پێش ئێستا هێرشیان کردە سەری و برینداریان کرد و پێیانی گوتووە بە مەرج لێیان خۆش دەبێت.
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 12-4-2017، لەبەردەم باڵەخانەی پارێزگای هەولێر لەلایەن دوو چەکدار هێرشکرایە سەر فەرهاد پیرباڵ و بریندارکرا. پاشان بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی رووداوەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاردانەوە و دەنگدانەوەی زۆری لێکەوتەوە.
دواتر رۆژی پێنجشەممەش 13-4-2017، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان نیگەرانی خۆی دەربڕی و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گشتی هەولێر هەردوو ئەنجامدەری هێرشەكە بەناوەكانی(ص.م.ح) و (ش. ر .ح) دەستگیرکرد”.
فەرهاد پیرباڵ، نووسەر و مامۆستای زانكۆی سەڵاحەدینە. لە ساڵی 1961 لەشاری هەولێر لەدایكبووە و قۆناغی زانكۆی لەشاری سلێمانی تەواو كردووە. لە زانكۆی سۆربۆنی پاریس دكتۆرای لەبواری “مێژووی ئەدەبی كوردی” بەدەستهێناوە و لە مانگی 10ی ساڵی1994 دا گەڕاوەتەوە هەرێمی كورستان. پیرباڵ لە ساڵی 1994بە مامۆستا لە زانكۆی سەڵاحەدین دامەرزاوە. خاوەنی زیاتر لە 43 كتێب و دەیان لێکۆڵینەوەیە، یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی شاری هەولێر و باشووری کوردستانیشە.
پیرباڵ لە لێدوانێکیدا بە (رووداو)ی راگەیاند “لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس چاوم بەو دوو گەنجە کەوت، کە هێرشیان کردە سەرم و لێیاندام، پێمگوتوون: من ئامادەم لێتان خۆشبم. بەڵام بە مەرج”.
پیرباڵ دەڵێت “بۆئەوەی ئەو دوو گەنجە ئازادبن، دەبێت هەریەکەیان 21 سوڕەتی قورئان لەبەربکەن، با خۆیشیان هەر 21 سوڕەتەکە هەڵبژێرن، بەڵام پێشئەوەی لە زیندان بێنەدەرەوە، دەبێت مامۆستایەکی ئایینی تاقیکردنەوەیان پێبکات، ئەگەر دەرچوون من لێیان خۆشدەبم، ئەگەر ئەو مەرجەشیان قبوڵ نەکرد، دوو مەرجی دیکەم هەیە و دواتر پێیان دەڵێم”.